کۆگاکانی چەکی میلیشیاکان، شكست بە كازمی دەهێنن؟!

ليست هناك تعليقات

کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، تیشکی خستە سەر ئەو چەک و تەقەمەنییانەی میلیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران، لە عێراقدا هەیانە و لە ناوچە سڤیلەکانی بەغدا و چەندین شاری دیکەدا بڵاویانکردووەتەوە. بەتایبەت لە ناوچەکانی جەرف سەخر، تکریت و مووسڵ. ئێستا عێراقییەکان ترسێکی گەورەیان هەیە لەوەی، ئەوەی لە بەیرووت روویدا، لە عێراقیشدا دووبارە ببێتەوە.

هەفتەی پێشوو، لە بەندەری بەیرووت لە پایتەختی لوبنان، کۆگایەکی گەورەی پڕ لە نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقییەوە. رووداوەکە بەشێکی بەرچاوی بەیرووتی وێرانکرد، سەدان کوژراو و زیاتر لە شەش هەزار برینداری لێکەوتەوە. تائێستا حیزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیاکانی ئەو حیزبە کە ئێران پشتگیرییان دەکات، گومانلێکراوی سەرەکین لە خاوەنداریەتی کۆگای ئەمۆنیۆمەکە.

دیارنەبوونی هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکەی بەیرووت تائێستا، پاش تێپەڕینی هەفتەیەک و ئەو پشێوی و ناڕەزایەتییەی تەقینەوەکە لەگەڵ خۆیدا هێنای، وایکردووە زۆر وڵات پێداچوونەوە بەمەرجەکانی سەلامەتیی بەندەر و کۆگا جیاوازەکانیاندا بکەن. لە عێراق هەمان ترس، بەڵام زۆر بەگەورەیی خۆی دووبارە دەکاتەوە، لەکاتێکدا دەگوترێ باڵادەستی زۆر شار و ناوچەی وڵاتەکە، ئەو میلیشیا چەکدارانەن کە ئێران پشتگیرییان دەکات و لە حکومەتی عێراقیش یاخین.

ترسەکە ترسێکی راستەقینەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی نزیکەی هەموو دانیشتووانی عێراق لەوە دڵنیان، کە گرووپە چەکدارەکان، بێباکن لە چارەنووس و سەلامەتیی خەڵک. سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە میلیشیا چەکدارەکان، بەشی زۆری کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان، لەو گەڕەک و ناوچانەدا حەشارداوە کە پڕی دانیشتووانن، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەیان لە چاوی حکومەت و هەر هێرشێکی ئەمریکی کە بکرێتە سەریان.

ئەم ئەگەرە مەترسیدارانە، وایکرد لە هەفتەی رابردووەوە، دەنگێکی زۆر بۆ دوورخستنەوەی کۆگاکانی چەک لە ماڵ و گەڕەکەکانی شارەکان بەرز ببێتەوە و داوا بکرێ خەڵک لەو مەرگە بپارێزرێت کە چواردەوری داون.

حکومەتی عێراق، هەفتەی رابردوو وەک گوێگرتنێک لەو دەنگانە، لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای دەروازە سنوورییەکانەوە ئاشکرایکرد، کە داواکراوە هەموو کۆنتێنەرەکانی دەروازە و بەندەرەکان بپشکنرێن و دەستنیشان بکرێن، هەروەها ریزبەندی جۆری مەترسی کۆنتێنەرەکان بکرێت، دواتریش رێوشوێنی پێویست بۆ دووبارەنەبوونەوەی مەرگەساتەکەی بەیرووت بگیرێتەبەر.

بڵاوکراوەیەکی فەرمی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لە زاری عومەر عەدنان وائیلی، گواستەوە کە پێویستە ئەو رێوشوێنە خۆپارێزیانە بگیرێنەبەر، لەپێناو رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە لوبنان روویدا. دووپاتیکردەوە کە لیژنەی راسپێردراو بۆ کارەکە، دەبێ لە ماوەی 72 کاژێردا، راپۆرتی خۆی بنووسێتەوە.

چەکەکانتان دووربخەنەوە

چالاکڤانانی عێراقی، چەندین هاشتاگیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیاند، بەتایبەت توویتەر، داوایانکرد چەکی میلیشیاکان لە ناو شارەکان ببرێنە دەرەوە، بەتایبەت چەکەکانی حیزبوڵڵای عێراقی. هاشتاگەکان فۆڵۆ و ریتویتی بەرچاویان بۆ کرا و داواکارییەکە، وەک داواکارییەکی میللیی گەورە دێتە بەرچاو.

نەجات تائی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، قسەی بۆ کەناڵی عەرەبییە کرد و داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، هەنگاوی گرنگ و خێرا بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان بگرێتەبەر و بیر لە پاراستنی ماڵوموڵکی ماڵباتە عێراقییەکان بکاتەوە. ئەو دووپاتیکردەوە کە ئەو هەنگاوە، پشت دەبەستێت بە بڕیارێکی خێرا و ئازایانە، کە بەڕوونی بڕیاربدات لە دوورخستنەوەی کۆگای چەکەکان، لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک، تا مەرگەساتەکە دووبارە نەبێتەوە.

رەعد هیشام، شرۆڤەکاری کاروباری گرووپە چەکدارییەکان بە کەناڵە عەرەبییەکەی راگەیاندووە، داواکارییەکانی بەتاڵکردنی شارەکان لە چەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، داواکارییەکی رەوایە، ئەمەش لەبەرئەو رووداوە زۆرانەی لە رابردوودا بەهۆی شۆرتی کارەبا و تەقینەوەکانەوە روویانداوە، بەتایبەت لە بەغدا.

ئەو زیاتر دەڵێت تەقینەوەکەی بەیرووت، رووداوەکانی ناو شارەکانی بەبیری خەڵک هێنایەوە، هۆشداریدا لە دووبارەبوونەوەی و ترسیشی زیندووکردەوە.

ئەو روونیدەکاتەوە چەکەکانی حیزبوڵڵا کە مووشەکی دوورمەودای ئێرانییان تێدایە، وایکردووە شاری جەرف سەخر ببێتە مۆڵگەیەکی گەورەی مەترسیدار، چونکە ئێران هەوڵدەدات گۆڕەپانی عێراق بکاتە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا. ئەو زیاتر دەڵێت شاری ئامرلیش کە سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدایە، بووەتە کۆگایەکی باشی هەڵگرتنی چەکە ئێرانییەکان، پێشتریش چەندین رووداوی بەخۆوە بینیوە.

دابەشبوون بەپێی ناوچەی قەڵەمڕەوی

پسپۆرەکە ئاشکرایدەکات کە شوێنەکانی هەڵگرتن و ئەمبارکردنی چەکەکان لە بەغدا، بەپێی ناوچەی قەڵەمڕەویی هێزەکان دابەشبووە، لەگەڵ توانای هەر میلیشیایەک لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە. میلیشیاکانی حیزبوڵڵای عێراق چەکەکانیان لە ناوچەکانی باشووری بەغدا دەشارنەوە، بەتایبەت لە دۆرە، هەرچی میلیشیاکانی سەرایا خوراسانییە، ناوچەی جادریەیان کردووەتە ئەمباری چەکەکانی خۆیان.

هەرچی ناوچەی سەدرە، گرووپی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر، کۆگای چەکی تێدا داناوە. ماوەیەک لەمەوبەر لەوێ تەقینەوەیەک روویدا و قوربانییانی سڤیلی لێکەوتەوە.

هیشام، لەسەر دەستنیشانکردنی جوگرافیای چەکی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق، بەردەوامە و دەڵێ رۆژهەڵاتی بەغدا، بەتایبەت ناوچەکانی مەشتەل، زەعفەرانییە و شارەوانییەکان، ناوچەی قەڵەمڕەو و کۆگای چەکەکانی سەر بە میلیشیاکانی عەسائیب ئەلحەقی سەر بە قەیس خەزعەلین. لە نێو هەریەک لەو ناوچانەدا، کۆگای تەقەمەنی ناحکومی هەیە لە نێو دانیشتوواندا، کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵگیراون و بۆی هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقنەوە.

لای خۆیەوە عەلی عەزیز، ئەمینداری لیژنەی شۆڕشی تشرین، بە "عەرەبیە نێت"ی راگەیاندووە کە پێویستە، کازمی رێگری لەو پێشێلکارییانە بکات و سنوورێک بۆ میلیشیاکان دابنێت.

ئەو دەڵێت هەنگاوی یەکەمی راست، بریتییە لە داخستنی هەموو کۆگاکانی چەکی گرووپە چەکدارییەکان، کە بە شار و شارۆچکەکاندا بڵاوبوونەتەوە و لە نێو خەڵکیدا جێگیر کراون.

ئەو پێیوایە، هەنگاوەکە سەرەتایەک دەبێت بۆ گێڕانەوەی رێز بۆ دەوڵەتی عێراق و بونیادنانی دامەزراوەی سەربازی و دەزگا ئاسایشییەکان.

زەیدون عیماد، چالاکڤانی سیاسی ئاشکرایکردووە کە داواکاری زۆر هەیە بۆ بەتاڵکردنەوەی شارەکان لە چەکی میلیشیاکان.

ئەو نموونە بە مەترسیداریی دۆخەکە، بە رووداوێک دەهێنێتەوە کە ماوەیەک لەمەوپێش روویدا، کاتێک رووداوێک لە نێو ماڵێکی ناوچەی سەدردا روویدا کە تەقینەوەی کۆگایەکی چەک بوو و بووە هۆی کوژرانی 40 کەس.

ئەمە جیا لە تەقینەوەی سەربازگەی سەقر، کاتێک مووشەکەکانی ناو سەربازگەکە تەقینەوە و بە ئاسماندا چوون، دواتر لە نێو ماڵەکانی نزیک لە شوێنی سەربازگەکەی میلیشیاکان، کەوتنە خوارەوە، بەتایبەت لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا کە دەیان قوربانیی لێکەوتەوە.

چالاکڤانە سیاسییەکە نموونەکە بەوە دەهێنێتەوە کە ئەوە دەکرێ سەرەتای لەناوبردنی میلیشیاکان بێت، چونکە ئەوە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەران، بۆ حکومەتەکەی کازمی کاتێک دەستبەکاربوو، دووپاتیدەکاتەوە کە چەکی میلیشیاکان ئەوەندە قوربانیی لە نێو خەڵکدا خستووەتەوە، ئیدی ئێستا کاتی لەناوبردنیەتی.

"ململانێیەکە ئەمڕۆ لە نێوان دەوڵەت و لادەر لە دەوڵەتدایە، میلیشیاکان و چەکەکانی دەستیان، مەترسی راستەقینەن لەسەر ئازادیی خەڵک و هەڕەشەن لەسەر هەر دەنگێک، کە دژی بیرکردنەوەی ئێران بێت لە عێراقدا، ئەمەش سەرچاوەی مەترسییە گەورەکەیە" ئەمە قسەی چالاکڤانە سیاسییەکەیە.

رووداوەکانی پێشوو لە عێراقدا

لە دوای تەقینەوەکەی بەیرووتەوە، لەپاڵ هاشتاگە چالاکەکاندا، هەندێک کەسی دیکە، وێنەی رووداوەکانی تەقینەوەی کۆگاکانی چەکی میلیشیاکانیان لە عێراق بڵاوکردەوە، وەک بیرخستنەوەیەک بۆ ئەوەی لە رووی بوونە قوربانییەوە بەدەستی میلیشیاکان، عێراقییەکان لە پێش لوبنانییەکانەوەن.

هەندێک، وێنەی ئاسەوارەکانی تەقینەوەی کۆگایەکی ناو ماڵانیان، لە ناوچەی سەدر بڵاوکردەوە کە ماڵی چەندین هاونیشتمانی بەهۆیەوە خاپوور بووە، ئەمەش پاش تەقینەوەی کۆگایەکی چەکی میلیشیاکان لە ناوچەکەدا.

تەقینەوەکە لە حوزەیرانی 2018 لە ناو حوسەینییەیەکی ناوچەی سەدردا روویدا، بووە هۆی کوشتنی 18 کەس و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە.

تەقینەوەکە کە لە کۆگای چەکی حوسەینیییەکەدا روویدا، بووە هۆی رووخاندنی باڵەخانەی قوتابخانەیەکی نزیک و دەیان ماڵی چواردەوری حوسەینییەکە، جیا لە دروستکردنی چاڵێک بەقوڵایی 25 مەتر.

مانگی ئابی ساڵی رابردوو، تەقینەوەی کۆگایەکی چەکەکانی سەر بە حیزبوڵڵای عێراقی، بووە هۆی بەئاسمانداچوونی مووشەکەکانی ئەو حیزبە، کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 29 کەسی دیکەش.

مانگی ئەیلوولی 2016، کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی سەر بە حەشدی شەعبی، لە رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە کە زیانی گیانی و ماڵی یەکجار گەورەی لێکەوتەوە و زیانەکان، لە دووری دەیان کیلۆمەتر لە شوێنی تەقینەوەکە کەوتنەوە، ئەمە جیا لە بەئاسمانداچوونی مووشەکەکان.

ئابی 2019، لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا، ترس و تۆقینی زۆر لە نێو خەڵکدا بڵاوبووەوە کاتێک ژمارەیەک مووشەک، هەڕەمەکییانە تەقین و چەندین مووشەکی هاوەن لە ناو گەڕەکەکانی ناوچەکەدا کەوتنەوە و کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە، دواتر روون بووەوە کە رووداوەکان بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەکی سەر بە میلیشیاکانی بەدر، یەکێک لە بەهێزترین باڵەکانی حەشدی شەعبی کە لە نێو بنکەیەکی پۆلیسدا، کۆگای تەقەمەنییان دروستکردبوو، روویداوە.

دوور لە بەغدا، شاری کەربەلا دوو تەقینەوەی هاوشێوەی لە پێشوودا بەخۆوە بینیوە. جاری یەکەم لە نزیک دەروازەی سەرەکی شارەکە، کۆگایەکی حەشدی شەعبی تەقییەوە و مردن و برینداری لێکەوتەوە. دواتریش کۆگایەکی دیکە لە شارۆچکەی خان دەبع لە باشووری رۆژهەڵاتی کەربەلا تەقییەوە.


ژمارەی تەقینەوەکان و ژمارەی کۆگاکان

ئەوەی ترسی عێراقییەکانی لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییەکان زیادکردووە، جیا لە ئەگەری تەقینەوەی خۆبەخۆیان، ئەو رووداوی تەقینەوانەیە کە بەهۆی هێرشی سەرچاوە نەناسراوەوە دەکرێنە سەر ئەو کۆگایانە. 
لە ماوەی رابردوودا چەندین رووداوی تەقینەوە لە بارەگا و سەربازگە و کۆگاکانی میلیشیا چەکدارییەکاندا روویداوە، بەبێئەوەی سەرچاوەی روودانیان ئاشکرا بکرێت. زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو تەقینەوانە، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئەو جێگایانە.

دانیشتووان ترسیان لەوە هەیە هێرشکردنە سەر بارەگا و کۆگاکانی میلیشیاکان، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کۆگای ناو ناوچە قەرەباڵخەکانیش بگرێتەوە.

رۆژنامەی عەرەب دەڵێ، سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق دووپاتیدەکەنەوە، تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا، 7 تەقینەوە لە کۆگاکانی چەکی گرووپە میلیشیاییەکان، لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق روویانداوە.

ئەو رۆژنامەیە ئاشکرایکردووە، لە دوای تەقینەوەکەی بەیرووتەوە، خۆبەخشانی سڤیل، بڕیاری سەرژمێری کۆگاکانی تەقەمەنییان داوە لە ناو شاری بەغدادا و ئەوان دڵنیابوونەتەوە لەوەی تائێستا لە پایتەختدا، 10 کۆگای گەورەی چەک و تەقەمەنی و مووشەکەکانی، میلیشیاکان هەن، کە هەموویان لە ناوچە قەرەباڵخەکانی پایتەختدان.

ئایا کازمی دەست بۆ کۆگای چەکی میلیشیاکان دەبات؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئێستا زۆر دەوروژێنرێت، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە لەوەی کازمی ئەوکارەی پێدەکرێت.

دەسەڵاتدارانی عێراق، کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی لە نێو دانیشتووانی سڤیلدا بە تاوان دادەنێت. دۆسێی لێکۆڵینەوەی بۆ چەندین لەو رووداوانە کردەوە کە پێشتر روویانداوە، بەڵام تائێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەگەیشتووەیە تۆمەتبارکردنی هیچ لایەنێکی بەرپرس.

لە عێراقدا گومانی گەورە هەیە لەوەی کازمی بتوانێت ئەو داواکارییە میللییە نوێیە جێبەجێ بکات، بە بەڵگەی ئەوەی کە کازمی هێشتا نەیتوانیوە بەرپرسانی کوژرانی یەکێک لە دیارترین لایەنگرەکانی خۆی ئاشکرا بکات، کە هیشام هاشمیە و لە نێوجەرگەی بەغدادا کوژرا.

ئەوانەی گومان لە کۆنترۆڵکردنی پرۆسەکە دەکەن، دەڵێن بابەتەکە لە بنەمادا پەیوەندی بەو بێسەروبەرییەوە هەیە کە هەڵگرتنی چەک لە عێراقدا هەیەتی، بەتایبەت چەککردنی میلیشیاکان کە تائێستا هیچ بەرپرسێکی عێراقی دەرەقەتی نەهاتووە و نەیتوانیوە سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنێت.

پێشتر حەیدەر عەبادی، لەدوای تەقینەوەکەی ناوچەی عوبەیدی لە 2016، فەرمانی بە سوپادا بۆ بەتاڵکردنەوەی بەغدا و سەرجەم شارەکانی دیکە لە کۆگای میلیشیاکان، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێنەکرا و تەقینەوەی دیکە لە شارەکاندا روویاندا.

ئەگەر باسەکە بگەڕێتەوە سەر کازمی، کە هەندێکجار خۆی بەکەسێکی سوور و یەکلاکەرەوە لە بەرامبەر میلیشیاکان پێشاندەدات، وەک ئەوەی لە دۆسێی دەروازە سنوورییەکاندا ئەنجامیدا، ئەوا لە بەتاڵکردنەوەی شارەکان لە کۆگای چەکی میلیشیاکان، گومانی زۆری لێدەکرێت. چونکە جیا لەوەی بڕیارەکە رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو میلیشیایانەیە کە خاوەنی کۆگای چەکن لە شارەکاندا، لابردنی کۆگاکان وا دەکات گواستنەوەی چەکەکان و شوێنە نوێیەکانیان، تاڕادەیەک ئاشکرا بێت و ئەوەش دەیکاتە ئامانجی ئاسان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا. بۆیە پێناچێ ئەم دۆسیە نوێیە، وا بەئاسانی لەلایەن کازمییەوە دەستی بۆ ببرێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق