گرفتاربوونی سۆزداریانەی ستەملێکراو بۆ ستەمکار

ليست هناك تعليقات


دكتۆرە ئاڤێستا كەمال
-
تاڵی ئاوریشمی(٨)

گرفتاربوونی سۆزداریانەی ستەملێکراو بۆ ستەمکار (لە پەراوێزی مەرگی سێوان و منداڵەکانیدا)

ئەو پەیوەندییەی ئاشکرایە بۆ هەموان ئەوەیە ، کە دەبێت ستەملێکراو هەمیشە لە پەیوەندییەکی دژدابێت لەگەڵ ستەمکار واتا دەبێت ڕقلێبوونەوە یان بەرپەچدانەوەیەک هەبێت لە ستەملێکراوەوە بو ستەمکار ، بەڵام هەموکات ئەم تێڕوانینە بەو شێوەیە نییە یان ڕاستتر بڵێن مەرج نییە هەمیشە ستەملێکراو ڕقی لە ستەمکار ببێتەوە ،بەڵکو هەندێکجار ستەملێکراو لە ڕووی سۆز و بەزەی پێداهاتنەوەوە تەنانەت پاساوبۆهێنانەوە گینگڵدەبێت لەگەڵ ستەمکارەکەیدا و بارێکی دەروونی جیاواز لە پێشبینیکراوی تووشدێت بەم بارەش دەگوترێت کۆنیشانەکانی ستۆکهۆڵم (Stockholm syndrome ) بە پێی ئەم بارە دەروونییەش کەسێک کە ستەمی دەربارە دەکرێت هاوسۆز دەبێت لەگەڵ ستەملێکارەکەیدا ( نامەوێت لێرەدا زۆر لەسەر لایەنە تیۆرییەکەی بدوێم ) ، ئەوەی گرنگە ئەم بارە کۆنیشانەییە دەتوانین پەیوەندی کۆمەڵ و دەسەڵاتدارانی لە لایەک پێبخوێنینەوە لە لایەکی تریش ئەو نەهامەتیانەی ، کەبەسەر ئافرەتدا دێت ڕۆژانە لەم کۆمەڵگایەدا پێیهەڵبسەنگێنین .

سەرەتا بە ڕوانین لە بارودۆخی ئافرەت لەم کۆمەڵگەیەدا دەستپێدەکەین،کە زۆرینەی ئافرەتان ( ناڵێین هەمووی چونکە هەموو پیاوان ستەمکار نین و ئەو ئایدیایەش شکستخواردوە ، کە پێی وابێت هەموو ژن فریشتەن و هەموو پیاوانیش شەیتانن ) گیرۆدەی دەست ئەو پیاوانەن ، کە لە ژیانیاندان ئیتر ئەگەر خۆشبەختبێت باوک ، برا یان مێرد دەستیان لە بینیدا دەبێت خۆ ئەگەر بەدبەختییەکەی زیاتریش بێت مام ، خاڵ و زاکان دەبنە مۆتەکەی ژیانی ئافرەتیش بۆ بەرگریکردن و هەڵکردن لەگەڵ ژیان ناچارن خۆیان بگونجێنن یەکێکیش لە میکانیزمەکانی خۆ گونجاندن بریتییە لە درووستکردنی هاوسۆزی لەگەڵ ئەوانەی ستەمی لێدەکەن بۆ ئەمەش هەمیشە لە کاتێک ستەمێکی لێدەکرێت هەوڵدەدات خۆی وەک تاوانبار ببینێت و ستەملێکارەکەشی وەک پێوانەی هەق واتە ، گەر ئەم هەڵەی کردبێت یان نا، هەق بە ستەمکارەکەی دەبێت و ئەم شایانی ئەوەیە ، کە پێیدەکرێت هەندێکجار ئەم خۆگونجاندنە زۆر لەسەر دەروونی ئافرەت دەکەوێت و لە هاوکێشەکەدا ئەم هیچ ژمارەیەک نابێت و زیاتر لەوەش ئەو فشارەی کۆی کۆمەڵ بۆی دێنن وەک فشارێکی دەرەکی باری دەروونی تێکدەدات و دەچێتە دۆخێکەوە ،کە مردن ئەو ئامانجەیە دەبێت پێی بگات لە نێوان مەرگی کۆمەڵایەتی و مەرگی جەستەدا مەرگی جەستە هەڵدەبژێرێت هەربۆیە ئافرەتی کورد زۆر بە ئاسانی دەستیی دەچێتە سووتاندنی خۆی ،کە بە ئازارترین مەرگە لەبەرئەوەی سووتانی ناوەوە و دەروونی بە ئازارترە لە سووتانی جەستەی ، ئافرەت هەمیشە پاساو بۆ ستەمکارەکانی دێنێتەوە و لێیان دەبوورێت ئەمەش وایلێدەکات لاوازدەربکەوێت و ستەمکارەکانی زیاتر پێیپێدابنێن (سێوان) نموونەیەکی باشی ئەم حاڵەتەیە ، کە ئافرەتێک نمایشدەکات هاوسۆزە لەگەڵ ستەمکارەکەی بەجێی ناهێڵێت ، هەل و چانسی بەردەوامی دەداتێ بۆ چاکبوون، بەڵام لە کۆتایدا بە مەرگی خۆی و منداڵەکانی کۆتای دێت .

لەسەر ئاستی کۆمەڵیش بە هەمانشێوەیە کاتێک ستەمکار پێ بە هەموو موقەدەس و کەرامەتێکی میللەتدا دەنێت و کەس نابینێت بۆی بوەستێتەوە، بەڵکو لەوەش زیاتر میللەت ملکەچ دەبێت و بڕوبیانووی بۆ دێنێتەوە تەنانەت خۆپەرستی و پێپێدانانەکانیشی وەک چاکە سەیردەکات و پێی وایە هەموو شتێکی ستەمکار حیکمەتێکی لەدوایە بەمەش ستەمکار زیاتر پێداگری لەسەر ستەمەکانی دەکات و پێی وایە ستەملێکراو خاوەنی بیرکردنەوە نییە و تەنها لەو زمانە تێدەگات ، کە زبرە و بەڵکو پێویستە لەوەش زیاتر بکات و هەموو بوونی بخاتە ژێر پرسیارەوە


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif