بەکردارکردنی پەیامەکەی بارزانی

ليست هناك تعليقات

فارس نەورۆڵی
-
بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی ، بەبۆنەی جەژنی قوربان ، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد، لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر کۆی پەیامەکە بکەم ، تەنھا خوێندنەوە بۆ ڕۆحی پەیامەکە دەکەم ، ئەم ڕاڤەکردنەش تەنھا خوێندنەوەی خۆم نیە، بەڵکو دوای گفتوگۆیەک لەگەڵ خەڵکی جیاواز و ڕۆشنبیرانی لەبیرکردنەوە جیاوازەکان کە پرسیارم لێکردن :سەرنجتان لەسەر پەیامەکەی بارزانی چیە؟بۆیە لە دەرنجامی ئەو گفتوگۆیە بەڕاشکاوی خوێندنەوە بۆ ڕۆحی پەیامەکە دەکەم.

بەدیدی ئەوھاوڕێیانە ڕۆحی پەیامەکەی بارزانی بریتیە لەو بەشەی کە داوا دەکات( لایەنە سیاسیەکان بەپەلە بگەنە ڕێکەوتن ، ماڵی کوردی کۆبکەنەوە و میللەت چاوەڕوانی ئەوە لەھێزەکان دەکات، دەبێ ڕەچاوی فەرھەنگ و کەلتوری باڵای کورد بکەن) ئەم پەیامەی بارزانی لەم کاتەدا جگە لەوەی پێداویستییەکی مێژوویی بوو، لەھەمان کاتدا لە ئاگاییەوە بوو لە دۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی ناوچەکە وجیھان و ترس لە کەوتنی کورد لە گۆڕانکارییەکاندا ئەگەر بێت و نەبینە خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوو. پەیامەکە ڕاشکاوانەیە، بۆیە منیش ڕاشکاوانە قسەی لەسەر دەکەم و دوور لە پیاھەڵدان، وەک واقیع ئەوەی ھەیە بیخەمە ڕوو نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە.

لەڕاستیدا پەیامەکە لەکاتی خۆی دابوو گرنگییەکی تایبەتی خۆی ھەیە. بەڵام لەھەمووی گرنگتر پراکتیزە کردنی گوتارەکەیە ،چونکە ئێستا کورد لە زۆر کایەدا لەسەرئاستی کرداردانزیک بوەتەوە لە کەوتن، ئەم پراکتیزەکردنەی ڕۆحی پەیامەکە لەتێگەشتنەوە دەبێت بۆ واقیعی حاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری کۆمەڵگەی کوردستان.

پێش ھەرشت دەبێ لەوە تێبگەین نەتەوەی داگیر کراو تاکەکانی لەڕووی دەروونی و کردارییەوە ناجێگیرن ، ئەمە تۆنی نەتەوەی ژێر دەستەیە ، ئەوە کاری سەرکردەیە نەهێڵێت ئەوتۆنە بچێتە ئاستی زەلیل بون وبێ ھیوایی، بۆیە تێگەشتن لەواقیعی حاڵ یارمەتیدەر دەبێت بۆ پراکتیزەکردنی ڕۆحی پەیامەکە ، ئەمەش پەیوەندی بە ھۆشی خۆمانەوە ھەیە، (کانت) بڕوای وابوو ھۆشەکانمان جۆری تێگەشتنمان بۆ واقیع دیاری دەکات، بەڵام ھۆشی ئێمە وحیزبی کوردی وکۆمەڵگەی کوردی لەدۆخێکی سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتی واداین کە نزیکە لەکەوتن. ئەمەش لەبێ ھیواییەوە سەرچاوەی گرتوە .ئەو بێ ھیواییەی لەئێستادا ھەیە لە مێژوی کورددا باوەڕناکەم ھەبوبێت.

ھیچ دوور نەڕۆین کاتێ پیلانگێڕی بەرامبەر شۆڕشی ئەیلول دەکرێت لەماوەیەکی کورتدا شۆڕش ھەڵدەگیرسێتەوە چونکە ئەشق و ئیرادەی شەقامی کوردی بەمەسەلەی کورد تێک نەشکابو و نەکەوتبوو، بەڵام ئێستا سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان بکەیت وێنە سەدام دادەنرێت . ئەمە ناو بنێین چی؟ جگە لە کەوتنی کلتور وداڕزانی ئیرادە.ئەم بێ باوەڕییە بە مەسەلە ڕەواکەمان و داڕزانی ئەقڵییە تا ئەوڕادەیە ئاشکرابوە لەسەرئاستی جیھان ھەست بەم کەوتن و داڕزانە دەکەن .ئیھود یاعور توێژەری ئیسرائیلی دەڵێ ( کوردەکان ناتوانن دەسبەرداری خوە خراپەکانیان بن ،ھەر خەریکی دژایەتی یەکن و لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەریکی جوێندانن بە یەک) ئەم ڕەفتارە بەردەوام بێت ھەرچی بنەما ئەخلاقیەکان ھەیە لەدەستی دەدەین و زیاتر پەرتەوازە دەبین ،چونکە ھیچ شت ھێندەی بێ متمانەی و بێ باوەڕی شکست بە گەلان ناھێنێت، ھەندێک جاریش بێ متمانەی لەھۆشیارییەوەیە. ئەوکاتەی حیزب حکومەت لەبنەما لادەدا ئیترنەتەوەکەی بەرەونائومێدی دەڕوات. کەواتە دەبێت ئەوبێ ھیواییەی خەڵک ڕامان چڵەکێنێ وپرسیارمان لادروست بکات بۆگەشتینە ئێرە ؟

بۆیە لەم کاتەدا پەیامی بەێزیان تا ئەوشوێنەی من لەناو خەڵکدام، ڕای گشتی ھاوڕای پەیامەکەی بەڕێزیانە بە مەرجێك بکرێتە کردار، بە کردارکردنی لەوێوە سەرچاوە دەگرێ لەپارتییەوە دەسپێبکەن. من دەزانم ئاسان نیە، بەڵام دەکرێت ڕێگا لەو نەفەسە پۆپۆلیستی و میکاڤیلی و خۆنمایشکردنە بگیرێ کە لەھەموو حیزبەکاندا بەڕێوەدەچێت و شاگردی زۆرە ، پێیان وایە مێکاڤیلییانە بەھەر ڕێگایەک بێت بگەنە ئامانج. ئامانجی ئەوجۆرە کەسانەش ئامانجی شەخسییە و میللی نیە و بازاڕیشیان ھەیە ، بەڵام لەبەرئەوەی قوڵ نین لە سیاسەتدا نازانن فەیلەسوفانی دیکە ھەن بەتوندی ئەوبیرۆکەیە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ( ئامانجی پیرۆز نابێ بەئامڕازی چەپەڵ بھێنرێتە دی) دواتر گرنگە کرانەوەیەک لەنێوان پارتی و ئەوانی دیکەدا ڕووبدات. 

کرانەوەیەک بە ئەقڵێکی میانڕەو بەو مانایەی بزانین چیمان لەیەکتردەوێت، بڕیاری یەکلاکەرەوە کە ڕێگاگرتن لەو شەڕە ناشیرینەی ناو فەیسبوک و میدیاکان لەھەمان کاتدا دانانی سنور بۆ لێدوانی نابەرپرسانە کە دەبێتە ھۆی زیاتر ئاڵۆزبونی ماڵی کورد. دەبێت لەو باوەڕەدا بین کە ئەم جۆرە نەفەسە لەبەرژەوەندی کورد نیەو ڕەسەنایەتی پارتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، خزمەت بەمێژوو ئەوخەونە گەورانەی بەڕێزیشتان ناکات، (ئەگەرپاش سەدساڵی دیکە نەوەکانمان یان بێگانەکان بێن وسەیری میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەن وبزانن کورد لەسەدەی بیست ویەکدا خەریکی چی بوە، ئەوەدەبینن کەھەرخەریکی جوێن بوەوھەموو ووزەی خۆیانیان دژ بەیەک بەکارھێناوە) ، بۆیە با بەشێوەیەکی ئەقڵانی کار بۆ تێپەڕاندنی ئەودۆخە نالەبارو فەزای جوێنە بکەین. 

ئەمەش دەبێت لەپارتییەوە دەسپێبکەن، ئەگەرئێمە ئەودۆخەمان تێپەڕاند،ئیدی ئەوانی دیکە لەلایەنەکان لەسەر قسەی نەشیاووجوێن بە پارتی بەردەوام بن دەبنەتەنێکی نامۆ ، خەڵک پێیان دەڵێن کای کۆن بەباکردنە، بۆیەھێزی خاوەن مەسەلەش خۆی دانەبەزێنێ بۆ ئاستێک کە دەیانەوێ ڕایکێشن بۆ ناو زەلکاو تاوەک کیسەڵ ژیان بکات بەڵکو ھێزی ڕەسەن دەبێ وەک ھەڵۆ بەسەر زەلکاودا تێپەڕێت، چونکە بەڕاستی ئەم فەزای فەیسبوک وبەشێک لەمیدیا لە دۆخی زەلکاودایە.

ھەرچەندە ئێستا میللەت ھۆشیار بوەتەوە باش لەو زەلکاوە تێدەگات ،ڕەفتاری سیاسی ھێزەکان باش دەخوێنێتەوە بێ جیاوازی ڕەنگ ودەنگ، بەڵام بێ ھیواکراوە و لەبۆشاییەکی گەورەی فیکری و ناجێگیرییەکی دەرونیدا دەژی .ئەمەش بە پلان کاری لەسەرکراوە ، بۆیە پێویستی بە بەرنامەیەکی وردوئەقڵانی ھەیە بۆچارەسەرو ئاراستەکردنێکی دروست ،ئەمەش پێویستی بە کەرەسەی مەعریفییە بەمەرجێک کەرەستەکان لەو ئاستەدابن تا لەڕێگای فیکرەوە ڕووبەڕووی ئەوجەنگە کەلتورییە ببینەوە کە دژی کۆمەڵگای کوردستان بەڕێوە دەچێت ، ئەمەش بەڕونی لەڕۆحی پەیامەکەی بەڕێزتاندا دیارە کەداوای یەکگرتن وپابەندبون بە پرنسیپ وکلتوری باڵا دەکەن . ئەمەش بە کارکردن وبەکردارکردن دەبێت. کاتێک ئەم پەیامە دەبێتەکرداردەستی بەڕێزت لەسەر دڵی ڕای گشتی دەبێت ئەوکاتە ڕای گشتی ھاوڕای پەیامەکەتان دەبێت .

جەنابی سەرۆک دوا قسەم ئەوەیە دەڵێم کات لەبەرژەوەندی کورد نیە ئەگەر خۆمان کۆنەکەینەوە مێژوو ڕەحممان پێناکات. مادام خۆمان ڕەحم بە خۆمان ناکەین .بێ ڕەحمی مێژوویشمان زۆر چەشتوە. کەواتەپەیامەکەی بەڕێزتان وەڵامی پرسیاری ئەمڕۆی ھاوڵاتی کوردستانە کەدەڵێن کورد کەی یەکدەگرێ؟ بەڕێزتان داواتان کردوە یەکبگرین، ئاشتی کۆمەڵایەتی وسەقامگیری سیاسی فەراھەم بکەین، بۆئەوەی لەگۆڕانکارییەکان دوانەکەوین ،بەدڵنیاییەوەھەندێک جار باجی ئاشتی لەباجی شەڕ کەمترنیە. کەواتە بەکردارکردنی پەیامەکەی بەڕێزتان قوربانی دەوێت.خەونی گەورەش قوربانی گەورەی دەوێت .خەبات وخەونی ئێوەش تەبایی کوردوگەیشتن بەئامانجە باڵاکانە. بۆیەدەبێت ئەم پەیامەبکرێتە ستراتیج وبەکرداربکرێت. نەک تەنھا لەمیدیاکاندا بمێنێتەوە، ھیوادارم لایەنەسیاسیەکان لەبەکردارکردنی ئەم پەیامەدا ھاوکاربن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif