بڕیاری دادگا لە بارەی دۆسیە هەستیارەكەی لوبنان دواخرا

ليست هناك تعليقات


پاش زیاتر لە 15 ساڵ لە تیرۆرکردنی لە ناوەڕاستی بەیرووتدا، بڕیار بوو سبەی هەینی، چاوەڕوانی هەمووان بۆ دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی تیرۆرکەرانی رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنانەوە کۆتایی پێبێت، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووت دادگاییەکە بۆ 18ی ئەم مانگە دواخرا. 
کوشتنی حەریری بووە سەرەتای گۆڕانکاریی گەورە لە لوبنان و دۆسێیەکی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە ناو رووداوەکەوە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2005، رەفیق حەریری کەسایەتیی سیاسیی لوبنانی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئەو وڵاتە، لە تەقینەوەیەکی بەهێزدا کە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئەوی لە ناوەڕاستی بەیرووتدا کردبووە ئامانج، لە نزیک هوتێل سان جۆرج لە سەنتەری بەیرووت، لەگەڵ 21 کەسی دیکە کوژران و 226 کەسیش بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون.

بوومەلەرزەی سیاسی

رووداوی تیرۆرکردنەکە بە "بوومەلەرزەیەکی سیاسیی گەورە" لەو وڵاتەدا ناونرا. لوبنانییەکان لە تۆمەتبارکردنی لایەنی تیرۆرکەر و کەسانی سوودمەند لە کوشتنی حەریریدا، لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون. رووداوەکە بووە هۆی پاشەکشەی هێزەکانی سوپای سووریا لە لوبنان پاش 29 ساڵ مانەوە لەو وڵاتەدا. حکومەتی سووریا پاش تیرۆرکردنی حەریری بە سێ مانگ، پاشەکشەی سەرجەم هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە راگەیاند.

پاشەکشەی سوپای سووریا لەو وڵاتە، کە لە پاش جەنگی ناوخۆیی لوبنان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دروستبووبوو، سووریای ناچار بە پاشەکشەیەکی ناچاریکرد، کە بەنیازنەبوو وا زوو خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت. هێزەکانی سووریا کە دەستیان لە هەموو پێگە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەدا هەبوو، لە ژێر گوشاری ناوخۆیی لوبنانی و نێودەوڵەتیدا ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت.

بەر لە تیرۆرکردنی حەریری

بەر لە رووداوی تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، لوبنان زنجیرەیەک رووداوی تیرۆر و کوشتنی یەک بەدوای یەکی بەخۆوە بینی، زۆرینەی تیرۆرەکان ئەو کەسایەتییانەی دەگرتەوە کە ماوەیەکی بەرچاوبوو داوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریایان لە لوبنان دەکرد.

بەر لە چەند مانگێک لە تیرۆرکردنی حەریری، جۆرج حاوی کە بەدژایەتیکردنی هەبوونی سووریا لە لوبناندا ناسرابوو، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، دوای کوشتنی حەریریش 15 کاری دیکەی تیرۆرکردن روویاندا و هەندێکیان خرانە ناو دۆسێی کوشتنی حەریرییەوە. ئەو رووداوانە هەموو دراماتیکییانە روویاندا و سەریان کێشا بۆ ماوەیەک لە دڵەراوکێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی لوبناندا، کە هەموو کات ترس لە سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی تێیدا، لە ئاستێکی باڵادایە.

دادگای تایبەت

لە 30ی مایۆی 2007دا، بەبڕیاری ژمارە 1757ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دادگایەکی تایبەتی لوبنانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی حەریری پێکهێنرا.

سەرەتاکانی لێکۆڵینەوە، زۆرینەی دەستەکانی تۆمەتبارکردن بۆ چەند لایەنێکی دیاریکراو بوون، لە نێویاندا دەزگای هەواڵگریی سووریا و لوبنان. چوار گەورە ئەفسەری لوبنان لە ئابی 2005دا بە کوشتنی حەریری تۆمەتبارکران، بەڵام دواتر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان گۆڕان و دادگاکە پەنجەی تۆمەتی بۆ چوار ئەندامی حیزبوڵڵا درێژکرد و تاوانباری کردن بە پلاندانان و جێبەجێکردنی کوشتنەکە.

لە 2ی تەمووزی 2011دا، حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتەکانی دادگاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە تۆمەتبارەکان رادەست ناکات کە بە غیابی دەستیکردووە بە دادگاییکردنیان، حیزبوڵڵا پەنجەی تۆمەتی لە تیرۆرەکەدا بۆ ئیسرائیل درێژکرد و دادگاکەشی تاوانبارکرد بە ملکەچبوون بە ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل.

هەرچەندە بڕیاربوو دادگاکە بڕیاری خۆی لەبارەی سزادانی تاوانبارەکانەوە لە 15ی ئایاری ئەمساڵدا رابگەیەنێت، بەڵام پەتای کۆرۆنا بووە هۆی دواخستنی بڕیاری دادگاکە بۆ مانگی ئاب. بەڵام بەهۆی تەقینەوەکانی بەیرووت، کە زیاتر لە 4 هەزار قوربانییان لە نێوان کوژراو و برینداردا خستەوە، جارێکی دیکە بڕیاری راگەیاندنی حوکمی دادگاکەی دواخست بۆ 18ی ئەم مانگە.

دادگاکە چۆن دروستکرا؟

لەسەر داوای فوئاد سەنیورە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، کە نووسراوێکی ئاراستەی ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 30ی ئایاری 2007دا، بڕیارێکیان دەرکرد بە دامەزراندنی دادگای راوەدوونانی بەرپرسانی کوشتنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان.

بڕیاری ژمارە 1757 بە دەنگی 10 ئەرێ و دەنگنەدانی 5 ئەندام، لە نێویاندا چین و رووسیا، پەسندکرا.

دادگاکە رۆژی 1ی مارسی 2009 لە لایدسندام لە نزیک لاهای هۆڵەندا، دەرگاکانی خۆی کردەوە و نووسینگەیەکیشی لە بەیرووت کردەوە، پسپۆرانی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان چوونە لقی دادگاکە لە لوبنان و دۆسێی لێکۆڵینەوەی رووداوەکە، رادەستی ئەوان کرا.

دادگاکە لە دادوەرانی لوبنانی و نێودەوڵەتی پێکهێنرا و دادگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، هەروەها بەشێکیش نییە لە سیستمی دادوەریی لوبنان، بەڵام بەپێی یاساکانی لوبنان سزای تۆمەتبارەکان دەدات.

چەند کەس تاوانبارن؟

داواکارانی دۆسێیەکە دەڵێن، چوار کەس کە ناوەکانیان ئاشکراکراوە، تۆمەتباری سەرەکین لەو دەستدرێژیکردنەی رۆژی 14ی شوباتی 2005 روویدا و بووە هۆی کوشتنی رەفیق حەریری و 21 کەسی دیکە. بڕیاری تۆمەتبارکردنە ئاراستەی هەریەکە لە مستەفا ئەمین بەدر وەک پلانداڕێژەری سەرەکی تەقینەوەکە کرا. دادگاکە دواتر تۆمەتبارکردنی بەدری هەڵوەشاندەوە، پاشئەوەی بەڵگەنامەی یەکلاکەرەوەی بەدەستگەیشت کە ناوبراو ساڵی 2016 لە سووریا کوژراوە، لە کاتێکدا وەک سەرکردەیەکی حیزبوڵڵا لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، لەپاڵ هێزەکانی حکومەتی سووریادا، دژی ئۆپۆزیسیۆن شەڕی کردووە. حیزبوڵڵا ئەوکات رایگەیاند فەرماندە سەربازییە مەیدانییەکەی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق کوژراوە.

دادگاکە هەروەها هەریەکە لە سەلیم عەیاش، حەسەن حەبیب مەرعی، حوسێن حەسەن عنێسی و ئەسەد حەسەن سەبرای تۆمەتبارکرد، بە بەشداریکردن لە پلانی تیرۆرکردنە.

تاوانبارەکان کێن؟

ئەو چوار کەسەی بەپلانی تەقینەوەکە تۆمەتبارکراون، هەموویان لوبنانین و ئەندامی حیزبوڵڵان، هەر ئەوەش وایکردووە ئەو حیزبە دان بەدادگاکە و بڕیارەکانیدا نەنێت و تۆمەتبارەکان رادەستی دادگاکە نەکات. لە کاتێکدا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو چوار کەسەوە نازانرێت و لە کاتی رووداوەکەوە تائێستا هیچ سۆراخێکیان نییە.

سەلیم جەمیل عەیاش

10ی تشرینی دووەمی 1963 لە حارووفی باشووری لوبنان لەدایکبووە، لە باشووری بەیرووت نیشتەجێبووە. جیا لە تۆمەتی بەکۆمەڵ ئاراستەکراو بۆ هەموو تۆمەتبارەکان "ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بە بەکارهێنانی کەرەستەی تەقینەوە"، ئەو تۆمەتباریشە بە کوشتنی رەفیق حەریری و 21 کەسی دیکە بەئەنقەست لە رێگەی بەکارهێنانی تەقینەوە، هەروەها تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی 226 کەسی دراوەتە پاڵ لە هەمان رووداودا، لە رێگەی بەکارهێنانی کەرەستەی تەقینەوەوە.

عەیاش کە بەرپرسی سەربازیی بووە لە حیزبوڵڵا، بەجێبەجێکاری سەرەکی تەقینەوەکە دادەنرێت. عەیاش دواتر تۆمەتی دوو کاری دیکەی تیرۆریستی لە لوبنان لە نێوان ساڵانی 2004 و 2005 خرایە پاڵ.

حەسەن حەبیب مەرعی

لە 12ی کانوونی یەکەمی 1965 لەدایکبووە لە بەیرووت، لوبنانییە و لە بورج بەراجینە نیشتەجێبووە لە باشووری بەیرووت. ئەو تۆمەتبارە بەوەی رۆڵی هەبووە لە شاردنەوەی راستییەکان، پاش ئەوەی ئەحمەد ئەبو عەدسی رازیکردووە بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆرکردنەکە لە ئەستۆ بگرێت.

جیا لەو تۆمەتە، حەسەن تۆمەتبارکراوە بە بەشداریکردن لە پیلانگێڕی بۆ کاری تیرۆریستی، تۆمەتی دووەمی بریتییە لە "دەستخستنە ناو تاوانێکەوە بۆ کاری تیرۆریستی لە رێگەی کەرەستەی تەقینەوە"وە. تاوانی سێیەمی بریتییە لە دەستهەبوون لە کوشتنی حەریریدا لە رێگەی کەرەستەی تەقینەوە، هەرچی تۆمەتی چوارەمە بریتییە لە دەستهەبوون لە کوشتنی 21 کەسی دیکەدا بەهەمان شێواز. جیا لەوەش تۆمەتی بەکارهێنانی تەقەمەنی بۆ کوشتنی 226 کەسی دیکە.

حوسێن حەسەن عنێسی

لە 11ی شوباتی 1974 لە بەیرووت لەدایکبووە، نیشتەجێی ناوچەی حەدەس بووە لە باشووری لوبنان. ئەویش جیا لە تۆمەتی گشتی ئاراستەکراوی هەموو تاوانبارەکان، چوار تۆمەتی دیکەی رووبەڕووکراوەتەوە، لەوانەش "دەستخستنە ناو تاوانێکەوە بۆ کاری تیرۆریستی لە رێگەی کەرەستەی تەقینەوە"وە. تاوانی سێیەمی بریتییە لە دەستهەبوون لە کوشتنی حەریریدا لە رێگەی کەرەستەی تەقینەوە، هەرچی تۆمەتی چوارەمە بریتییە لە دەستهەبوون لە کوشتنی 21 کەسی دیکەدا بەهەمان شێواز. جیا لەوەش تۆمەتی بەکارهێنانی تەقەمەنی بۆ کوشتنی 226 کەسی دیکە.

ئەسەد حەسەن سەبرا

سەبرا لە تشرینی دووەمی 1976 لە بەیرووت لەدایکبووە، لە ناوچەی حەدەسی باشووری لوبنان نیشتەجێبووە. هەمان تۆمەتەکانی تاوانبارەکانی دیکەی رووبەڕووکراوەتەوە.

عنێسی و سەبرا، هەردووکیان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە کەناڵی جەزیرەی قەتەری، ئەوکات ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە. کوشتنی حەریرییان خستە ئەستۆی خۆیان و گوتیان ئەو کارەیان بۆ: "کۆمەڵەی سەرخستن و جیهادی شام" کردووە. دادگای لێکۆڵینەوە، وایدانا ئەو دانیپێدانانە دروستکراوە و مەبەست لێی بەلاڕێدابردنی دۆسێی لێکۆڵینەوەکان و دوورخستنەوەی تۆمەتەکان لە حیزبوڵڵا ناوبرد.

بۆچی بێدەستگیرکردنیان، دادگاییدەکرێن؟

دەزگای داواکاری سەر بە دادگای نێودەوڵەتی، تایبەت بە لوبنان لە کانوونی دووەمی 2011دا، دوا بڕیاری خۆی لەبارەی تۆمەتبارەکانەوە راگەیاند، دواتر گۆڕانکاری تێدا کرد و تۆمەتباری نوێ هاتنە ناو دۆسێیەکەوە، دواتر هەر چوار تۆمەتباری سەرەکی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

دادگاکە لە ئابی 2013دا داواکاریی نهێنی بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان نارد، بۆ دەستگیرکردنی هەر چوار تۆمەتبارەکە، تا دەسەڵاتی جێبەجێکاری لوبنان سۆراخیان بکات و دەستگیریان بکات و بیانباتە بەردەم دادگا، بەڵام داواکاری گشتی دادگای تێهەڵچوونەوەی لوبنان، ئاگاداری دایڤید باراگۆنیتی سەرۆکی دادگا نێودەوڵەتییەکەی ئاگادار کردەوە کە تۆمەتبارەکان بێسۆراخن.

لە 14ی یەنایەری 2014دا، دادگاکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەر چوار تۆمەتبارەکە دەرکرد، کە هەموویان ئەندامی حیزبوڵڵان.

حەسەن نەسڕوڵا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، بەر لە دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردنەکان و لە 2ی تەمووزی 2011دا، رادەستکردنی تۆمەتبارەکانی رەتکردەوە و گوتی "کەس ناتوانێ ئەو تۆمەتبارانە نەک لە ماوەی 30 رۆژ، بەڵکو 60 رۆژ و ساڵێک و دووان و سییان و تەنانەت سێسەد ساڵیشدا دەستگیر بکات". نەسروڵا ئەوکات گوتی دادگاکە سیاسییە و کارەکانی بە "یاریکردن بە ئاگر" ناوبرد.

تەقینەوەکانی پێش و پاش تیرۆرکردنی حەریری

بەر لە تیرۆرکردنی حەریری و پاش تیرۆرکردنی، چەندین رووداوی دیکەی تیرۆر و هەوڵی تیرۆر لە لوبناندا روویاندا. ئەوانە زنجیرەیەک تەقینەوەبوون کە ئامانجیان کەسایەتییە سیاسییەکان و رۆژنامەڤان و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی لوبنانی بوون. هەندێک لەو رووداوانە خرانە ناو دۆسێیەکانی کوشتنی حەریرییەوە. پوختەی رووداوەکان بەمشێوەیە بوون:

- تشرینی یەکەمی 2004، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە 40 کیلۆگرام لە مادەی تەقینەوە، مەروان حەمادەی وەزیری پێشووی کردە ئامانج، حەمادە رزگاریبوو و یاوەرەکەی کوژرا.

- لە 14ی شوباتی 2005، بارهەڵگرێک بەبڕی 1800 کیلۆگرام تەقییەوە، رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشوو و 21 کەسی دیکەی کوشت، رووداوەکە هەروەها 226 برینداری لێکەوتەوە.

- لە 2ی حوزەیرانی 2005، بۆمبێک لە نێو ئۆتۆمبێلی رۆژنامەڤان سەمیر قەسیردا تەقییەوە و کوشتی.

- لە 21ی حوزەیرانی 2005 بۆمبێک لە ناو ئۆتۆمبێلی جۆرج حاوی، ئەمینداری پێشووی حیزبی شیوعی لوبنانیدا تەقییەوە. حاوی کوژرا و شۆفێرەکەی بریندار بوو.

- لە 12ی تەمووزی 2005دا، ئۆتۆمبێلێکی بەبۆمبچێنراو کە 100 کیلۆگرام تی ئێن تی لێبارکرابوو، بووە هۆی کوشتنی ئیلیاس موری، وەزیری بەرگری و دوو کەسی دیکە، 12 کەسی دیکەش برینداربوون.

- لە 25ی ئەیلوولی 2005دا، بۆمبێک لە نێو ئۆتۆمبێلی مەی شدیاقی رۆژنامەڤاندا تەقییەوە، مەی بەسەختی بریندار بوو.

- 12ی کانوونی یەکەمی 2005 ئۆتۆمبێلێکی بە 50 کیلۆگرام تەقەمەنی بارکراو، جوبران توینی رۆژنامەڤانی کردە ئامانج. توینی و شۆفێرەکەی و رێبوارێک کە لە شوێنی رووداوەکەوە نزیکبوو، گیانیانلەدەستدا.

- لە 5ی ئەیلوولی 2006دا، بۆمبێکی چێنراو لە قەراخی رێگایەک، سەمیر شەحادەی جێگری سەرۆکی لقی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی لوبنانی کردە ئامانج، شەحادە رزگاریبوو، 4 پاسەوان و رێبوارێک گیانیانلەدەستدا.

- لە 21ی تشرینی دووەمی 2006دا، تەقە لە بیار جمەیلی وەزیر کرا و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.

- لە 13ی حوزەیرانی 2007دا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە 75 کیلۆگرام تەقەمەنی، وەلید عیدۆی ئەندام پەرلەمان و کوڕەکەی و 8 رێبواری کوشت.

- لە 19ی ئەیلوولی 2007دا، ئۆتۆمبێلێکی بارکراو بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنی، بووە هۆی کوشتنی ئەنتوان غانم و چوار کەسی دیکە.

- لە 12ی کانوونی یەکەمی 2007دا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنی، بووە هۆی کوشتنی عەمید فرانسوا ئەلحاج و سێ کەسی دیکە.

- لە 25ی کانوونی دووەمی 2008دا، ئۆتۆمبێلێکی بارکراو بە 50 کیلۆگرام تەقەمەنی، بووە هۆی کوشتنی عەمید ویسام عید، لێکۆڵەری دۆسێیکانی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی ناوخۆی لوبنان لەگەڵ پاسەوانێکی و چوار کەسی سڤیلدا.

- لە 19ی تشرینی یەکەمی 2012دا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو، بە 30 کیلۆ تەقەمەنی، بووە هۆی کوشتنی لیوا ویسام ئەلحەسەن، سەرۆکی لقی زانیارییەکانی ئاسایشی لوبنان و 8 کەسی دیکە و 128 کەسیش لە رووداوەکەدا برینداربوون.

- لە 27ی کانوونی یەکەمی 2013دا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە 50 کیلۆ تەقەمەنی، محەممەد شەتح، وەزیری پێشووی کردە ئامانج. شەتح و پێنج کەسی دیکە گیانیانلەدەستدا و 70 کەسی دیکەش برینداربوون.


تێچوویەکی زۆر و چارەنووسێکی نادیار

دادگا نێودەوڵەتییەکە و ئەو بڕیارانەی دەریدەکات و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی حەریری، چەندین پرسیاری گەورەیان لە چواردەوری خۆیان دروستکردووە.

دوای نزیکەی 15 ساڵ لە رووداوەکە و 13 ساڵ لە تەمەنی دادگاکە، 600 ملیۆن دۆلار لە لێکۆڵینەوەکاندا خەرجکراون کە بەشێکی حکومەتی لوبنان پارەکەی داوە، بەڵام سەرئەنجام دادگاییکردنی چوار کەسە کە هێشتا ئازادن و حیزبوڵڵاش ئامادە نییە رادەستیان بکات.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگاکە بە پلەی یەکەم، پشتی بە تۆماری تەلەفۆنیی نێوان تۆمەتبارەکان بەستووە، بەڵام حیزبوڵڵا کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر باڵادەستە بەسەر دەوڵەتی لوبنانیدا، دادگاکە بە "سیاسیکراو" ناودەبات و باسێک نییە بۆ رادەستکردنی تۆمەتبارەکان.

سەعد حەریری کە باوکی لە تەقینەوەکەدا کرایە ئامانج، رۆژی دەرچوونی بڕیاری دادگاکە بە "رۆژی راستی و دادپەوەری لەپێناو لوبنان" ناوبردووە، لە دادگاکەدا ئامادە دەبێت، بەڵام دۆخی ئابووریی شێواوی وڵات و دابەشبوونی پێکهاتەکان و ناکۆکییە قووڵەکانی نێوانیان و ئەو کارەساتەش کە ئەم هەفتەیە بەسەر لوبناندا هات، وایکردووە خەمی سەرەکی دانیشتوانی لوبنان، گەیشتن بێت بە دادپەروەرییەک قو٢تی رۆژانەیان بۆ دابین بکات، نەک دادپەروەییەک بڕیار لە رووداوێک بدات کە 15 ساڵ لەمەوپێش روویداوە.

بڕیاری دادگا و ترس لە بوومەلەرزەیەکی دیکە

لەسەرەتای دروستکردنی دادگا نێودەوڵەتییەکەوە، ئەو بڕیارە بووە هۆی دابەشکردنی لوبنانییەکان بەسەر دووبەرەی جیاوازدا، هەندێک لە نێویاندا سەعد حەریری و لایەنگرەکانی لەگەڵیدا بوون و هەندێکی دیکەش وەک حیزبوڵڵا گومانیان لە ئامانجەکانی هەبوو.

هەرچەندە لە ساڵانی پاش کوژرانی حەریری باوکدا، سەعدی کوڕی چەندین کاری هاوبەشی لەگەڵ حیزبوڵڵادا کردووە، بەڵام ئەوەی وەک سەرچاوەی دڵەڕاوکێ دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە بڕیاری دادگاکە ببێتە هۆکار بۆ سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پابەندییە ئیتنی و ئاینییەکان لە نێو وڵاتێکدا، کە خۆی ئێستا لە هەموو کات زیاتر دابەشبووە.

لوبنان ئێستا لە دۆخێکی ناسەقامگیری بەردەم داڕووخانی یەکجاریدایە. ئابووریی وڵاتەکە داڕووخاوە و برسیەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، شەقام داوای گۆڕانکاری ریشەیی لە دەسەڵات و رۆیشتنی سیاسییەکانی ئێستا دەکات، لە کاتێکدا حکومەتی پشتگیریکراوی ئەو وڵاتە لەلایەن حیزبوڵڵا و لایەنگرەکانییەوە، سوورن لەسەر مانەوە و دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە.

بڕیاری دادگاکە پێشبینیدەکرێت جارێکی دیکە زۆر دۆسێی تۆز لێنیشتووی ساڵانی پێشوو، بخاتەوە بەردەم وروژاندن، لەوانەش کوشتنە جیاوازەکان و تیرۆر و داڕووخانی ئابووری و ئەو دۆسێیانەی تائێستا وەک بۆمبێک لەو وڵاتەدا تەماشا دەکرێن و هەموو کات ئامادەن بۆ تەقینەوە، بەتایبەت ناکۆکییە مەزهەبی و ئاینییەکانی ئەو وڵاتە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif