سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات

ليست هناك تعليقات

فەرماندەی سوپای پاسداران لقی پارێزگای ورمێ هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، کە ئەگەر بیانەوێ هەر هەوڵێک دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن، "وەڵامێک دەدرێنەوە پەشیمان ببنەوە". فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسدارانیش داوا لە خەڵک و عەشیرەتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات دووربن لە بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، "چونکە هەموو کاتێک جێی ئامانجن".

حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی سوپای پاسداران لقی ورمێ رایگەیاند، "بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت خۆیان لەو دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی بەدوور رابگرن". دەشڵێت "ئەمن و ئاسایش لە نانی شەومان گرنگترە و ئەگەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بیانەوێ لەگەڵ ئەمن و ئاسایش یاریی بکەن، تەنانەت لەودیوی سنوورەکانیشەوە هەڵسوکەوتی لێبڕاوانەیان لەگەڵ دەکرێ، بەجۆرێک کە لە کردەوەی خۆیان پەشیمان ببنەوە".

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، 23ی حوزەیرانی 2020 گوتی: "خەڵک و عەشیرەکانی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە خۆیان دووربخەنەوە، چونکە هەموو بنکە و ناوەندێکی ئەوان ئامانجی هێرشەکانی ئێمەیە".

کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستان - حدکا پێشتر بە رووداوی راگەیاندوە "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی باشووری کوردستان ئێمە هەرگیز لە ناوچە سنوورییەکاندا چالاکیمان نەکردووە و هێزی پێشمەرگەی ئێمە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باشوور ناگەڕێتەوە".

کاوە بەهرامی دەڵێ: بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی درێژە بە هێرشەکانی بدات، کاردانەوەیان دەبێت و هێرشی یەکلایەنەی ئێران قبووڵ ناکەن.

ئێران ئەمساڵ چەندینجار بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکان تۆپباران کردووە، بەڵام زیاتر زیانی بۆ خەڵکی جووتیار و مەڕداری ناوچە سنوورییەکان هەبووە.

لە ساڵی 2016ـەوە بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و بارەگاکانیان بردووەتەوە ناوچە سنوورییەکان. ئێستا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و شنۆ بنکە و بارەگایان هەیە. 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif