رێکخراوێکی هەڵەبجە بووەتە "دەست و قاچی" منداڵانی کەمئەندام

ليست هناك تعليقات

رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ لە هەڵەبجە بە دابینکردنی پێداویستیی تایبەت و دروستکردنی دەست و قاچی دەستکرد بووەتە هیوای زۆربەی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان و هاوکارییەکانی دەگەیێنێتە کەمئەندامانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ لە چالاکییەکەیدا پێداویستیی وەک کورسیی دانیشتن، کورسیی راوەستان و رەوڕەوەی بەسەر 15 منداڵدا دابەش کرد کە بەشێکیان ئیفلیجیی مێشکیان هەبوو و بەشێکیشیان جووڵەی قاچەکانیان لەدەستدابوو و لە شارەکانی هەولێر و زاخۆوە هاتبوون.

مریەم کچێکی پێنج ساڵانی خەڵکی زاخۆیە و هەر بە زگماکی ئیفلیجیی مێشکی هەبووە و دەست و قاچەکانی کار ناکەن. رێکخراوی ژیانێکی نوێ کورسیی تایبەتی بۆ دابینکرد. دایکی مریەم دەڵێت، "کچەکەم نە دادەنیشێت نە رێ دەکات. زۆر پێوەی ماندووبووم ئەوەندە راهێنانم پێکردووە. لە دهۆک و زاخۆ شوێنێکی وای لێنییە کە هاوکاریی ئەم جۆرە منداڵانە بکەن، زۆر سوپاسی ئەم رێکخراوە دەکەین کە بە خۆڕایی ئەو ئامێرەی بۆ دابینکردین".

جیهاد باوکی منداڵێکە کە دەبێت پێیەکی ببڕدرێتەوە و هی دەستکردی بۆ دروستبکرێت. ئەو لە زاخۆوە چووەتە هەڵەبجە تاوەکو لەلایەن رێکخراوەکەوە پێداویستییەکانی منداڵەکەی منداڵەکەی دابینبکرێن، دەڵێت، "ئەم رێکخراوە لە ئینتەرنێت بانگەوازی کردبوو کە یارمەتیی ئەم جۆرە منداڵانە دەدات. لەبەر ئەوەی خۆمان پارەمان نەبوو ئەو جۆرە کورسییەی بۆ بکڕین، بۆیە هاتین بۆ ئێرە تاوەکو بە خۆڕایی وەریبگرین، چونکە لە زاخۆ و دهۆکیش شوێنی وای لێنییە کە هاوکاریی ئەمجۆرە منداڵانە بکات. هەموو هیوایەکمان ئەوەیە کوڕەکەمان بە رێدا بڕوات".

ئەو منداڵانەی ئیفلیجیی مێشکیان هەیە، یان لە رووداوێکدا جووڵەی پێیەکانیان لەدەستداوە و ناتوانن دابنیشن. کورسیی دانیشتنیان دەدرێتێ و بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاریدەهێنن. دواتر ئەگەر زانرا هاوسەنگیی لەشیان بە دانیشتنەکە رێکبووەتەوە، ئەوا کورسیی راوەستانیان دەدرێتێ و دواتریش رەورەوەیان دەدرێتێ.

ئانیا کچۆڵەیەکی شەش ساڵانە کە لە رووداوێکی تەقەکردندا گوللە بەر دڕکەپەتکی کەوتووە و ئێستا ناتوانێت دابنیشێت و بە پێیەکانی بڕوات. هەورامان عیزەت، باوکی ئانیایە ئاماژە بەوە دەکات، کچەکەی لە رووداوێکی تەقەکردندا بەرکەوت و بەهۆیەوە 60%ـی دڕکەپەتکی لەدەستداوە. "ئێستا چارەسەری سرووشتیی بۆ بەکاردەهێنن و سوپاس بۆ خوا لە پێشتر باشترە. زۆر سوپاسی ئەم رێکخراوە دەکەین کە ئەم پێداویستییانەمان بۆ دابیندەکات".

رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ کارەکانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا نەوەستاون و خاوەنپێداویستیی تایبەت لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانیان دەکەن و پێداویستیی تایبەتیان بۆ دابیندەکەن.

سەرکۆ رەحیم حەمەغەریب، سەرۆکی رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماستەر لیستی ئێمەدا زیاتر ئەو منداڵانە تۆمار دەکرێن کە ئیفلیجیی مێشکیان هەیە، یان پێویستیان بە دەست و قاچی دەستکردە یان نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجەیان هەیە. ئێستا لە سەرتاسەری عێراقدا نزیکەی پێنج هەزار منداڵ ئەنداممان هەیە".

رێکخراوەکە بەبێ بەرامبەر هاوکاریی منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دەکات و سەرۆکەکەی دەڵێت، "خێرخوازان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان هاوکاریمان دەکەن".

لە ماوەی رابردوودا فڕۆکەکانی تورکیان هاوینەهەواری کونەماسییان لە شارۆچکەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد و ژن و مێردێک و دوو منداڵیان بەر بۆردوومانەکە کەوتن کە ژنەکە قاچێکی بەو هۆیەوە لەدەستدا و رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ بەڵێنیان پێداوە قاچێکی دەستکردی بۆ دروستبکەن.

سەرکۆ رەحیم لەو بارەیەوە دەڵێت، "بەڵێنمان پێداوە کە قاچی بۆ دروستبکەین، بەڵام کاتی دەوێت تاوەکو برینەکەی ساڕێژ ببێت. پزیشکەکەی ئەمریکاش پێیگوتووین کە شەش مانگی پێویستە تاوەکو ئێسک و گۆشتەکەی یەکدەگرێتەوە. ئێمە دەبێت قاچێکی بۆ بکەین کە دوایی کێشەی نەبێت. هەفتەی پێشوویش سەردانمان کردووە و بەڵێنمان بۆ دووپات کردەوە کە دوای ئەو شەش مانگە قاچەکەی بۆ دروستدەکەین". 

رێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ ساڵی 2008 دامەزراوە. نووسینگەی سەرەکیی لە هەڵەبجەیە، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە خاونپێداویستیی تایبەت دەچێتە لایان و هاوکاریی دەکەن. تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج هەزار و 67 کورسییان بەسەر خاوەنپێداویستیی تایبەتدا دابەش کردووە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif