ئەم ناكۆكیە شەڕی دوو وڵاتی لێ دەكەوێتەوە

ليست هناك تعليقات

بڕیاری حکومەتی تورکیا بۆ ناردنی کەشتییەکی تایبەت بەرووپێوی بوومەلەرزە، بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غاز لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدا، دۆخی ناکۆکییە سنوورییەکانی تورکیا و یۆنانی بردە ئاستێکی مەترسیدارەوە، حکومەتی یۆنان کە سەرکۆنەی کارەکەی تورکیای کردووە، رایگەیاند هێزە دەریاییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا ئامادەن.

کەشتییە تورکییەکە، رۆژی دووشەممە بەرەو کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەڕێکەوت، ئەمەش پاش چەند رۆژێکی کەم، لە رێککەوتنی نێوان یۆنان و میسر لەبارەی دەستنیشانکردنی سنوورە ئاوییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

کەشتییەکە تورکییەکە، وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایکردووە، لەلایەن چەند کەشتییەکی جەنگیی تورکیاوە یاوەری دەکرێت، ئەمەش وەک تورکیا دەڵێت لەپێناو دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ کەشتییە نەوتدۆزەرەوەکەیە.

حکومەتی تورکیا، رێککەوتنی پێنجشەممەی پێشووی نێوان میسر و یۆنان رەتدەکاتەوە و بە رێککەوتنی "چەتەگەری" ناویدەبات.

بڕیاربوو مانگی رابردوو، ئەو کەشتییە تورکییە دەست بەرووپێوی دەریایی بکات، بەڵام ئەوکات لەسەر داوای ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، تورکیا گەشتی کەشتییەکەی دواخست.

فاتیح دۆنماز، وەزیری وزەی تورکیا لە تویتەر ئاشکرایکرد کەشتیی ئۆروچ رەیس، پاش بەڕێکەوتنی لە بەندەرەکانی نزیک ئەنتاڵیاوە، گەیشتووەتە ئەو شوێنەی کە تێێدا دەست بە پشکنینی دەریایی دەکات.

دەسەڵاتی دەریایی تورکیا رایگەیاندووە، کەشتییەکە لە ماوەی 10 تا 23ی ئاب لە ناوچەیەکی نزیک باشووری ئەنتاڵیا، رۆژئاوای قوبرس و نزیک لە دوورگەی کریتی یۆنانی، پشکنینی دەریایی دەکات.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایکرد کە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکە، پارێزگاری لە کەشتییەکەی تایبەت بە توێژینەوەی بوومەلەرزە دەکەن.

وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە کە هێزە دەریاییەکانی تورکیا، هەموو رێوشوێنێکی گرتووەتە بەر، سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی تورکیا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی دەریایی خۆیدا.

تاچینگای ئەرجیس، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی دووسەرەی دەریایی و ئاسمانیی تورکیا، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، رایگەیاند کەشتییە تورکییەکە، لە چوارچێوەی سنوورە دەریاییەکانی تورکیادا کاردەکات و پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە شوێنی کەشتییەکە ئاگادار کراوەتەوە.

ئەو گوتی: "یۆنان بەخۆڕایی هەڵایەکی بەتاڵی لەسەر رووداوەکە دروستکردووە و وایدادەنێت کە ئەو ناوچەیەی کەشتییەکە کاریلێدەکات، سەر بە یۆنانە".

سەرچاوەکان، ئەم جوڵەیەی تورکیا، بە هەڵچوونی گەورەی پەیوەندییە نائاساییەکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرە ناودەبەن، بەتایبەت کە یۆنان سوورە لەسەر ئەوەی ناوچەی بەئامانجکراو، بۆ کارکردنی کەشتییە تورکییەکە، لە ناو سنوورە ئاوییەکانی یۆناندایە.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ئاشکرایکرد لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی بەرگریی وڵاتدا، بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی وڵات، کە دوێنێ دووشەممە کراوە، یۆنان وایدەبینێت کە کەشتیی عەروج ریس، دەبێتە هۆکاری "هەڵچوونێکی نوێی گەورە" و "رۆڵی شێوێنەرانەی تورکیا بۆ سەقامگیری ناوچەکە دووپاتدەکاتەوە".

یۆنان ئاشکرایکرد بەشی زۆری کەشتیگەلی وڵاتەکە لە ئامادەیی تەواودایە بۆ بڵاوبوونەوە، کاتێک پێویست بێت. لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی: "رێگەنادەین هیچ دەستتێوەردانێکی سەربازی دژ بە کەشتییەکانمان بکرێت".

هەڵچوونی کێشە دەریاییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، لە پاش رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ حکومەتی ویفاقی لیبیدا لەسەر مافی گەڕان بە دەریای سپی ناوەڕاست لە پێناو دۆزینەوەی نەوت و غازدا، هات. یۆنان لە وەڵامی ئەوەدا، رێککەوتنێکی بۆ دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی نێوان خۆی و میسر راگەیاند. یۆنان رێککەوتنی لیبیا و تورکیا رەتدەکاتەوە و بە نایاسایی دادەنێت. تورکیاش رێککەوتنی نێوان یۆنان و میسر رەتدەکاتەوە و بە چەتەگەری ناویدەبات.

ئەمریکا و ناتۆ و هەڵچوونی ناکۆکییەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لەدوای هەڵچوونەکانی دوێنێی نێوان وڵاتەکەی و یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان راگەیاند و گوتی بۆ رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەن، ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەموو دەوڵەتانی سەر دەریای ناوەڕاست، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ رازیکردنی هەمووان کۆببنەوە، بەڵام تا ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت، تورکیا لە جێبەجێکردنی پلانەکانی لەسەر زەوی بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە، یەنس ستۆلنبێرگ، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، داوای لە هەمووان کرد دانبەخۆیاندا بگرن، ئەو لە توویتێکدا رایگەیاند "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان باسم لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، دەبێ ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی کارکردن بەروحیەتێکی هاریکارانە، لە نێوان هاوپەیمانەکاندا و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێت".

لەلای خۆیەوە، ئەمریکا داوایکرد ناکۆکییەکان بەپێی یاسا چارەسەر بکرێن. جیفری بیت، باڵیۆزی ئەمریکا لە یۆنان بەناوی وڵاتەکەیەوە داوای لە یۆنان و تورکیا کرد، ناکۆکییەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکەن.

پێشتر بیت، رێککەوتنی دەریایی نێوان تورکیا و لیبیای بە دەمارگرتنی وڵاتانی ناوچەکە ناوبرد و داوای لە حکومەتی تورکیا کردبوو، هەوڵەکانی گەڕان لە دەریای سپی ناوەڕاستدا رابگرێت.

ساڵانی رابردوو، بڕی زۆری نەوت و غاز لە ناوچە جیاوازەکانی دەریای سپی ناوەڕاستدا ئاشکراکران، ئەوە حەزی وڵاتانی وەک یۆنان، قوبرس، میسر و تورکیای بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو کێڵگانەی سامانی سروشتیی ژێر دەریادا زیادکردووە.

پێشتر یەکێتیی ئەوروپاش، هەمان رای لەسەر رێککەوتنی نێوان تورکیا و لیبیا دەربڕیوە و بە "نایاسایی" ناویدەبات.

پاش 100 ساڵ لە پەیماننامەی سیڤەر

دوێنێ دووشەممە، 100 ساڵی رێک، بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا تێپەڕی، کە بەهۆیەوەی دەوڵەتانی هاوپەیمان، سزای توندیان بەسەر ئیمپراتۆریەتی دۆڕاوی عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا سەپاند و بەشێکی بەرچاوی زەوییەکانی ئیمپراتۆریەتەکەیان دابەشکردەوە. لە نێویدا دابەشکردنی سنووری ئاوی نێوان وڵاتان. 

کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رێککەوتنی دیاریکردنی سنووری ئاویی نێوان تورکیا و لیبیای لەگەڵ فایز سەراج، سەرۆکی حکوومەتی لیبیادا واژۆکرد، گوتی: "بەهۆی ئەم رێککەوتنەی هاوکاریی سەربازی و وزە، پەیماننامەی سیڤەرمان هەڵوەشاندەوە". ئاماژەی بەئامادەیی وڵاتەکەیدا بۆ پێشاندانی هێز لە رێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، ساتەکەشی بە مێژوویی ناوبرد.

لە نێو ئەو دوورگانەدا کە تورکیا بەهۆی پەیماننامەی سیڤەر و لۆزانەوە لەدەستیدا، دوورگەی کاستیلۆریزۆی بچووکە کە بووە موڵکی ئیتاڵیا و لە ساڵی 1947دا بەخشییە یۆنان. دوورگەکە تەنیا 2 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی تورکیاوە دوورە، کەچی نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی یۆنانەوە دوورە.

ئەم دوورگەیە کە رووبەرەکەی 11 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 500 کەس لەسەری نیشتەجێن، سنوورەکانی تورکیای لە دەریای ناوەڕاستدا تەسککردووەتەوە. هەر لەبەرئەوەش کاتێک ئەنقەرە و تەڕابلوس رێککەوتنەکەی نێوانیان واژۆکرد، ئەسینا باڵیۆزی هەردوو وڵاتی بانگکرد و داوای وردەکاریی تەواوی رێککەوتنەکەی نێوانیانی کرد. یۆنان رایگەیاندووە هیچ سنوورێکی هاوبەش لە نێوان تورکیا و لیبیادا نییە، تاوەکو رێککەوتنی لەسەر بکەن.

کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، رێککەوتننامەکەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەوە نەخشەی هەندێک دوورگەی یۆنان دەسڕێتەوە". هەروەها هەڕەشەی کرد بە "سەپاندنی دابڕانی دیبلۆماسی بەسەر تورکیادا". زیاتر گوتی ئەو رێککەوتنە لەلایەن دەوڵەتانی وەک ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، میسر و ئیسرائیلەوە رەتکراوەتەوە. ئاشکرایکرد کۆبوونەوەی داهاتووی لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا، باس لەو دۆخە دەکات.

هەرچی مەولود چاوشئۆگڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیایە، گوتی "قبوڵکراو نییە" داوای دوورگەی کاستیلۆریزۆی بچووک بکەیت، لە کاتێکدا 500 کیلۆمەتری ئاوی لە ئەسیناوە دوورە.

ئەگەری شەڕ

لە چەند رۆژی رابردوودا، سامح شوکر، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، کە میسر و یۆنان رێککەوتنێکیان لەبارەی دەستنیشانکردنی ناوچەی ئابووریی تەواوی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کردووە. وەزیرەکە رایگەیاند رێککەوتنەکە، تورکیا دەخاتە دۆخێکی قورسەوە، بەلەبەرچاوگرتنی رەتکردنەوەی ئەنقەرە بۆ دابەشکردنی سنوورە ئاوییەکان، کە ئەو وڵاتانە پێشنیازیان کردووە و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی دەریاکان، بە پاشخانی دادەنرێت.

بڕیارە ئەم رێککەوتنانە، قەبارەی ئاوە ئابوورییەکانی تورکیا کەمبکەنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بێبەشکردنی لە سامانی نەوت و غازی دەریا و کەمکردنەوەی سنووری راوکردن لە دەریادا.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی رێککەوتنی نێوان میسر و یۆنان، لەبارەی دەستنیشانکردنی رووبەرە ئاوییەکان بۆ تورکیا "وەک نەبوو" وایە. روونیکردەوە کە ناوچەی دیاریکراو لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان میسر و یۆناندا دەکەوێتە ناوچەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیاوە.

سەرۆککۆماری تورکیا، دوای نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئایاسۆفیا دەستپێکردنەوەی گەڕان بەدوای غازی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بە رۆژنامەڤانان راگەیاند، ئەوەش پێدەچێ سەرەتایەک بێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

گۆڤاری ناشیوناڵ ئینترێست، پێیوایە هەلی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان تورکیا و یۆنان، ئێستا لە هەموو کات زیاترە، تەنانەت لەو کاتەش کە هەردوو وڵات لە ململانێدابوون لەسەر دوورگەی قوبرس لە 1974دا.

هۆکاری نزیکی لە هەڵگیرسانی جەنگەوە، وەک گۆڤارەکە دەڵێت بۆ ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە، لەبارەی دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە کاتێکدا سەرۆکی تورکیا، دەیەوێ پەیماننامەی لۆزان هەڵبوەشێنێتەوە و هەندێک لەو خاکانە بەدەست بهێنێتەوە، کە پێشتر لە سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون.

گۆڤارەکە هۆکارێکی دیکەشی بۆ ئەگەری شەڕ داناوە، ئەو دەڵێت تورکیا هەوڵدەدات سەرچاوە سروشتییەکانی ناو ئاوەکانی یۆنان و قوبرس بدزێت، ئەمە جیا لەوەی ئەردۆغان دەیەوێت وای پێشانبدات لە ئەتاتورک سەرکەوتووترە.

چوارشەمەی پێشوو، هێزە دەریاییەکانی یۆنان، بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکانی لە دەریادا راگەیاند، دوای راگەیاندنی دۆخی ئامادەیی تەواو، بەهۆی چالاکییەکانی تورکیا لە گەڕان بەدەریادا لە نزیک دوورگەکانی یۆنان، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، لە ناوچەیەکدا کە تورکیا بە سنووری دەریایی خۆی دادەنێت.

ناکۆکییەکی مێژوویی

ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووری و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. ئەمڕۆژانە رکابەرییە ئابوورییەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا تەواو تووندە، پاش ئەوەی هەردوو وڵات بڕیاری گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانیان دا لە دەریای سپی ناوەڕاست دا.

لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بەفەرمی بەشەڕ هاتوون:

جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922

لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون، هەردوو وڵات لە ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ. بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم پاش ئەو ماوە باشییە، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە 1974 بە داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق