نەمانی متمانە لە نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات

ليست هناك تعليقات


سەرهەد شێخە
-
یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی ھەر دەسەڵاتێک و فەرمانڕەوایەک لە ھەر کۆمەڵگایەکدا بوونی متمانەی ھاوڵاتیە بە دەسەڵات بە کەمبوونەوە یان نەمانی متمانە گومان دەکەوێتە سەر شەرعیەتی ڕەوایەتی دەسەڵات چونکە دەسەڵات متمانەی لە ھاوڵاتیەوە وەرگرتووە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە. 

بۆیە پێویستە دەسەڵات ھەموو ھەوڵێک بدا تاکو متمانەی ھاوڵاتی بپارێزێت و لە دەستی نەدا بەڵکو کار بۆ بەھێزکردن و پتەوکردنی بدات تاوەکو ئەم متمانەیە ببێتە ھێزێکی لەبن نەھاتوو وەک قەڵغانێک دەسەڵات بپارێزێت و پشتیوانی بێت لە کارەکانیدا.

لە ھەرێمی کوردستان پەیوەندی نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات درزی تێکەوتووە و متمانەی ھاوڵاتی بە دەسەڵات زۆر لاوازبووە بەشێوەیەک ھەرچی دەسەڵات دەڵێت ھاوڵاتی باوەڕناکات و پێچەوانەکەی بە ڕاست دەزانێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو درزەی لە پەیوەندی نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات دروست بووە گەورە و فراوان دەبێت ئەمەش لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک ھۆکارەوە دروست بووە کە بەدرێژایی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە دەسەڵات لەھەرێمی کوردستان نەیتوانیووە ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرۆکی تاک بەتاکی ھاوڵاتی گرتووە چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بدۆزیتەوە یان نەیویستووە چارەسەریان بکات، ھۆکارەکان زۆرن بەڵام ئێمە لەم نوسینەدا گرنگتریان دەخەینەڕوو:

یەکەم/سەروەرنەبوونی یاسا: یاسا لەھەرێمدا سەروەر نییە کۆمەڵێک خەڵکی دەست ڕۆیشتوو لە دەرەوەی یاسا چییان مەبەست بێت دەیکەن وەک ھێنانی دەرمان و خۆراکی کوالێتی نزم داگیرکردنی موڵکی گشتی قۆرخکردنی بازاڕ و ھتد... 

دووەم/نەبوونی دادپەروەری: ھەر کاتێک ھاوڵاتی ھەستی بە دادگەری نەکرد لە کۆمەڵگادا متمانەی بە دەسەڵات نامێنێت لە ھەرێمدا، نادادی زۆر ھەیە بەشێوەیەک بۆتە ھۆی دروستبوونی دوو جۆر چینی کۆمەڵایەتی چینێک کە لەوپەڕی رەفاھیەتدا دەژی ھیچ گرفتێکی ژیانی نییە و شاھانە ژیان دەکات ئەمانە کەمینەن لە کۆمەڵگادا لەبەرامبەردا چینەکەی تر کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەھێنن زۆر بە زەحمەت دەتوانێت پێداویستیە سەرەتایەکانی دابین بکات رووبەڕووی چەندین گرفت بۆتەوە ئەم جیاوازی چینایەتیە وایکردووە زۆرینەی ھاوڵاتی متمانەی بەدەسەڵات نەمێنێت بە بەشێک لە خۆی نەزانێت. 

سێیەم/ یەکێکی تر لە ھۆکارەکان ئەو بەڵێنانەن کە ھێزە سیاسیەکان بە خەڵکی دەدەن لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا کە بەشێکی موبالەغەی زۆری تێدایە کە بەشێکی جێ بەجێ ناکەن کە لە کێکی دەسەڵاتیان خوارد ھاوڵاتیان بیرنامێنێت ئەمەش جۆرێک لە بێ ھیوای لای ھاوڵاتی دروست کردووە کە متمانەی بە دەسەڵات نەمێنێت ھەر بۆیە لە کۆتا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٨ کەمترین خەڵک بەشداری دەنگدانی کرد کە بۆ یەکەم جارە بەم ئاستە بایکۆتی ھەڵبژاردن بکات.

کۆتا ھۆکار /نەبوونی شەفافیەتە وای کردووە ئەوەندەی تر ھاوڵاتی متمانەی بە دەسەڵات نەمێنێت بەشێوەیەکە کە ھەرچی دەسەڵات بڵێت خەڵک باوەڕ ناکات بەپێچەوانەوە وەریدەگرێت دیارە ئەمەش بەھۆی ئەو مێژووە تاڵەی ھاوڵاتی ھەیەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ھەرێم کە زانیاری ناڕاستی بڵاوکردۆتەوە بەدرێژایی تەمەنی حکومڕانی خۆی، بۆ نمونە لەڕووی داراییەوە نە پەرلەمان و دامودەزگای پەیوەندیدار نازانێت داھاتی ھەرێم چەندە چۆن و بە چ شێوەیەک دابەش دەکرێت، لەکاتێکدا بە ھەموو تەمەنی دەسەڵات تەمەنی زیاتر لە ٢٩ ساڵە تەنھا لە چەند ساڵێکی دیاری کرا و بودجە چۆتە پەرلەمان و یاسای بودجە ھەبووە. 

لە کۆتایدا وەک چارەسەرێک پێویستە چاکسازی راستەقینە بکرێت لە ھەموو بوارەکاندا بەشێوەیەک ھاوڵاتی ھەست بە لایەنی کەمی ژیانێکی سەربەرزانە بکات و دادگەری بێتەدی کە بەدڵنیایەوە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا چاکسازی پێناکرێت بۆیە پێویستە بیر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێتەوە وەک دوا چارەسەر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بکەین دەبێت زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بێتە ئاراوە کە خەڵک ئازادانە بەبێ ھیچ جۆرێک لە سانسۆر دەنگ بدات ھەڵبژاردنێک بێت تەواو دیموکراسی بێت بەبێ ئەنجامدانی تەزویر و سەختەکاری گۆڕینی ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی لایەنێک بۆ دژایەتی لایەنێکی تر وەک لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو بینیوومانە و بیستوومانە کە چۆن سەختەکاری کراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif