لە ترسی مەلەفەكانی، شای ئتسپانیا وڵاتی جێ هێشت

ليست هناك تعليقات

کۆشکی پاشایەتی ئیسپانیا ئاشکرایکرد کە خوان کارلۆسی یەکەم، شای پێشووی ئیسپانیا، وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت و لە وڵاتێکی دیکەدا ژیان بەسەر دەبات.

کارلۆسی یەکەم رووبەڕووی کۆمەڵێک دۆسێی گەندەڵی و زنجیرەیەک کاری نایاسایی دارایی بووەتەوە و سکانداڵی گەورەی لەسەر ئاشکرا بووە.

کۆشکی پاشایەتی ئیسپانیا ئاشکرایکرد، کارلۆسی یەکەم کە لە نێوان 1975 تا 2014 شای ئیسپانیا بووە بەر لەوەی واز لە دەسەڵاتی کۆشکی پاشایەتی بهێنێت بۆ فیلیپی کوڕی، لەمڕۆ بەدواوە لە دەرەوەی خاکی ئیسپانیا ژیان بەسەردەبات، بەبێئەوەی رووگەی داهاتووی دیاری بکات.

سکانداڵە گەورەکانی نێو ژیانی کارلۆس، بە بوونی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ خانمانی دەرەوەی کۆشک، گەندەڵی و پارە وەرگرتن و بوونی ئەژمارە بانکی لە بانکەکانی سویسرا ناودەبرێن و هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەو بڕە پارەیەی پاشا عاشقەکە بەنایاسایی بەدەستهێناوە، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.

سکانداڵەکانی کارلۆس، سیستمی پاشایەتی ئیسپانیای خستووەتە دۆخێکی نەخوازراوەوە، لە ماوەی پێشوودا، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گوتی: هەندێک پێشكەوتنی دڵەڕاوکێهێنەری لەسەر دۆسێی کارلۆس پێگەیشتووە.

ماڵپەری خانەوادەی پاشایەتی ئیسپانیا، دەقی نامەیەکی خوان کارلۆسی بۆ فیلیپی شەشەمی کوڕی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت: "بڕیاری بیرلێکراوەی خۆمتان پێڕادەگەیەنم، بە چوونە دەرەوەی ئیسپانیا لەم ماوەیەدا".

شای پێشوو، لە نامەکەدا بۆ کوڕەکەی (شای ئێستای وڵات) دەڵێت: "پێموایە، دەتوانم باشترین خزمەت پێشکێشی ئیسپانییەکان و دامەزراوەکانی وڵات و تۆی پادشاش بکەم، من پێتانڕادەگەیەنم کە لە ئیسپانیا دەڕۆم. ئەم بڕیارەم بە هەستێکی قوڵ، بەڵام بە ئارامییەکی گەورەوە داوە". زیاتر دەڵێت "بۆ ماوەی 40 ساڵ شای ئیسپانیا بووم، بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەمیشە هەوڵمداوە باشترین بۆ ئیسپانیا و تاجی شایەتی وڵات بەدەست بهێنم".

شرۆڤەکارانی تەلەڤزیۆنی ئیسپانیا، دەستبەجێ کاردانەوەیان بەرامبەر بڕیارەکەی شای پێشووی وڵات دەربڕی و بەجێهێشتنی ئیسپانیایان بە "دەرچەی پشتەوەی خۆرزگارکردن" ناوبرد و گوتیان نابێت ئەو بڕیارە ببێتە هۆکار، بۆ رێگری لە لێکۆڵینەوەی تەواو لە کار و چالاکییە ئابوورییەکانی ماوەی پاشایەتی کارلۆس.

کۆشکی شاهانەی ئیسپانیا، بڵاویکردەوە کە فیلیپی شەشەم، سوپاسی باوکی کردووە لەسەر بڕیارەکەی و گوتوویەتی: "ماوەی دەسەڵاتداریەتیی باوکی، گرنگییەکی مێژوویی بۆ وڵات هەبووە". 

سکانداڵەکانی پەیوەست بە خوان کارلۆس (82 ساڵ) لە حوزەیرانی رابردوودا دەرکەوتن، کاتێک دادگای باڵای ئیسپانیا لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد لەسەر تێوەگلانی خوان کارلۆس، لە گرێبەستێکی هێڵی ئاسنی زۆر خێرا لە نێوان هەردوو شاری مەککە و مەدینە لە سعودیە، دوای ئەوەی ئاژانسی "لاتریبیۆن دی جنێف"ی سویسری ئاشکرایکرد، کارلۆس بڕی 100 ملیۆن دۆلاری لە شای کۆچکردووی سعودیە وەرگرتووە. ئەوکات پارێزەرەکەی خوان کارلۆس لێدوانی لەسەر تۆمەتبارکردنەکان رەتکردەوە.

سەرەتای دۆسێی تۆمەتبارکردنەکانی خوان کارلۆس لە ئەیلوولی 2018دا دەستیان پێکرد، کاتێک رۆژنامەکانی ئیسپانیا دەقی هەندێک گفتوگۆی تەلەفۆنیی کۆرینا لارسنی گێڕڵفرێندی پێشووی کارلۆسیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێت "شا بڕە پارەیەکی وەک پاداشتی بردنەوەی گرێبەستی دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەری خێرای لە سعودیە، لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە وەرگرتووە".

هەرچەندە پاشاکانی ئیسپانیا لە ماوەی پاشایەتییاندا، پارێزبەندی یاساییان هەیە، بەڵام کارلۆس لە 2014دا وازی لە پۆستەکەی هێنا بۆ کوڕەکەی و بەوەش دەکرێ رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.

کارلۆس لە ساڵی 1975دا، پاش گیانلەدەستدانی ژەنەڕاڵ فڕانسیسکۆ فڕانکۆ، کورسیی کۆشکی پاشایەتی ئیسپانیای وەرگرت، رۆڵی گەورە و رێزلێگیراوی هەبوو لە گواستنەوەی دەسەڵاتی ئیسپانیا لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراتیەت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا، رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی کرایەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif