ئێران بەردەوامە لە گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری سیروان و زێی بچووك، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت، گەر ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكرێت گرفت بۆ سەرچاوەكانی ئاو دروستدەبێت.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، "لە 14ی ئابەوە بۆ ماوەی یەك هەفتە ئێران 75%ی سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانی كەمكردەوە، دواتر سێ بۆ چوار ڕۆژ بەردانەوەی ئاوی كردەوە بە 50%، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە بە تەواوی ئاوی كەمكردووەتەوە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەبارەی مەترسییەكانی بەردەوامبوونی ئێران لەسەر گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەكان ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە داهاتی ئاومان لە سەرچاوەكانی ئاوەوە كەمدەبێتەوە، ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر كۆگای ئاو و خەزانی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و ئەوكات ئێمە توانای بەردانەوەی ئاومان بۆ ناوچەكانی خوار دەربەندیخان كەمدەبێتەوە".
ڕەنگە بۆ ئەمساڵ بەنداوی دەربەندیخان كێشەی نەیەتە پێش، وەك ڕەحمان خانی ئاماژەی پێكرد، بەڵام هۆشداریشیدا لە ڕێكنەكەوتن لەگەڵ ئێران و وتی، "چونكە لە زستان نزیك دەبینەوە و خەزینێكی ئاومان هەیە دەتوانین لە ئاوی خەزینی بەنداوەكەش بەكاربێنین، بەڵام لە ئایندەیا و لە وەرزە وشەكەكانی هاوین و پایزدا ئەگەر بەردانەوەی ئاو ڕێككەوتنی لەسەر نەكرێت، ئەوا كاریگەری دەبێت لەسەر بەردانەوەی ئاو لە دەربەندیخانەوە تا پارێزگای دیالە".
بەنداوی دەربەندیخان، دەكەوێتە قەزای دەربەندیخان و 66 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە دوورە، ئەو بەنداوە لە ساڵی 1961 دروستكراوە، توانای گلدانەوەی 2 ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
دوێنێ 25ی ئاب لای خۆیەوە، موهەنەد مەعموری، بەڕێوەبەری ئاوی دیالە بە میدیا عێراقییەكانی وت، "كۆگاكانی ئاو لە دەریاچەی حەمرین و بەنداوی ئەڵوەند لە خانەقین، بەشی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و كاروبارە كشتوكاڵییەكان دەكات و لەداهاتووشدا دووچاری قەیران نابینەوە، بارانی زستانیش جارێكی دیكە كۆگاكانمان پڕ دەكاتەوە".
لەلایەكی دیكەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری سیروان و زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە، بەردەوامی هەیە.
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لە كۆبوونەوەم لەگەڵ زارع رەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە چارەسەركردنی كێشەی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری سیروان و زێی بچووك بووە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەكانمان بەردەوامی دەبێت، چونكە گرتنەوەی ئاو كاریگەری زۆری كردووەتە سەر كشتوكاڵی ئەو ناوچانە و سامانی ماسی و ئاوی خواردنەوە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق