پێگەی هه‌ولێر له‌ گه‌ڕی دووه‌می دانوستاندنه‌كاندا

ليست هناك تعليقات

د.هەڵمەت غەریب
-
ده‌ستپێك:

دانوستاندنه‌كانی نێوان واشنتن و به‌غدا، كه‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می له‌ مانگی حوزەیرانی رابردوودا له ‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسه‌وه‌ کرا، كۆمه‌ڵێک دۆسیە‌ی هه‌ستیار و گرنگ خرانه‌ سه‌ر مێز، بەڵام هه‌ر له‌ سه‌رەتاوه‌ دیاربوو باری عێراق له‌ دانوستانه‌كاندا لاره‌و هاوسه‌نگی به‌دیناكرێت له‌نێوان هه‌ردوولادا، یان به ‌مانایه‌كی دیکە وا ده‌هاته‌ به‌رچاو كه‌ ئه‌مریكا ستراتیژیه‌تی خۆی بۆ ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییە‌كانی له‌گه‌ڵ عێراقدا داڕشتووه‌ و عێراقییه‌كانی بانگكردووه‌ تاوەکو بۆیان بخاته‌ڕوو، نه‌ك گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تی دوولایه‌ن، كه‌ هه‌ردوو ده‌وڵەت خاوه‌ن سه‌روه‌ریین، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا ئێمه‌ تیشكی بخه‌ینه‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌و دانوستاندنانه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌مدا كورد ئامادەییەکی زۆر لاوازی هه‌بوو، یان به‌ مانایه‌كی دیکە كورد دركی به‌ گرنگی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییەكانی به‌غدا و واشنتن نه‌ده‌دا، به‌ڵام كاتێك بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ گرنگن و پێویسته‌ كورد ئامادەییەکی باشی تێدا هه‌بێت، هه‌وڵە‌كانی خۆی خسته‌گه‌ڕ تاوەکو له‌ گه‌ڕی دووه‌مدا به‌ ئامادەییەکی گه‌وره‌تره‌وه‌ به‌شداری له‌ دانوستاندنه‌كاندا بكات.

لێرەدا باس له‌ گرنگترین ئه‌و دۆسێیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به ‌نیسبه‌ت كورده‌وه‌ جێی بایەخن له‌ دانوستاندنه‌كاندا، هەروەها كاریگه‌ری كورد به‌سه‌ر ره‌وتی دانوستاندنه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو.

دۆسیه‌ بایه‌خداره‌كانی نێوان هه‌ولێر واشنتن:

جیا له‌ به‌غدا، هه‌ولێر كۆمه‌ڵێک دۆسیە‌ی گرنگی هەن‌ له‌گه‌ڵ واشنتندا پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و دانوستاندنانه‌وه‌ یه‌كلاییان بكاته‌وه،‌ یان هیچ نه‌بێت ئاگاداربێت، چونكه‌ بایه‌خه‌كه‌ی بۆ كوردستان زۆره‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی عێراق بۆ كوردستان گرنگتره،‌ كه‌ پێویست ده‌كات كورد خۆی ئاگادار و به‌شداربێت له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌یدا. گرنگترین ئه‌و دۆسێیانه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:


یەکەم: چاره‌نووسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا: 

بۆ كوردستان مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت تا ماوه‌یەکی درێژتر جێی بایه‌خه‌، چونكه‌ بارودۆخی سیاسی عێراق ناسه‌قامگیره‌ و هێشتا عه‌قڵیه‌تێکی تاراده‌یه‌ك پاوانخوازی له‌ ده‌سەڵاتدا له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و گره‌و له‌سه‌ر به‌هێزبوونی سیسته‌می سەنتەر ده‌كاته‌وه‌ له‌ وڵاتدا یان به‌مانایه‌كی دیکە ئاراستە‌یه‌كی به‌هێزی سیاسی تائێستاش باوه‌ڕی به‌ فۆرمی نوێی سیسته‌می سیاسی له‌ عێراقدا نییه،‌ بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌مریكا بۆ چه‌سپاندنی زیاتری مانا نوێیه‌كانی سیسته‌م له ‌عێراقدا بمێنێته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌دوری نازانم له‌داهاتوودا بنكه‌ی سه‌ربازی سه‌رەکی ئه‌مریكییه‌كان بێته‌ كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ صیدیەی قه‌ته‌ر هه‌یه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ستراتیژی ئەمریكایه‌ له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو.

دووەم: بابەتی سه‌روه‌ریی عێراق: 

به‌شێكی گه‌وره‌ی پێشێلکردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق له‌ كوردستانه‌وه‌یه‌ به‌هۆی بوونی ئه‌و گرفته‌ ئه‌منیانه‌ی له‌نێوان عێراق و توركیا له‌لایەک و عێراق و ئێران له‌لایەکی دیکەوە ، ئه‌م گرفتانه‌ وایكردووه‌ سه‌روه‌ریی عێراق به‌ به‌رده‌وامی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی پێشێلکردندا بێت، بۆیه‌ ئامادەیی ئه‌مریكی به‌نیسبه‌ت كوردستانه‌وه‌ جێی بایه‌خه،‌ پێویسته‌ كوردستان راشكاوانه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی كێشه‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نی ئه‌مریكی.

سێیەم: بابه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و هاوكاریكردنی عێراق بۆ هه‌ستانه‌وه‌: 

یه‌كێكی دیکە له‌ بابه‌ته‌ جێ بایه‌خه‌كانی كوردستان له‌و دانوستاندنانه‌دا بریتییه‌ له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ وێرانه‌كانی عێراق كه‌ به‌شی زۆری ناوچه‌ سونەنشینه‌كان ناوچه‌كانی كه‌مایه‌تیه‌ ئاینییه‌كان ده‌گریته‌وه‌، چونكه‌ ده‌روازه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و هاوكاریكردنی عێراق بۆ دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی بریتییه‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌رێم قسه‌ی خۆی هه‌بێت و به‌شێك له‌و هاوكاریه‌ مادیانه‌ی كه‌ عێراق وه‌ریده‌گرێت بدرێته‌ كوردستان، هه‌م بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان هه‌م بۆ هه‌ماهه‌نگی دروستکردن لەگەڵ كۆمپانیا ئه‌مریكی و ئه‌وروپییه‌كان تاوەکو بتوانن پرۆسه‌كه‌ به‌ رێكوپێكی بگه‌یێننه‌ ئه‌نجام. بۆ كوردستان هاوكاریه‌ مادییه‌كانی ئه‌مریكییەکان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌م باره‌ی ئێستادا كه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانیكی سه‌ختی ئابووریدا گوزه‌ر ده‌كات، پێویسته‌ پشكی كوردستان پارێزراوبێت له‌و هاوكارییانه،‌ بۆیه‌ گرنگه‌ كورد ئامادەییەکی به‌هێزی هه‌بێت و گوێ له‌ داواكارییه‌كانی بگیرێت و پێگه‌ی له‌به‌رچاو بگیرێت.

چوارەم: كاریگه‌ری و پێگە‌ی كورد به‌سه‌ر دانوستاندنه‌كانه‌وه‌:

پاش بوونی فوئاد حوسێن به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سه‌رۆكایه‌تیكردنی شاندی عێراق له‌ گفتوگۆكاندا ، به‌شدارپێكردنێكی فراوانتری كورد له‌ گفتوگۆكاندا به‌دیده‌كرێت به‌ به‌راورد به‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی بایه‌خدانی كورده‌ به‌و گفتوگۆیانه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیکەشەوە‌ ئه‌مریكیه‌كان به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له‌ عێراقدا ئامادەییەکی باشی هه‌بێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێکدا له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانه‌كاندا، ته‌نیا سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی كوردستانی ده‌كرد، به‌ڵام له‌ گه‌ڕی دووه‌مدا زیاد له‌ چوار ئه‌ندامی كورد بۆ شاندی عێراقی زیادكراوه،‌ كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دۆسیه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پێكرد، به‌شێكی دیکەش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ جدییه‌تی دانوستاندنه‌كانه‌وه،‌ بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌مجاره‌ قورسایی كورد تا راده‌یه‌كی باش به‌سه‌ر گفتوگۆ و دانوستانه‌كانه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر هیچ نه‌توانن بكه‌ن ، ده‌توانن قسه‌ی جیدی و بۆچوونی كوردستان ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیانه‌ بخه‌نه‌روو كه‌ جێی بایه‌خی هه‌ردوو لایه.‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیروبۆچوونی كوردستان و عێراق ده‌رباره‌ی چاره‌نووس و مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا ، چونكه‌ كورد پێیوایه‌ هێشتا دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی له‌ عێراقدا توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌تەنها و بەبێ پاڵپشتی ئه‌مریكی بتوانێت پارێزگاری له‌ سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی بكات و له‌ مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و تووندوتیژی دووربخاته‌وه‌ ، هێشتا عێراق خاوه‌نی دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌رگری نیشتمانی نییه‌ به‌ مانا ورده‌كه‌ی. بۆیه‌ كورد له‌م رووه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی عێراق بیرده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای پێكهاته‌ی وه‌فدی كوردستان بكه‌ین ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بیروبۆچوونی كورد تاراده‌یه‌ك جیاوازه‌ له‌ بیروبۆچوونی باو له‌ عێراقدا ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ له‌م قۆناخه‌دا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق