پڕۆژەی شامی تازە وەك دووەم هێڵی سوری بەردەم توركیا

ليست هناك تعليقات

لوقمان حاجی قادر

دوای ئەوەی میسر بۆ بەرگرتن لە چاوتێبڕینەكانی توركیا لە دەرامەتە نەوتییەكانی لیبیا، بە پشتیوانی ژێر بە ژێری ئەمریكا و پشتیوانی ئاشكرای زۆرینەی دەوڵەتانی یەكیەتی ئەوروپا، (سرت- جفرە) ی وەك هێڵی سور بۆ توركیا دیاریكرد، ئەنقەرە دەستەوەستان بوو لەوەی دەستی بگات بە ناوچەی هیلالی نەوتی لیبیا، كە مەبەستی بوو لەو ڕێگەیەوە هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆی لە لیبیا و دەریای ناوەڕاستدا بسەپێنێت، ئینجا لەوێشەوە بەرە بەرە چەتە و ڕێگرە توندڕەووەكانی سوریای و جیهان هەناردەی دەوڵەتانی دراوسێی لیبیای بكات.

قاهیرە هەر بەوەش نەوەستا، بەڵكو بۆ بەتاڵكردنەوەی ڕێككەوتنەكەی توركیا- و حكومەتی سازانكاری لیبیا، ڕێككەوتننامەی دیاریكردنی سنوری ئاوی لەگەڵ یۆناندا واژۆ كرد، بەمەش جادو و كاریگەری ڕێككەوتننامەكەی سەڕاج - ئەردۆغانی بەتاڵكردەوە كە هەر لە بنەچەدا ناشەرعییە و پێچەوانی ڕێككەوتننامەی یاسای دەریایی ساڵی 1982 ی نەتەوە یەكگرتووەكانە و جگە لە توركیا هەموو دەوڵەتانی دیكە واژۆیان كردووە.

میسر لە جوڵەی سێیەمیدا بە هاوبەشی هەریەك لە عێراق و ئوردون و بۆ لێدان لە هەژموونی توركیا لە ناوچەكە، كەوتە ئامادەسازی بۆ گەڵاڵەكردنی پڕۆژەی (شامی تازە) كە مۆركێكی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی و بازرگانی هەیە بۆ هەرسێك وڵاتی بەشدار بوو؛ كرۆكی پڕۆژەكە هیڵێكی بازرگانی تازەیە لە عێراقەوە بەرەو ئوردن و دواتریش میسر، ڕاكیشانی هێڵێكی نەوت و گازە لە بەسڕای عێراقەوە بەرەو كەنداوی عەقەبەی ئوردون و لەوێشەوە بەرەو میسر و دواتریش هەناردەكردنیان بۆ دەوڵەتانی جیهان.

میسر پڕۆژەی شامی تازەی كردە دووەم هێڵی سور بۆ توركیا، چونكە لە عێراقیش هێڵێكی سور بۆ چاوتێبڕینەكانی توركیا دەكێشێت. لە ئەگەری تەواوبوونیشیدا، تا ڕادەیەكی زۆر بەغدا لەژێر ڕەحمەتی هەژموونی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئەنقەر و ئێرانیش دەرباز دەكات و بژاردەكانیشی جۆراوجۆر دەكات.

عێراق بە دەرمەتە نەوت و گازییەكانی و میسریش بە توانا سیاسی و سەربازیییەكانی و ئوردونیش وەك هێڵێكی بەیەكگەیاندنی هەردوو وڵات، لەمەشەوە میسر و ئوردون نەوت و گازیان بە هەرزانتر لە جاران دەست دەكەوێت و عێراقیش بە پشتیوانی ئەو دوو دەوڵەتە، بەهێزە دەگەڕێتەوە ناو ئامێزە عەرەبییەكەی، بگرە لە ئایندەدا دەتوانێت لە پرسی ناكۆكییە ئاوییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێرانیشدا قسە و هەڵوێستی دلێرانەتر بێت و جادووی و فشاری ئەو چەكە ئاوییەیان سنوردار بكات.

لە ئەگەری تەواوبوونی پڕۆژەی شامی تازەدا، عێراق دەتوانی ڕێڕەووی هەناردەكردنی نەوت و گازەكەی بگۆڕێت كە جاران بە ئێران و توركیادا هەناردەی دەكرد، بەمەش ئەنقەر و تاران زیانێكی گەورەی ئابووری دەكەن و كارتێكی گرنگی فشاریشیان لە كیس دەچێت كە وەك چەكێك دژ بە بەغدا بەكاریدێنن. نەك هەر ئەوەندە، بگرە پلانی پڕۆژەكە ئەوەشی تێدایە كە نەوتی ڕۆژئاوای كوردستانی ( ڕۆژهەڵاتی فوڕات) بن دەستی هێزە كوردییەكان لەو هێڵەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت كە جاران بە توركیادا دەڕۆیشت و سوود و قازانجێكی زۆریشی بۆ ئەنقەرە هەبوو. بەمەش میسر سەركەوتوو دەبێت كە لە هەموو لایەكەوە دەوری توركیا بدات و فشاری بۆ بێنێت.

پڕۆژەی شامی تازە بەرامبەر پڕۆژەی عوسمانییەتی تازەی توركیایە، ئیماڕات و سعودیەش پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیەن و دەستباری بۆ دەگرن و هاریكاری سەركەوتنی دەكەن، بازاڕەكانی عێراق بە ڕووی كۆمپانیا میسریەكاندا دەكرێنەوە و جێگەی كۆمپانیاكانی توركیا و ئێران دەگرنەوە. بەمەش تەواوكارییەكی ئابووری دەكەوێتە نێوان ئەو سێ وڵاتەوە، ئەمە جگە لەوەی میسر یارمەتی ڕێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی سوپای عێراق دەدات.

پوختەی قسە ئەوەی كە پڕۆژەی شامی تازە نەك تەنها دووەم هێڵی سورە لە بەردەم توركیادا، بگرە لە ئایندەدا چەندەها هێڵی سوری دیكەی لە بوارە جۆربەجۆرەكاندا بۆ ئەنقەرە و ئێران لێدەكەوێتەوە، بگرە دەتوانێت ببێتە میحوەرێكی ئابوروی و سیاسی و ئەمنی و بازرگانی و پێگەی هەریەك لە عێراق و میسر و ئوردون لە ناوچەكەدا بەهێزتر بكات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif