ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی پیرترین سەرۆک‌

ليست هناك تعليقات


هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بەڕێوەدەچێت. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە ٥٩هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا. براوەی هەڵبژاردنەکانیش لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەست بەکاردەبێت.

دوو حزبی دووبارە
دوو حزبی سەرەکی ئەمریکا، حزبی دیموکرات و حزبی کۆمارین. سەرۆک کۆماری ئێستا دۆناڵد ترەمپ، کە لە ساڵی ٢٠١٦ هەڵبژێردرا، دیسانەوە کاندیدە بۆ دووەم خولی سەرۆکایەتی. حزبی کۆمارییەکانیش جۆ بایدنیان هەڵبژاردووە بۆ کاندیدی خۆیان. هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنانەشدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش بەڕێوەدەچێت.

کاندیدکردنی جۆ بایدن
ڕکابەرایەتی پێشوەختەی حزبی دیموکرات لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد. لە ماوەی ئەم ڕکابەرییەدا کاندیدەکان لە بەرژەوەندی جۆ بایدن کشانەوە، تاوەکو لە ڕۆژی سێشەممە لە ٣ی ئازار، ڕکابەرێتی پێشەکی دیموکراتەکان لەنێوان جۆ بایدن و بێرنی ساندەرز مایەوە. سەندێرز لە کۆتاییدا لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٠ کەمپینەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و جۆ بایدن بوو بە کاندیدی کۆتایی دیموکراتەکان.

بەتەمەنترین سەرۆک
جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ دوو بەتەمەنترین کەسانی مێژووی ئەمریکان کە لەلایەن حزبێکی گەورەوە بۆ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراون. هەرکام لەم دووانە کە لە هەڵبژرادنەکاندا سەرکەون، لەکاتێکدا کە تا کۆتایی خولی ٤ ساڵەی خۆی بەردەوام بێت لە کارەکەی، دەبێت بە پیرترین سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدن، کامالا هاریس دەبێت بە یەکەم ژن، یەکەم ژنی ئەفریقی-ئەمریکی و یەکەم ژنی ئاسیایی ئەمریکی کە گەیشتووەتە پلەی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان
بەپێی بەندی دووەمی یاسای بنەڕەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆئەوەی کەسێک ببێت بە سەرۆک کۆمار دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
٣٥ساڵ کەمتر نەبێت، لای کەم ١٤ساڵ لە ئەمریکا ژیابێت.

کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی بەگشتی لەلایەن حزبەکانی ئەمریکاوە هەڵدەبژێردرێن و ئەو حزبەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، وەک هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، ئەو کاندیدەی کە بەباشترین بژاردە دادەنێن، وەکو کاندیدی سەرەکی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەستنیشان دەکەن. هەڵبژاردنی پێشوەختە بەگشتی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت. شێوازەکە بەمجۆرەیە کە دەنگدەران دەنگدەدەن بە لیستێک لە نوێنەرانی حزبەکەی خۆیان کە ئەم نوێنەرانە هاودەنگ بوون لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو، پاشان نوێنەران بەشێوەی فەرمی یەک کاندید دیاریدەکەن تاوەکو لە ڕێگەی حزبەکەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات. 

کاندیدی سەرۆک کۆمار بەگشتی هاوەڵێک (ڕاوێژکار) بۆ خۆی دیاریدەکات و دواتر لە کۆنگرەی حزبەکەدا لەلایەن نوێنەرانەوە هەڵدەبژێردرێت، (بەڵام ئەمە حزبی لیبراڵەکان ناگرێتەوە، ئەوان کاندیدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنێکی جیادا دیاریدەکەن).
ئەو هەڵبژاردنەشی کە لە مانگی تشرینی ئەکەم بەڕێوەدەچێت و خەڵکی ئەمریکا دەڕۆن دەنگ دەدەن، هەڵبژاردنێکی ناڕاستەوخۆیە.

دەستەی هەڵبژاردن
لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەران وێڕای ئەوەی دەنگ بە سەرۆک کۆمار و ڕاوێژکارەکەی دەدەن، هاوکات دەنگ دەدەن بە لیستێک لە کاندیدەکانی (دەستەی هەڵبژاردن) Electoral College.

پاشان ئەو (دەستەی هەڵبژاردن)ە بەشێوەی ڕاستەوخۆ سەرۆک کۆمار و ڕاوێژکارەکەی دیاریدەکەن .

ئەگەر هاتوو هیچ کاندیدێک نەیتوانی ٢٧٠دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن) بەدەستبهێنێت کە کەمترین دەنگی پێویستە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوکاتە (ئەنجوومەنی نوێنەران) لە نێوان ئەو سێ کاندیدەی کە زۆرترین دەنگی دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن)ی بەدەستهێناوە، یەکێکیان وەک سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت. ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماریش لەلایەن (ئەنجوومەنی پیران)ەوە لە نێوان ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگی (دەستەی هەڵبژاردن)ی بەدەستهێناوە، هەڵدەبژێرێت.

مانای وایە خەڵکی ئەمریکا لە کاتی هەڵبژاردن، وێڕای ئەوەی دەنگ بە سەرۆک کۆمار و ڕاوێژکارەکەی دەدەن، هاوکات لەپاڵ ئەوەشدا دەنگ بە دەستەی هەڵبژاردن دەدەن و دواتر ئەوە دەستەی هەڵبژاردنە کە وەک نوێنەری خەڵکی، دەنگی ڕاستەوخۆ بە سەرۆک کۆمار دەدات. واتە ئەم دەستەیە بەپێی دەنگی خەڵکی دەڕوات دەنگ بە سەرۆک کۆمار دەدات.

هەمواری بیست و دووەمی دەستووری بنەڕەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت کە هیچ کەس ناتوانێت زیاتر لە دوو جار خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵبژێرێت. بۆیە بیڵ کلینتۆن، جۆرج بۆش و باراک ئۆباما ناتوانن خۆیان هەڵبژێرنەوە، بەڵام جیمی کارتەر بەهۆی ئەوەی تەنها یەک خولی چوار ساڵە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بووە، دەتوانێت جاریکی دیکەش خۆی کاندید بکاتەوە. بەڵام ئەو بە وتەی خۆی " لە ٩٥ ساڵیدا ئەم کارە ناکرێت" ئەگەری کاندیدبوونی خۆی ڕەتکردەوە.

دەستوەردانی دەرەکی
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هەریەک لە ئێران، چین و ڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵدەدەن دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا بکەن.
لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ، مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند گروپێکی هاکەر بەناوی Phosphorus کە ئەگەری هەیە کار بۆ ئێران بکەن، هەوڵیان داوە دزەبکەنە ناو ئیمەیڵی ڕۆژنامەوان و بەرپرسانی باڵا و کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

کۆمەڵێک هاوڵاتی ئێرانی وێنەی کورتەنامەیەکی ناو مۆبایلەکانیان لە ئینتەرنێتدا بڵاوکردەوە کە بۆیان هاتبوو، تێیدا نووسرابوو واشنتۆن بەڵێن دەدات ١٠ملیۆن وەک پاداشت بدات بەو کەسەی زانیارییان لەبارەی دەستوەردانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بدات بە ئەمریکا.

دواتر لە ڕۆژی هەینی ٧ی ئابی ٢٠٢٠ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە نامەی بۆ کۆمەڵێک لە تەلەفۆنی تایبەت بە وڵاتانی ڕوسیا و ئێران ناردووە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیڵێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕوونی کردەوە، لە ئامانج لەم کورتەنامانە ئاگاداری پێدانێکە لە ئاستی جیهانی سەبارەت بەو هەڕەشە سایبرییانەی کە دژی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڕێوەیە و لەبەرانبەردا پاداشتیش دەکرێن، باسی لەوەش کرد ئەم ئیمەیڵە بەشێکە لە کەمپینێکی سەرانسەری لە جیهاندا و بە زمانی جیاوازیش نێردراوە.

دواخستنی هەڵبژاردنەکان
لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠، جۆ بایدن ڕایگەیاند ئەگەری هەیە ترەمپ هەوڵ بدات هەڵبژاردنەکان دوابخرێت و وتی" هەوڵدەدات بەشێوازێک هەڵبژاردنەکان دوابخات، هۆکارێک دروست بکات بۆئەوەی بڵێت ناکرێت هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدێت"

قسەکەی جۆ بایدن هاتەدی و ترەمپ لە تەموزی ٢٠٢٠ بۆ یەکەمجار داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کرد، ترەمپ لە تویتەرەکەی خۆی ڕایگەیاند کە هەڵبژاردن لە ڕێگەی پۆستەوە وادەکات نادروستترین و پڕ گزیترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، پێشنیاریشی کرد هەر کاتێک بارودۆخ و هەلومەرجەکەی هاتەپێش ئینجا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەم پێشنیارەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە.
ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif