ژمارەیەك وڵاتی كۆمكاری عەرەبی دەیانەوێت رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بكەن‌

ليست هناك تعليقات


ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی دەیانەوێت ئەزمونی ئیمارات لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل دووبارە بكەنەوە، ئەمریكا پێشوازییان لێدەكات و ناتانیاهۆش دەڵێت 5 وڵاتی ناو كۆمكاری عەرەبی دەیانەوێت ببنە هاوپەیمانی ئیسرائیل.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، پێشبینی دەكەین عەرەبستانی سعودیە پەیوەست ببێت بەو رێككەوتنە مێژووییەی لەنێوان ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبی ئەنجامدراوە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.

رێككەوتنەكە چییە؟
لە چەند رۆژی رابردوودا ئیمارات و ئیسرائیل رێككەوتنێكی مێژووییان ئەنجامداو بڕیاریشیاندا پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی بكەنەوەن.

رێككەوتنەكە بە نێوەندگیری ئیدارەی ئەمریكا بەڕێوەچوو، لەو بارەیەشەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: رێورەسمی واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات، لە كۆشكی سپی بەڕێوەدەچێت.

هاوكات، ئاژانسی هەواڵی ئیمارات بڵاویكردەوە، ئەو نەخشە رێگایەی كە هەردوو وڵات لەسەری رێككەوتوون و واژۆیان لەسەر كردووە، باس لە پەرەپێدانی هاوكاری دووقۆڵی دەكات، تا دەگاتە بە ئاساییكردنەوەی سەرجەم پەیوەندییەكانی نێوانیان.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا شاندنی هەردوو وڵات كۆدەبنەوە بۆ واژۆكردنی چەند رێككەوتنێكی دیكەی دووقۆڵی لە كەرتە جیاجیاكاندا، كە دەبێتە قۆناغی یەكەم بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەبوزەبی و تەلئەبیب.

پریشكی دەگاتە وڵاتانی دیكەی عەرەبی
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر، لە سەروبەندی رێككەوتنەكەدا پێشوازی قاهیرەی بۆ دەربڕی و وتی، راگرتنی بڕیاری لكاندنی كەرتی خۆرئاوا بۆسەر ئیسرائیل و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، كاریگەری دەبێت لەسەر ئاشتییەكی هەمیشەیی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەكی دیكەوە وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە پێنج وڵاتی ناو كۆمكاری عەرەبی هاوشێوەی ئیمارات خوازیارن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بێت.

لەو بارەیەوە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست "ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات وەك تاقیكردنەوەیەكی بەسوود بوو بۆ وڵاتانی تری عەرەبی، بەتایبەت وڵاتانی وەك سعودییە و مەغریب و عوممان و بەحرێن و قەتەر دەیانەوێت هەمان هەنگاوی ئیمارات بنێن و لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی ڕێكەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەبوزەبی و تەلئەبیب، كە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەدەردەكەوێت، ئەوانیش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی جولەكە ئاسایی بكەنەوە.

پێشتریش عوممان و بەحرەین پێشوازیان لە ڕێكەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل كردووە، بەڵام هێشتا سعودییە و كۆمكاری عەرەبی هیچ هەڵوێستێكیان بە رەتكردنەوە یان پێشوازیكردن لە ڕێككەوتنەكە دەرنەبڕیوە .

نەیاریشی هەیە
رێككەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات تەنها بەلای فەلەستینەوە نا بەڵكو بەلای بەشێك لە وڵاتانی دیكەشەوە مایەی نیگەرانییە بۆ نمونە توركیا.

رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، رێككەوتنی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل و دەستخۆشییەكانی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی تایبەت بەو بابەتە، شتێكی پەسەندنەكراوە و ئێمەش هەنگاومان لەو بارەیەوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەك لە یۆنان و میسر بەرامبەر خاكی فڵستین شتێكی پەسەندنەكراوە و دەبێت وەڵام هەبێت لە بەرامبەردا.

هەرچۆنێك بێت رێككەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات دەتوانرێت وەك سەردەمێكی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد بكرێت، جگە لەوەش سروشتی رێككەوتنەكە و لێكەوتەكانی دەستنیشانی ئەوە دەكات كە تا چەند وڵاتانی دیكەی عەرەبی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێداویستییەكانی قۆناغەكەدا، ناچارن دەست لەو بانگەشە دوژمنكارانەیەی چەند دەیەی رابردوو بەرامبەر ئیسرائیل هەڵبگرن و لەبری دوژمنایەتی هەوڵبدەن دۆستایەتی لەگەڵدا بكەن جا دۆستایەتییەك بێت بە خواستی خۆیان یان بە ناچاری.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif