ململانێکانی تورکیا و یۆنان لە دەریاوە بۆ ئێف ١٦کانی ئاسمان‌

ليست هناك تعليقات

تاکو دێت ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان پەرەدەسێنن، لە دوایین پەرەسەندندا چەند فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ی تورکی رێگرییان لە شەش فڕۆکەی ئێف ١٦ی یۆنانی کرتووە و نەیانهێشتووە نزیکی سنورەکانیان ببنەوە. بەشێک لە وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپاش پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەسینا دووپاتکردووەتەوە، بەڵام ئەنقەرە سورە لەسەر هەنگاوەکانی.

ئاگری ئێف ١٦کان کێ دەسوتێنێت؟
لە دوایین پەرەسەندندا، فڕۆکە ئێف ١٦کانی هەردوولا نزیک بوون لە رووبەڕووبوونەوەی یەکتر و ئەگەر ئەوەش روویبدایە دوورنەبوو جەنگێکی خوێناوی لەنێوان هەردوولا رووبدات و بە کەس رانەگیرێت.

لە کاتی مانۆڕ و راهێنانی هاوبەشی نێوان، یۆنان، ئیتاڵیا، فەڕەنسا و قوبرس لە دەریای ناوەڕاست، شەش فڕۆکەی ئێف ١٦ی یۆنانی لە دوورگەی (Girit)وە هەستاون و بەرەو قوبرس رۆیشتوون.

پێشتر میدیاکانی یۆنان رایانگەیاند، چەند فڕۆکەیەکی تورکیا هەوڵیا داوە رێگە لە فڕۆکە ئێف ١٦کانیان بگرن بەڵام شکستیان هێناوە و فڕۆکەکانیان بە سەلامەتی چوونەتە قوبرس و گەڕاونەتەوە.

تورکیا: دوورمانخستنەوە
دوو رۆژ دواتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ڤیدیۆی دوورخستنەوەی فڕۆکە یۆنانییەکانی لە نزیک ناوچە سنورییەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو فڕۆکانە لە سنورەکانیان نزیکبوونتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە، توانیویانە دەستنیشانی شەش فڕۆکەی ئێف ١٦ بکەن کە لە دوورگەی گریتەوە بۆ قوبرس رۆیشتووە، لەبەرئەوەی فڕۆکەکان نزیکی ناوچەی (Navtex) بوونەتەو، فڕۆکە ئێف ١٦کانیان هەستاون و لە باشوری رۆژئاوای دوورگەی قوبرس دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووە لەم بارەیەوە، بەم جۆرە ئێف ١٦کانیان دەستنیشانیان کردووە کە ئەو شەش فڕۆکەیە سەر بە یۆنانە و دووریان خستوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە مکوڕییەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەرژوەندییەکانی تورکیا.

لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا کە دوو خولەک و ٩ چرکەیە، دەردەکەوێت هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ناسنامەی شەش فرۆکەکەی یۆنان و دوورخستنەوەیانن لە سنورەکانی خۆیان.

ئەرووپا: سزای تورکیا دەدەین
رۆژی هەینی ٢٨ی ئاب، جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوە، سیاسیی و ئاسایشی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وتی، گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا، بەهۆی ئەو کارانەی تورکیا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەنجامی دەدات، سزا بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا دەسەپێندرێت کە بەرپرسن لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە.

بەرپرسەکەی یەکێتی ئەورووپا داوای لە تورکیا کردووە دەست لە کارە تاکلایەنەکانی هەڵبگرێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و وتیشی، سەرەتا سزا بەسەر کەسەکاندا دەسەپێندرێت و دواتریش ئەگەر هەیە کەرت و دەزگاکان بگرێتەوە.

ئەڵمانیا؛ هەڵوێستی ناڕوون
ماوەی چەند مانگێکە ئەڵمانیا هەوڵ دەدات نێوەندگیری بکات لە نێوان یۆنان و تورکیا، بەڵام تورکیا بەردەوام بووە لە کارەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئامادە نییە دەست لە کارەکانی لەو ناوچەیە هەڵگرێت، تورکیا دەڵێت بەردەوام دەبن لە گەڕان بە دوای سەرچاوە سروشتییەکان لەو ناوچانەی کە مافی خۆیان دەزانێت.

سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا بەردەوام داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە بەڵام دواجار بەرلینیش هاتە ریزی ئەو وڵاتانەی داوای سزادانی تورکیا و راگرتنی دەکەن.

رۆژی هەینی هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد لە لوتکەی یەکێتی ئەورووپا کە بڕیارە مانگی ئایندە ئەنجام بدرێت، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنن.

ماس وتیشی، کێشەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەشێوەیەکی گەورە کاری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا پابەند نەبوو بەو داوایانەی کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەی دەکرێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.

فەڕەنسا؛ هەڵوێستی روون و رەق
فەڕەنسا ماوەی چەند ساڵێکە لە کێشە و ئاڵۆزییدایە لەگەڵ تورکیا، بەتایبەت دوای هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری وڵات، چەندین جاریش ماکرۆن بە ئاشکرا هێرشی کردووەتە سەر خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە مەترسی ناوی بردووە بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا.

ماکرۆن چەندین جار ناتۆی بە لاوازی ناوبردووە بەرامبەر ئەورووپا و رایگەیاندووە، تورکیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ناو رێکخراوەکە، بەتایبەت دوای کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ی رووسی لەلایەن ئەنقەرەوە.

لە دوایین پێشهاتیشدا ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئاب، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا رایگەیاند، هێڵی سور بۆ تورکیا دادەنێن و لە مانگی داهاتوو هەڵوێستی توندتر بەرامبەر تورکیا رادەگەیەنن.

میسر دوژمنێک بە بەرگێکی نوێوە
دوای ئەوەی برایانی موسڵمان لە میسر هاتنە سەر دەسەڵات، ئەنقەرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاهیرە بەهێزکرد و پشتیوانی میسری برایانی موسڵمانی کرد، بەڵام دوای کودەتاکەی سوپای میسر بەسەر مورسیدا، پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر گەیشتنە لوتکەی ئاڵۆزیی و دژایەتیی.

لە دوای ئەوەشی تورکیا و حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا لەسەر دیاریکردنی سنورە ئاوییەکانیان رێککەوتن، میسر دەستی بە دژایەتیکردنی رێککەتنەکە کرد و بە نەڕەوا ناوی برد.

لەم خاڵەوە یۆنان و میسر نزیکبوونەوە و بوون بە رکابەری هاوبەشی تورکیا، دوای چەند رۆژیکیش لە پەیوەندی و کۆبوونەوە، قاهیرە و ئەسینا لەسەر دیاریکردنی سنورە ئاوییەکانی نێوانیان و چۆنییەتی مامەڵەکردنیان لە ئاوەکانی نێوانیان رێککەوتن.

گەڕان بە دوای وزەدا
تورکیا لەو وڵاتانەیە پێویستییەکی زۆری بە وزەیە بەتایبەت غازی سروشتی، بۆیە ماوەی چەند ساڵێکە دەیەوێت لە سنورە ئاوییەکانیدا غازی سروشتی بدۆزێتەوە، ئەمەش یەکەم جار نییە تورکیا غازی سروستی دەدۆزێتەوە و پێشتریش دەیان جار دۆزینەوەی غازی سروشتی لە ئاوەکانیدا راگەیاندووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

سەرەڕای ناڕەزایەتییە زۆرەکانی هەریەک لە یۆنان، میسر و قوبرس، تورکیا کەشتیی (رەئیس)ی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد بۆ گەڕان بە دوای نەوت و غازی سروشتیدا.

دوای چەند رۆژێک و لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دۆزینەوەی غازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست راگەیاند و ئەمەشی وەک مژدەیەک بە هاوڵاتینی تورکیا دا.

هەریەک لە میسر، قوبرس و یۆنان ئەم هەنگاوەیان بە سنور بەزاندن ناو برد و پڕۆسەکەیان بە پێشێلکردنی مافە ئاوییەکانی خۆیان داناوە.

تورکیا دەڵێت دۆزینەوەی ئەم بڕە لە غازی سروشتی وەها دەکات ئیتر سەربەخۆ بن لە بواری وزەدا و هیچ پێویستییەکیان بە غازی سروشتی و وڵاتانی دیکە نامێنێت.

یۆنان و هاوکارەکانی
دوای چەند رۆژێک لە دۆزینەوەی غازی سروشتی لەلایەن تورکیاوە، یۆنان، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و قوبرس راهێنانێکی سەربازییان لە سنورە ئاوییەکانی ئەسینا ئەنجامدا.

راهێنانەکە لەلایەن سوپای یۆنانییەوە و لە ئەسیناوە سەرپەرشتی دەکرێت و تورکیاش ئەم هەنگاوە بە دژایەتیکردنی وڵاتەکەی ناو دەبات، بەتایبەت کە هەریەک لە فەڕەنسا و قوبرس بە ئاشکرا دژایەتی هەنگاوەکانی تورکیا دەکەن لە ناوچەکەدا.

تورکیا دەست هەڵناگرێت
سەرەڕای سەرجەم ناڕەزایەتییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ سزادانی، ئەنقەرە دەستبەرداری پلانەکانی نابێت و سورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەوەی پلانی بۆ داناوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

دوای ھەڕەشەکانی ئەورووپا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، تورکیا بریاریدا درێژە بە کارە سەربازیی و زانستییەکانی بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوە سرشتییەکان بدات لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

ئەنقەرە لە دوایین بڕیاریدا درێژکردنەوەی کارەکانی بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوە سروشتییەکانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست تاکو یەکی ئەیلول درێژکردەوە، لە کاتێکدا بڕیاربوو کۆتایی بە پڕۆسەکە بھێنێت.

مێژوویەک لە ناکۆکی
مێژووی ناکۆکیی و دوژمنایەتییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان نوێ نییە، لە پاش وردە وردە لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، یۆناییەکان لە ساڵی ١٨٣٢ لە ژێر دەستی عوسمانییەکان دەرچوون و جیابوونەوە، لەو کاتەوە ناکۆکییەکانی نێوان یۆنانی و تورکەکان بەردەوامە و بۆ چەندین جاریش چوونەتە نێو مەیدانی جەنگەوە لەگەڵ یەکتردا.

تورکیا و یۆنان لە ساڵەکانی ١٨٩٧، بەلقانی یەکەم لە ١٩١٢، 
جەنگی یەکەمیی جیهانی ١٩١٤-١٩١٨ و 
جەنگی دووەمی یۆنان – تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ – ١٩٢٢ چوونەتە نێو جەنگەوە بەرامبەر یەکتر.

سەرەڕای هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ماوەی چەند ساڵێک و بوونە ئەندامیان لە رێکخراوی ناتۆ، دواتر لەسەر کێشەی دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە ساڵانی شەستی سەدەی ٢٠، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا سەریانهەڵدایەوە.

بە داگیرکردنی بەشێکی قوبرس لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٧٤، کێشەکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرە سەریانهەڵدایەوە، لە ئێستاشدا ناکۆکییەکانیان لەسەر ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هێندەی دیکە یۆنان و تورکەکانی لە شەڕ و ناکۆکییەکی دیکەی ناڕوون نزیککردووەتەوە. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif