عەلی حەمە ساڵح بۆ بێتاقەت بوو؟

ليست هناك تعليقات

لوقمان حاجی قادر

لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی ڕووداو، عەلی حەمە ساڵحی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی حكومەتی ڕەخنەباران كرد، دۆخی هەرێمیشی بە كارەساتبار وەسف كرد. 

لەوەتەی لە میدیا جۆراوجۆرەكانەوە قسە دەكات، من هەرگیز عەلی حەمە ساڵحم بەو بێ تاقەتی و خەمبارییە نەبینییوە، وەك ئەو لە بن دارێك بێت پەلكە گەڵایەكی پێوە نەبێت، بۆیە هەر لە سەرەتای قسەكانییەوە بە ڕاشكاوی گوتی كە ئەو لە دۆخ وئازارێكی دەروونی شێوا و ئازاربەخشی زۆر گەورەدا دەژی، ئەمەی وتیشی ڕێكوڕەوان بە نەوای دەنگ و ڕوخسارییەوە دیار بوو.

دڵنیاشم كاك عەلی نمایشی نەدەكرد و بە ڕاستی بوو، جگە لەوەی نیمچە بێ ئومێدێكی تەواو بوو، هەستیشی بەوە كردووە كە بۆتە قوربانی سیاسەتەكانی حزبەكەی كە خەریكە تووشی ڕوگیرییەكی گەورەی دەكەن، واش پێدەچێت ئەگەر چاكسازییەكی بنەڕەتی نەبینێت لە بەرژەوەندی خەڵك، سەخت و دژوارە بتوانێت لەو دۆخەی ئێستای بەردەوام بێت، هەر بە گوێرەی قسەكانی خۆشی لەوە ناچێت هیچ بەرپرسێكی هەرێم لە خەمی چاكسازی ڕاستەقینە بێت، كەواتە مەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا دۆخەكە هێور بكاتەوە، دەنا كەس نازانێت دۆخی هەرێم بەرەو كوێ دەچێت و كەسیش باوەڕ ناكات ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هەنگاوی چاكسازی بونیادگەرایی بهاوێژێت.

كاك عەلی گوتی: نەوت و خاڵە سنورییەكان دوو دەروازە زەبەلاحەكەی گەندەڵین كە تاڵانی و بڕۆییان لێ دەكرێت، تەنانەت لە ساڵانی نەوەدەكانیش كە سەرەتای و دەستپێكی فەرمانڕەوایی كوردی بوو لە هەرێم، دزی و تاڵانی وەك ئێستا نەبووە، وتیشی پارتی و یەكیەتی لەم پرسەدا وەك یەك تاڵانی سامانی گشتی دەكەن.

كاك عەلی وتیشی: لە مانگی 12 پارەوە هەموو ئەو زانیارییانەی بە ڕاپۆرت داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەو بارەشەوە بە ژمارە گوتی: 29 كۆمپانیا لە خاڵە سنورییەكان پارە وەردەگرن، بەرپرس هەیە مانگانە 30 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، كەچی لە ئێستادا خەڵكی بێ موچەن و نان نییە بیخۆن. كۆمپانیا هەیە 10 ملیۆن دۆلار و هەیە 9 و هەشە 5 ملیۆن دۆلاری مانگانەی لە خاڵە سنورییەكان دەست دەكەوێت، ئەو كۆمپانیایانە بە 11 شێوازی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن، بەو هۆیەشەوە لە بواری نەوتدا حكومەت لە هەر بەرمیلێك نەوت، تەنها 7-8 دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە و ئەوی دیكەش دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكانەوە. ناوبراو باسی ئەوەشی كرد كە قەبارەی گەندەڵی لە (نەوت و خاڵە سنورییەكان) هەرێم مانگانە 350 ملیۆن دۆلارە. 

لە بارەی خاڵە گومرگییەكانەوە عەلی حەمەساڵح گوتی: هەموو خاڵە سنورییەكانی هەرێم وەك یەك گەندەڵییان تێدا دەكرێت، لە هەندیك خاڵی سنوری ڕێگەی ئاسایش هەیە كە ئاسانكاری بۆ تێپەربوونی كاڵاكان دەستەبەر دەكات، لە ناو شارەكان بە ئاشكرایی نووسینگە هەیە و گەرەنتی ئەوە دەكەن چیت بوێت بێ گومرگ و پشكنین بۆت دێننە ناو خاكی هەرێمەوە، كاڵاكانیش لە ڕووی كوالیتییەوە خراپن و ناتەندروستن وەك هێلكە و جگەرە و كاڵای دیكەی بەسەرچوو، كە مەترسی گەورەیان بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتییان هەیە.

هەر لەو بارەوە وتی: ئەو قاچاخییەی لە خاڵە سنورییەكان دەكرێت لە ژێر كۆنتڕۆڵی وەزیری داراییدا نییە، وتیشی ئەو گەیشتۆتە یەقین كە بەرپرسە باڵاكان خۆیان ئەو بازرگانی و قاچاخچییەتییە دەكەن، بە زەبری هێز دەیكەن و هێزەكانیی سەر بە حكومەتی هەرێمیش پاسەوانیان لێ دەكەن، هەر بۆیەش چاوپۆشی لێ دەكەن و ڕێگری لێ ناكەن. 

ئەو وتیشی: هەموو ئەو ڕاستییانەی بە ڕاپۆرت بۆ چەندەها جار خستۆتە بەردەم سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و هەموو وەزیرەكان، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەردوو هاوسەرۆكی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، ئاگاداری تەواوی ئەم دۆخەن و دانیان پێدانا و بە ڕاستی دەزانن.

عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە چاكسازیش گوتی: چاكسازی لە 1/7 وە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام فشارێكی زۆر گەورە هەیە بۆ بەلاڕێدا بردنی، سەرۆكی حكومەتیش وتویەتی كە ئەو ڕاستییانە دەزانێت و چارەسەریان دەكات، كەچی ساڵك تێپەڕیوە و تاوەكو ئێستا چاكی نەكردوون.

هەر لەوبارەشەوە عەلی حەمەساڵح گوتی: لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە هەموو ئەو داتا و زانیارییانەی خستۆتە بەردەم سەرۆكی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، تەنانەت لەو كاتەی ئەندامی شاندی دانوستانی گۆڕان بووە، ئەم ڕاستییانەی بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ئێستا گوتووە. ئەو وتیشی: لە مانگی 3 ی ئەمساڵدا لیژنەیان بۆ چاكسازی دروستكردووە، بە تایبەتیش بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە گرێبەستی كۆمپانیاكان، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، بگرە لەم كابینەیە تازەیەدا 5 كۆمپانیای دیكەش زیادیان كردووە، دەشڵێت تا سنورێك بۆ بارزگانی نەوت و خاڵە سنورییەكاندادانەنرێت، نە حكومەت چاكسازی پێ دەكرێت و نە موچەشی پێ دەدرێت. 

عەلی حەمەساڵح باسی ئەوەشی كرد كە بە بێ فرمانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەگەی و سەرۆكی پارتی و هەردوو دوو هاوسەرۆكەكەی یەكیەتی، هیچكام لەو گەندەڵییانە ئەنجام نادرێن، وتیشی كە ئەم دۆخە بە بڕیارێكی سەرۆكی حكومەت چارەسەر دەبێت، بەوەی گربەستەكانی كۆمپانیاكان هەڵوەشێننەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش ئەركەكە بگرنەئەستۆ.

هەر لەوبارەوە ئەوەشی گوت كە ڕاپۆرتی چاكسازییان داوەتە وەزارەتی دارایی، لەوێ تەواو بووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، كەچی تاوەكو ئێستا بڕیاریان لێ نەداوە و نەیانخستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

سەبارەت بە موچەخۆرانی حكومەتیش عەلی حەمە ساڵح گوتی: هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە (430 هەزار كەس) و وەزارەتی ناوخۆ (200 هەزار كەس) موچەخۆریان هەیە كە دەكاتە زیاتر لە 600 هەزار موچەخۆر، كەچی هێشتا پاسەوانی كێڵگە نەوتییەكان بە كۆمپانیاكان سپێردراون كە ملیۆنەها دۆلاریان لێ دەست دەكەوێت!

سەبارەت بە خانەنشینانیش گوتی: 117 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن كە نیوەیان نایاسایین.

ناوبراو سەبارەت بە گۆڕانیش وتی: خەڵكی مافی ڕەوای خۆیانە بە گۆڕان بڵێن كوا ئەو چاكسازییە باستان دەكرد، وتیشی نابێت وەزیرەكانی گۆڕان ئەم دۆخەی ئێستا قبوڵ بكەن و دەبێت لەوبارەوە هەڵویستیان هەبێت.

من لە كۆی قسەكانی عەلی حەمە ساڵحەوە ئەوەم هەڵهێنجا، كە پێش ئەوەی پرسی باری نالەباری سیاسی و ئابووری و دارایی هەرێم و تەنگژە جۆراوجۆرەكانی پەیوەستبن بە بڕینی موچە و بودجە لە بەغداوە، داتەپینی باری ئابووری هەرێم و خراپی بژێوی خەڵك و نەبوونی موچەی موچەخۆران، بە پلەی یەكەم هۆكارەكەی گەندەڵی و تاڵانی ماڵی گشتییە لە لایەن خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif