سێکتەری نەوت لە تونێلێکی تاریکەوە بۆ تونێلێکی تاریکتر

ليست هناك تعليقات

یادگار سدیق گەڵاڵی

یەکێک بەوەزارەت گرنگەکانی هەرێم کە سەرچاوەی زۆرترین داهاتە بۆ هەرێم و لەماوەی ڕابوردودا زۆرترین مشتومڕ و قسەی لەسەر کراوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە ،دوای ئەوەی ١٣ مانگە ئەم وەزارەتە وەزیری نییە بەبێ هیچ بیانویەکی ڕاگەیەندراو، بەڵام دەزانین دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت بە بەتاڵ مانەوەی کورسی ئەم وەزارەتە گرنگەوە هەیە .

یەکەمیان : ئەدای خراپی ١٢ ساڵی تاکە وەزیری سامانە سروشتییەکان و ناشەفافی و گەندەڵی و بەڕێوەبردنی خراپی کۆی سەکتەری نەوت لەو ماوەیەدا، لێ خۆێندنی زۆری حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئاکامدا دروست بوونی ڕای گشتی دژی کەسی وەزیر.

دووەم : دەگەڕێتەوە بۆ منافەسە و کێبەرکێی ناوخۆی پارتی، بە حوکمی ئەوەی ئەم پۆستە پشکی پارتی دیموکرات و وەزیری پێشوش لە سەر باڵێکی ئەو حیزبە ئەژمار دەکرێت، هەروەها دەکرێت کەسی وەزیریش زۆربەی مەلەفەکانی لە جانتاکەیدا بوبێت و کاتی پێویست بووە تا لە جانتاکەی دەریبێنن.
ئەمەش نیشاندەری شکست خواردنی ئەو سەکتەرە و ئەولایەنەیە کە لەپشت بەڕێوەبردنیەوەیەتی.
ماوەی هەفتەیە کە هەواڵێک بڵاوە کە وا شێخ باز خاوەنی کۆمپانیای کار و کۆمپانیای سەرکار لە گەورەترین کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت لە هەرێم ( خورمەڵە) و خاوەنی ٤٠٪ بۆری گواستنەوەی هەرێم وەهەروەها خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێم دەکرێت بەوەزیری سامانە سروشتییەکان!
لە کاتی بەشداریکردنی دا لە ماوەی ڕابوردودا لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا چەند جارێک باسمان کرد کە ئەم کەسە ڕۆڵی وەزیری ڕانەگەیەندراوی سامانە سروشتیەکان دەبینێت.
گەر ئەم هەواڵە ڕاستبێت ئەوا هەنگاو و هەوڵێکە ١٨٠ دەرەجە پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە حکومەت بەرزی کردووەتەوە لە بواری چاکسازیدا. وە بەم هەنگاوە سێکتەری نەوت لە هەرێم دەکەوێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە ئەوسەری دیار نابێت، زۆر تاریکتر لەساڵانی ڕابوردوو.
د ئاشتی کەسێکی ناحیزبی و پڕۆفیشناڵ بوو، سەرەتا بەرژەوەندی بزنسی لە سێکتەرەکەدا نەبوو، ئەوەش ئەنجامەکەی بووە، ئەی کەسێک هەموو بەرژەوەندیە کانی پەیوەست بێت بەو وەزارەتەی کە خۆی دەبێت بەکەسی یەکەم تێیدا دەبێت چۆن بێت؟! 
لەوانەیە لایەنگرانی دانانی شێخ باز بڵێن بە واز هێنانی لە کۆمپانیای کار ئەوە حەل دەبێت .
ئێمەش دەڵێین، ئێمە لە کوردستانین هەرسێ دەستەڵاتە کە یاسا دانان ، جێ بەجێ کردن وە دادوەری تێکەڵن و لەژێر هەیمەنەی حیزبدان ( جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەلف و بێی حوکمرانی دروستە) نەک لە وڵاتێکی دیموکراتی خاوەن سەروەری یاسا و لێپرسینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە وڵاتێکی دیموکراتی کە یاسا تیایدا سەروەربێتئ شتێکی وا بکرێت هەرگیز قبوڵ ناکرێت.
لەوانەیە بڵێیت وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمەریکا ریکس تیلێرسن بەڕێوەبەری ئێکسۆن مۆبیل بوو کە کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتە. ڕاستە بەڵام ئەو بوو بە وەزیری دەرەوە نەک وزە، پاشان ئەو خاوەنی نیوەی بەرهەمی نەوتی وڵاتەکەی و نیوەی گواستنەوەی بۆرییەکەی و خاوەنی زیاتر لە ٧٥٪ ی توانای پاڵاوتنی وڵاتەکەی نەبوو. لەسەر هەموو ئەوانەوە، لە وڵاتێکدا بوو یاسا سەروەربوو. 
ئێمە ئەزانین کۆمپانیای کار و کۆمپانیا حیزبیە ناسراوەکان سەرەتا توانایان چەند بوو وە چۆن هەلیان بۆدروستکراو کاریان بۆ دۆزرایەوە هەر لە کێڵگەی خورمەڵە لەگەڵ دانا گاز تا کارەکانی تر. بەوەندەش ڕازی نابن دەیانەوێ هەمو سێکتەرەکە بخەنە ژێر دەستی کۆمپانیا گوماناویە کانەوە!!
شێخ باز گرێبەستێکی هەیە لەگەڵ هەرێم بۆ کێڵگەی خورمەڵە تا ئێستا ئامادە نەبووە بڵێت جۆری گرێبەستەکەی چییە!! هەرچی کۆمپانیای نەوتی هەیە ڕاپۆرتی چالاکی کار و دارایی وەرزیی و شەش مانگی و ساڵییان بڵاو دەکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکەی شێخ باز نەک ئەوەی نەکردووە بەڵکو ئامادە نییە بەرهەمی ئەو کێڵگەیەی کە نەوتی لێ بەرهەم دەهێنێت ئاشکرا بکات. کێڵگەی خورمەڵە تەنها کێڵگەیە لە هەرێم کە ئاستی بەرهەمی تەواوی نازانرێت ، هەرژمارەیەکیش بڵاو دەکرێتەوە تەنها گریمانەییە لە سەر بنەمای بەرهەمی کۆمپانیاکانی تر کە بەرهەمیان ئاشکرا دەکەن و لەگەڵ کۆی بەرهەمی هەرێم لێی دەر دەکرێت و بە نزیکراوەیی دەزانین چەند بەرهەمی خورمەڵەیە.ئەوە ئاستی شەفافییەنی شێخ باز و کۆمپانیاکەیە تی، ئەی ئەگەر ببێت بەوەزیر چۆن دەبێت؟!
ئەگەر شێخ باز کەسێکی پاک و بەتواناشبێت دەبێت خۆی ئەوە قبوڵ نەکات بخرێتە شوێنێکی واوە، چونکە بەرژەوەندیەکان دژیەک دەوەستنەوە ( بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی بەرانبەر بەرژەوەندی حکومەت و خەڵکی کوردستان). بۆیە گەر دەتانەوێت چاکسازی بکەن بەدوای کەسێکی تردا بگەڕێن و واز لە خاوەنی کۆمپانیای کار بێنن یا بزنسی خۆی بکات.
تەنها لەم هەرێمەی ئێمەیە وەزیری ئەم وەزارەتە بووە بە کێشە، ئەوە لە عێراقی تەنیشتمان کە یەکێکە لەوڵاتە گەندەڵەکانی جیهان لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ گۆڕینی هەرکابینەیەک زۆر بە ئاسانی وەزیری نەوت دەگۆڕێت. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردودا دوو وەزیر گۆڕاوە، هەرێمەکەی ئێمەش ١٣ ساڵە تەنها کەسێک و بەدیلەکەشی لە پێش خۆی خراپتر!
هەرێم کەسانی بەتوانا و خاوەن ئەزموونی زۆرە لە بواری پسپۆڕی و بەڕێوەبردنیش. وەزیر گەر پسپۆڕبێت شتێکی باشە بەڵام لەوە گرنگتر دەبێت ئیدارییەکی باش یێت، لە سیستەمێکی سەرکەوتودا ستافی وەزارەتەکەو بەشەکانی و چونیەتی چاودێری و بەدواداچونی کارەکان دەبێتە هۆی سەرکەوتنی هەر دام و دەزگایەک، بۆیە زۆر گرنگە کە هەیکەلیەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جارێکی تر لەسەر بنەمایەکی درووستی لێوەشاوەیی و توانای کەسەکان دابمەزرێتەوە، مەنسوبیەت و مەحسوبیەت دابەشکاری حیزبی ڕۆڵی تیا نەبینێت،تاوەکو ببێت بە دەزگایەکی نیشتمانی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق