ژنە رەشپێستەکە چۆن بە جێگری جۆ بایدن دەستنیشانکرا؟

ليست هناك تعليقات


لە دوا مێزگردی نێوان رکابەرانی پارتی دیموکراتدا لە مانگی مارسی رابردوو، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵێنیدا ئەگەر هەڵبژاردنەکەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بباتەوە، خانمێک دەکاتە جێگری خۆی لە سەرۆکایەتی ئەمریکا.

لەو کاتەوە، چەندین رووداوی گەورە روویانداوە، لە سەرووی هەموویانەوە، دەستەبەرکردنی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی دیموکرات بە فەرمی، کە بووە هۆی دەستنیشانکردنی بایدن بە پاڵێوراوی پارتەکە بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا. بەر لەوەش هەندێک پێشبینی هەبوون لەبارەی دەیان رکابەرەوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک تا هاوتای بایدن بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەرایەتی بکات.

رووداوەکانی وەک پەتای کۆرۆنا، تێکچوونی دۆخی ئابووری، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە پاش کوژرانی جۆرج فلۆید و تەنگژە رەگەزپەرستییەکانی وڵات، هێندەی دیکە جیاوازییان لە بۆچوونەکاندا دروستکرد.

ئەگەر بایدنی جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنەکەی خۆی بباتە سەر، ئەوە دەبێتە سێیەمجار کە تێیدا پارتێکی گەورە، ئافرەتێک بۆ دووەم پۆستی گەورەی ولات لە ماوەی چوار ساڵدا دەستنیشان بکات، هاوکات یەکەمجارە لە دوای هیلاری کلینتنەوە کە یەکەم خانم بوو، کۆدەنگی دیموکراتەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەدەستهێنا، بەرلەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ شکست بهێنێت.

دوێنێ شەو، بایدن دواجار کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هێنا و کامالا هاریسی بەجێگری خۆی دەستنیشانکرد، کە یەکەمین ئافرەتی رەشپێستە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت.

جۆ بایدن رایگەیاند "شەرەفێکی گەورەیە" کە هاریسی وەکو جێگری خۆی دەستنیشانکردووە و هاریسی بە "جەنگاوەرێکی چاونەترس" ناوبرد.

بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت کە دیارترین و بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپن.

کامالا رەخنەگرێکی تووندی دۆناڵد ترەمپە، کاتێک ترەمپ لە رۆژئاڤای کوردستان کشایەوە، هاریس لە توویتێکدا نووسیبوی "دۆناڵد ترەمپ لە سووریا کوردی فرۆشت". لە 2010 بووە بە داواکاری گشتیی کالیفۆڕنیا، لە 2014 هەمان پۆستی وەرگرتووەتەوە.

وەکو سیناتۆر کاری لەسەر ئەم بابەتانە کردووە:
- چاکسازیی سیستەمی تەندروستی
- رێکارەکانی وڵاتینامە بۆ کۆچبەران
- قەدەخەکردنی هەڵگرتنی چەک
- چاکسازیی سیستەمی باج

کامالا هاریس ساڵی 1964 لە کالیفۆڕنیا لەدایکبووە و تەمەنی 55 ساڵە، پارێزەرە و لە ساڵی 2017وە سیناتۆرە، ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەمریکایە، دووەم ئافرەتی ئەفریقی ئەمریکی و یەکەم ئافرەتی باشووری ئاسیایە کە لە سیناتی ئەمریکا خزمەتی کردووە.

هاریس لە ساڵی 2014 لەگەڵ دۆگلاس ئێمهۆف کە ئەویش پارێزەرە، ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.

بەپێی راپرسییەکان، ئەو هەنگاوە دەبێتە ئاماژەیەک بۆ کاری دیموکراتەکان، کە دەیانەوێت دەستەبەری زۆرینەی دەنگی ئافرەتانی وڵات بکەن. هەروەها بایدن لە تۆمەتی تێوەگلان لە پەیوەندی جەستەیی نەویستراو لەگەڵ ئافرەتاندا، بێبەری دەکەن.

ناوەندەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و بەتایبەت ئەوانەی فۆکەس دەخەنە سەر بایدن، لە هەفتەکانی رابردوودا، مشتومڕی زۆریان لەبارەی پاڵێوراوانی ئافرەت بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد، نزیکەی هەموو ناوەندەکان هاوڕابوون لەسەرئەوەی لیستەکەی بەردەمی بایدن بۆ دەستنیشانکردنی خانمێک، دوورودرێژ و چەندین کەسایەتی دیاری ئافرەتی دەگرتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هاریس دەستنیشانکرا.

لە لیستەکەی بەردەمی بایدندا، هاریس لەلایەن چەندین خانمی دیکەی دیار و سەرکەوتووەوە رکابەریی دەکرا. ئەو خانمانە پلە و پۆستی جیاواز و هەڵوێستی جیاوازیان لە سیاسەتی ئەمریکادا پێشانداوە. لە جەنگاوەری قاچلەدەستداوی وەک تامی راکوێرسەوە کە لەپێناو پرەنسیپەکانی وڵاتەکەیدا، هەردوو قاچی لەدەستدا، تا میشێل ئۆباما کە خانمی یەکەمی وڵات بووە و لای ئەمریکییەکان خۆشەویست و دڵگیرە، لیستەکەی بەردەمی بایدن یەکجار درێژ بوو، هەریەکەش خاوەنی پرۆفایلێکی مەزن بوو.

ترەمپ جێگرەکەی بایدن بەدەمەوەرترین ناودەبات

لە یەکەم کاردانەوەدا لە بەرامبەر دەستنیشانکردنی هاریس بە جێگری بایدن، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، هاریسی بە دەمەوەرترین ناوبرد. دووپاتیکردەوە پێشبینی ئەو دەستنیشانکردنەی نەدەکرد.

ترەمپ کە لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد، گوتی لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی دیموکراتدا، هاریس هیچ سەرنجی رانەکێشاوە و ئاستی لەو هەڵبژاردنانەدا لاواز بووە.

ترەمپ گوتی یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکرد دەستنیشانکردنی هاریسی بە جێگری بایدن بەلاوە سەیر بێت، ئەوەبوو کە لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا، هاریس زۆر سووکایەتی بە بایدن دەکرد: "بۆیە بەلامەوە قورسە کەسێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆک دەستنیشان بکەیت، نەزانێ چۆن رێزی خەڵکی بگرێت.

سەرۆکی ئەمریکا، لە قسەکانیدا هەڵوەستەی لەسەر رووداوێکی ناو ئەنجوومەنی پیران کرد، کە دەنگدەدرا لەسەر دەستنیشانکردنی برێت کاڤانۆ بە ئەندامی دادگای باڵا، ترەمپ گوتی لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی پیراندا بۆ قسەکردن لەسەر دەستنیشانکردنی کاڤانۆ، جێگرەکەی ئێستای بایدن، نیازپیسترین و دەمەوەرترین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بوو.

کامالا هاریس

هەر لە سەرەتاوە، هاریس بەیەکێک لە دیارترین بەربژێرەکانی جێگری سەرۆککۆمار دادەنرا. پرۆفایلەکەی دەریدەخات کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە، وەک داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کاریکردووە، لە ناوچە جیاوازەکانی شاری سان فرانسیسکۆ، کاری پارێزەریی کردووە. لە رووی بنەچەوە تێکەڵە، دایکی هیندییە و باوکی جامایکییە. تاقیکردنەوەکانی دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمریکای تێپەڕاند، کاتێک بەشداری لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتدا کرد لە ساڵی رابردوودا، ماوەیەک وەک بەربژێری یەکەم تەماشا دەکرا.

لە کاتی مێزگردە ناوخۆییەکانی پارتەکەدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، پێکداهەڵشاخانی لەگەڵ بایدندا هەبوو، کاتێک گوتی هەست بە ئازار دەکەم و دژی بڕیارێکی بایدن وەستایەوە، بە لابردنی جیاکارییە رەگەزییەکان لە نێو پاسی قوتابخانەکاندا، بەڵام ئەو پێکداهەڵشاخانە لەسەر رووداوێک بوو کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا روویانداوە و ئێستا ئەو بابەتە جێگەی مشتومڕ نییە.

هاریس لە هەفتەکانی رابردوودا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، پارەیەکی زۆری لە کالیفۆرنیادا کۆکردەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن کە دەگاتە 2 ملیۆن دۆلار. ئەو بەکەسایەتی پتەو ناسراوە و بۆ ئەوانە گونجاوە کە داوا لە بایدن دەکەن، خانمێکی رەشپێست بۆ جێگری خۆی لە سەرۆکایەتی وڵاتدا دەستنیشان بکات.

هاریس پەسنی زۆرینەی دیموکراتەکانی بەدەستهێنا، لەبەرئەوەی داکۆکیکاری راشکاوی چاکسازییەکانی ناو پۆلیس بوو لە کاتی خۆپیشاندانە گەورەکانی ماوەی رابرووی وڵاتدا. راپرسییەکانی بەر لە ساڵێک دەریاندەخست کە بایدن و هاریس دەبنە رکابەری گەورە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لە پێشبڕکێکانی هەڵبژاردندا.

بەربژێرەکانی دیکە کێ بوون؟

کریچن ویتمەر

تا چەند مانگێکی کەم بەر لە ئێستا، قسەی زۆر لەبارەی کریچن ویتمەرەوە نەدەکرا، کە پێشتر یاسادانەری ناوخۆیی بووە و ئێستاش حاکمی ویلایەتی میشیگانە.

کاتێک پەتای کۆرۆنا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە، ئەو بووە دەنگی بەرزی ویلایەتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و دەنگێکی بەرزی هەبوو لە رەخنەگرتن لە بەرپەرچدانەوەی لاوازی حکومەتی فیدراڵی لە بەرامبەر پەتاکەدا. ئەمە وایکرد ئەو ببێتە ئامانجێکی هێرشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەوەش ئەو گەلویستییەکی زیاتری بەدەستهێنا.

ئەو بڕیاریدا رێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکاندا جێبەجێ بکرێت و هەموو بازاڕەکان دابخات، دوای ئەوەی میشیگان بووە یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە. ئەو رێوشوێنانە ئەوی رووبەڕووی خۆپێشاندانی کۆمەڵە پارێزگارەکان کردەوە لە ویلایەتەکەی خۆیدا، ئەمەش وایکرد خۆشەویستی ئەو لە نێو دیموکراتەکاندا، زیاتر پەرە بسەنێت.


تامی داکوێرس

ئەندامەکەی کۆنگرێس لەسەر ویلایەتی ئیلینۆی، سەر بە نەوەی ئەو گەنجانەیە کە لە ساڵانی رابردوودا چوونە ناو ئەنجوومەنەکەوە. پرۆفایلی ئەو زۆر جێگەی سەرنجە. ئەو هەردوو قاچەکانی لەدەستدا کاتێک لە شەڕێکدا لە عێراق، چەکدارانی ئەو وڵاتە، هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئەمریکایان بەردایە خوارەوە. ئەو بەبێ قاچ لە خزمەتکردن لە سوپادا بەردەوام بوو، تا بە پلەی موقەدەم خانەنشینکرا و دواتر بووە جێگری وەزیری کاروباری تێکۆشەرە دێرینەکان، لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا.

داکوێرت لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا خزمەتی کردووە، دواتر ساڵی 2016 کورسییەکی ئەنجوومەنی پیرانی بەدەستهێنا. یەکەم ئافرەتی ئەمریکی-تایلاندییە، دەچێتە ناو کۆنگرێسەوە، هەروەها یەکەم ئافرەتی قاچبڕاویشە ئەو پۆستە دەستدەخات. بووە یەکەم خانم لە کاتی ئەندامیەتیی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، منداڵی ببێت.

ئیلیزابێس وارن

هەڵمەتی ئیلیزابێس وارن بۆ بردنەوەی پاڵێورایەتی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی، بووە رابردوو. دیارە دروشمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی "پلانێکم بۆ ئەوە هەیە" لای دیموکراتەکان دەنگێکی ویستراوە. راپرسییەکانی چەندین مانگی ناوەڕاستی ساڵی 2019 لە بەرژەوەندی ئەو بوون، خەڵکانێکی زۆری بەجۆشوخرۆشی لە خۆی کۆکردەوە، مێزگردەکانی بەسەرکەوتوویی بڕی. بەڵام دواتر پشتگیرییەکان نەمان، چونکە زۆرینەی چەپەکانی ناوچەکە گەڕانەوە بۆ پشتگیریکردن لە بێرنی ساندەرزی بەربژێری دڵخوازیان، لە کاتێکدا دەنگدەرە تەمەن بچووکترەکان، باوەشیان بۆ کەسانی وەک بیت پۆتیگیگ کردەوە.

تامی پاڵدۆین

بەر لە چوار ساڵ، رەخنەی ئەوە لە هیلاری کلینتن گیرا کە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا، لە ویلایەتی ویسکنسن پڕوپاگەندەی نەکردووە و بەوەش ویلایەتێکی گرنگی لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ دۆڕاند و "دیواری شین"ی دیموکراتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وڵات لەدەستدا.

دیموکراتەکان دواتر بەڵێنیاندا کە هەڵەی وا دووبارە نەکەنەوە، بەشێوەیەک کە شاری میلواکییان دەستنیشانکرد بۆ کۆنگرەی گشتیی پارتەکەیان.

تامی پالدۆین ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە لەو ویلایەتە، پێشتریش بۆ ماوەی 14 ساڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە.

هەڵبژاردنی پاڵدۆین، دەبووە رووداوێکی مێژوویی، چونکە دەبووە یەکەم کەسی هاوڕەگەزخواز بەئاشکرا، لەسەر لیستی پارتی دیموکرات، بگاتە کۆشکی سپی.

تامی بووە یەکەم ئەندامی ئاشکرای هاوڕەگەزخواز لە ئەنجوومەنی پیراندا. پشتگیری زۆری ناو ناوەندەکانی پارتی دیموکرات لە خۆبەربژێرکردنەکانی پۆتیگیگ کە ئەویش هاوڕەگەزخوازبوو، دەریدەخەن کە لە ناو دیموکراتەکاندا، ئەو لایەنگری زۆری هەیە.

کریستین سینیما

بۆچوونێک هەیە لە نێو هەندێک ناوەندی دیموکراتەکاندا لە ویلایەتی ویسکنسن، کە لەم هەڵبژاردنەدا، رووداوەکان هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو نابن، بەڵکو شارەکە هەمان قورسایی جاری پێشووی نابێت و ئەوەی یەکلاکەرەوە دەبێت، ویلایەتی ئەریزۆنایە.

ئەوان دەڵێن ویلایەتە بیابانییەکە دەبێتە "هێلکە سپییەکە" بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی بایدن، ئەمەش رزگاریدەکات لەو دڵەڕاوکێیەی کە بەرامبەر دەنگدەرانی ویلایەتی ویسکنسن هەیەتی. راپرسییەکان دەڵێن میانڕەویی سیاسییانەی بایدن، لەگەڵ گوتارە ئاگرینەکانی ترەمپدا لەبارەی کۆچەوە، وایکردووە ئەو ویلایەتە ویستی بەلای دیموکراتەکاندا هەبێت.

کریستین سینیما، خەڵکی ئەو ویلایەتە گرنگەیە. ساڵی 2018، کریستین سینیما بووە یەکەم دیموکرات کورسییەکی ئەنجوومەنی پیران بۆ دیموکراتەکان لەو ویلایەتەدا بباتەوە، لە پاش 30 ساڵ. ئەو گەنجێکی خاوەن ئامادەیی گەورەی سەر شاشەکانی تەلەڤزیۆنە، میانڕەوێکی سیاسییە.

ڤال دیمینگ

ساڵی رابردوو، دیمینگ، ئەندامێکی نەناسراوی پارتی دیموکرات بوو لە کۆنگرێسدا. دواتر نانسی بیلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەکە، رۆڵێکی دیاریدایە وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرە دێرینەکان و ئەوەش هاوتای داواکاری گشتیی کۆنگرێسە، لە کاتی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران لە سەرەتای ئەمساڵدا.

تەناتەت تا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوژرانی جۆرج فلۆیدیش، کە بابەتی یەکسانیی رەگەزی کردە بابەتێکی سەرەکی ناو دەنگدەران، سەرۆکە رەشپێستە پێشووەکەی پۆلیسی ئۆرلاندۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، لە نێو لیستی تیمەکەی بایدندا بوو بۆ پۆستی جێگری سەرۆک. ئێستا لە کەسێکی راگوزەر واوەترە.

میشیل گریشام

لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا، ئەمریکییە لاتینییەکان یەکێک لەلاوازترین کوتلەکانی هەڵبژاردنەکانی هەڵمەتەکەی بایدن بوون. لە ویلایەتەکانی وەک کالیفۆرنیا، تێکساس و نیڤادادا، بێرنی ساندەرزی چەپڕەو لە بایدنی بردەوە لە نێو ئەو توێژەی دانیشتوواندا، کە نوێنەرایەتییەکی گەورەیان لە ویلایەتەکەدا هەیە و دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵدا، کاریگەریی زۆری دەبێت.

بەپێچەوانەی نیڤاداوە، نیو مەکسیکۆ بەویلایەتێکی دیموکرات دەناسرێت، کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگەکانی بۆ ئەو پارتەیە. لە هەڵبژاردنەکانی پۆستی حاکی ویلایەتەکەدا، گریشام بەجیاوازییەکی بەرچاو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پاشئەوەی دوو ماوەی لەسەریەک پۆستەکە بەدەست کۆمارییەکانەوە بوو. گریشامی تەمەن 60 ساڵ، پێشتر لە کۆنگرێس و وەک وەزیری تەندروستی ویلایەتەکە کاریکردووە و ئەوەش ئەزموونێکی باشە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەسەرانسەری وڵاتدا.

ستایسی ئەبرامز

ستایسی ئەبرامز، خاوەن پرۆفایلێکی سیاسییانەی تەقلیدی نییە بۆ ئەوەی ببایە جێگری سەرۆک. دە ساڵی تەمەنی وەک ئەندامی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ویلایەتی جۆرجیا بەسەر بردووە، ساڵی 2018 بەشداری هەڵبژاردنەکانی حاکمی ویلایەتەکەی کرد و بە جیاوازییەکی کەم دۆڕا.

ئەو ئێستا خاوەنی دەنگێکی بیستراوە لە نێو بنکەی جەماوەریی دیموکراتەکاندا. سووربوونی ئەو لەسەر بابەتی مافی دەنگدان، وایکرد ئەو بابەتە ببێتە پێشینەی پارتەکە، بووە بەرپرسی وەڵامدانەوەی پارتی دیموکرات بۆ گوتاری 'دۆخی یەکێتی' ئەمریکا کە دۆناڵد ترەمپ لە 2019دا پێشکێشیکرد، بەوەش بووە یەکەم ئافرەت بۆ ئەو کارە دەستنیشان بکرێت.

بەپێچەوانەی رکابەرەکانییەوە، ئەبرامز هەڵمەتێکی بەرچاوی ئەنجامدا بۆ ئەوەی بەربژێربوون بۆ پۆستی جێگری سەرۆک بەدەست بهێنێت، ئەو هەنگاوە بووە هۆی توڕەبوونی هەندێک، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیانوایە ئەوە هەنگاوێکی نوێگەرانەیە. ئەبرامز ئەستێرەیەکی تازە گەشاوەی ناو پارتی دیموکراتە.

کیشا لانس بۆتمز

ناڕەزایەتییە گەورەکانی سەرانسەری وڵات، لەدوای گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، بووە هەل بۆ کۆمەڵێک لە حاکمی شارە گەورەکان، بۆ دەرکەوتن و پێشاندانی تواناکانیان، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ئاڵۆز و هەستیارەکانی، وەک رەگەزپەرستی و چەسپاندنی یاسا و ئاڵۆزییەکاندا، لەو ناوچانەی ئەوان لێی بەرپرسن.

کیشا لانس بۆتمزی حاکمی ئاتلانتا، بەتایبەت سەلماندی کە لێهاتووە، لەبارەی راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرپرسیاریەتییە فەرمییەکانی و ناساندنی خۆی وەک کەسێکی قوربانیی دەستی رەگەزپەرستی.

ئەو خانمێکی رەشپێستی دایکی چوار منداڵە و دۆخی ناخۆشی زۆری بینیوە.

لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەری فایسدا باسی لە ئاڵنگارییەکانی بەردەمی کرد، کاتێک داوای لە کوڕە 12 ساڵانەکەی کرد بە دەمانچەی تەختە یاری نەکات، نەک پۆلیس وا بزانن چەکی راستەقینەیە و دووچاری کێشە ببێتەوە. گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە هەڵوێستێکی گەورە و پەسنییەکی زۆری بۆ هێنا.

بۆتمز کە لە جۆرجیاوە هاتووە و ویلایەتێکی پارێزگارە، پێشتر پەسنی دیموکراتەکانی بەدەستهێناوە، لە ئەنجامدانی شەڕی هەڵبژاردنە سیاسییەکان لە بەرامبەر کەسایەتییە دیارەکانی پارتی کۆماریدا، لەسەر چۆنیەتی پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکانی سەردەمی کۆرۆنا.

سوزان رایس

هاتنە ناوەوەی سوزان رایس بۆ ئەو رکابەرییە، تاڕادەیەک پێشبینینەکراو بوو، لەبەرئەوەی ئەزموونی پۆستێکی هەڵبژێردراوی نییە و سەرپەرشتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی نەکردووە.

لای زۆرینەی ئەمریکییەکان ناسراو نییە. بەڵام دیبلۆماسییەکی پێشوو و ناسراوە لای بایدن، لە کۆشکی سپیدا و لە ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، کە بایدن جێگری سەرۆک بوو، وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کاریکردووە، پاشئەوەی ساڵانێک نوێنەری ئەمریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

رایس لە ساڵانی دەسەڵاتی ئۆبامادا، وەک هەڵمژی برووسکەکان وابوو، هەموو ئەو رەخنانەی هەڵدەمژی کە رووبەڕووی دەکرانەوە لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە. کۆمارییەکان لە ساڵی 2012دا ئەویان تۆمەتبارکرد بە هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی ئەمریکا، لەبارەی ئەو هێرشەوە کە کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بنغازی و بووە هۆی کوژرانی باڵیۆزی ئەمریکا و سێ ئەمریکی دیکە.

سەرچاوەکان دەڵێن تیمەکەی بایدن بەشوێن پرۆفایلی رایسدا گەڕاون، بۆ ئەوەی خۆیان لە دەستنیشانکردنیدا بۆ جێگری سەرۆک یەکلابکەنەوە، بەڵام دواتر بازنەی گەڕانەکەیان فراوانکردووە بۆ دۆزینەوەی خانمێکی رەشپێست بۆ ئەو پۆستە.

میشێل ئۆباما

بنەمای سەرەکی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگری سەرۆک لە ئەمریکادا، ئەوەیە کە دەستنیشانکردنی ئەو کەسە، نەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی گەلویستیی پاڵێوراوی سەرۆک. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە کەسی دەستنیشانکراو بۆ جێگری سەرۆک، هەلی سەرکەوتنی پاڵێوراوی سەرۆک بەهێز ناکات، بیردۆزەکان دەڵێن وا باشترە کەسێک بۆ جێگری سەرۆک دەستنیشان بکرێت، کە نەبێتە سەرچاوەی سەرئێشە و بەسەر پاڵێوراوی سەرۆکیشدا باڵادەست نەبێت.

ئەم بنەمایە بەسەر لیستی پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆماردا دەچەسپێن، بەڵام میشێل ئۆبامای خانمی پێشووی یەکەمی وڵات، بۆخۆی بەتەنیا لیستێکە، لەوانەیە هەر ئەوەش هۆکاری دوورخستنەوەی بێت لە دەستنیشانکردنی بەجێگری سەرۆکی وڵات، ئەگەر دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکان ببەنەوە.

بەشێکی گەورەی ئەمریکییەکان خۆشیاندەوێت، کەسایەتییەکە کە جێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، لەوانەبوو تیشکی میدیایی لە بایدن بدزێت، هەمیشەش دەبووە رووپۆشی پاراستنی میراتی ئۆباما لە کۆشکی سپیدا، ئەمەش چۆن دەکەوتەوە، لەوانەیە بۆ بایدن جێگەی ناڕەحەتی بووایە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif