دۆناڵد ترامپ نامەیەك ئاراستەی بەشار ئەسەد دەكات

ليست هناك تعليقات

سەرۆکی ئەمریکا نامەیەک بۆ سەرۆکی سووریا دەنێرێت و داوای لێدەکات یارمەتیدەری بێت بۆئەوەی ئۆستن تایس، رۆژنامەڤانی دەستگیرکراوی ئەمریکی بگەڕێنێتەوە ناو کەسوکاری.

ئۆستن تایس رۆژنامەڤانێکی فریلانس بوو و کاری بۆ فرانس پرێس، واشنتن پۆست، سی بی ئێس و چەندین تۆڕی دیکەی هەواڵی دەکرد و لە 14ی ئابی 2012دا لە خاڵێکی پشکنینی نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستگیرکرا و دیارنەما.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا بەردەوام هەوڵیداوە لەگەڵ بەرپرسانی سووریا قسەبکات بە مەبەستی ئازاکردنی ئەو رۆژنامەڤانە و لەو چوارچێوەیەشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئاداری رابردوودا نامەیەکی بۆ بەشار ئەسەد نارد و پێشنیازی دیالۆگی راستەوخۆی لێکرد. پۆمپەیۆ دەڵێت، نابێت کەس گومانی لە پابەندبوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانە هەبێت کە لە دەرەوەی وڵات بە بارمتە گیراون یان بەشێوەیەکی هەڵە دەستگیرکراون.

دۆناڵد ترەمپیش راگەیێندراوێکی لەبارەی هەمان بابەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەمساڵدا داوام لە حکومەتی سووریا کرد کارمان لەگەڵ بکات بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئۆستن. جارێکی دیکەش داوا لە سووریا دەکەم لە دۆزینەوەی ئۆستندا یارمەتیمان بدات".

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، کاری لەپێشینەی ئیدارەکەی بریتییە لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەمریکییە ونبوو و بێسەروشوێنەکان لە دەرەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، "خێزانی تایس مافی خۆیانە وەڵامیان دەستبکەوێت. ئێمە لەگەڵیان دەبین و پشوو نادەین تاوەکو تایس دەگەڕێنینەوە'.

ئەمریکا و سووریا مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێویان لە پەیوەندییەکانیان هەیە. ساڵی 1944 پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکرد، بەڵام لە ساڵی 1967 و لە کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئەو پەیوەندییە تێکچوو. ساڵی 1974 جارێکی دیکە پەیوەندییەکان دەستیان پێکردەوە، بەڵام لە ساڵی 1979 دا سووریا خرایە ناو لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، ئەوەش بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە "گرووپە تیرۆریستییەکان و هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی چەکی کۆمەڵکوژ".

لە ساڵی 1990 تاوەکو 2001 جۆرە هاوئاهەنگییەک لە نێوان هەردوو وڵات لە هەندێک بواردا هەبوو، بەڵام لە 2003 پەیوەندییەکان تێکچوونەوە و دواتر لە 2009 ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر سووریا کرد.

ساڵی 2011 و لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی سووریا گرژی لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروستبووەوە. ئەمریکا پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە سووریا دەکات و پێگەیەکی بەهێزیشی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە و لە شەڕی دژی داعشیش یارمەتی هەسەدە دەدات.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif