عاشورای ئەمساڵ لە عیراقدا

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەوف
-
ئەگەر لە سەردەمی حوكمڕانی بەعس و سوننەدا لە عیراق، مەراسیمەكانی عاشورا بە شێوەیەكی سنووردار بەڕێوەدەچوو، لە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەكان و دەزگا هەواڵگرییەكانی رژێمی پێشوو، تەنانەت لە هەندێك ناوچەشدا هەر قەدەغە بوو، بەڵام لە دوای 2003 وە لە سەردەمی حوكمڕانی شیعەدا، لەلایەن سەردەمدارانی نوێوە ئەم بۆنە و مەراسیمە زۆر گرنگی پێدرا ‌و رێپێوانی ملیۆنی كرا ‌و لە هەموو شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە خەڵك بەپێ‌ دەكەوتنەڕێ بەرەو نەجەف و كەربەلا بۆ سەر مەزاری ئیمامی عەلی و ئیمام حسێنی كوڕی، ئەوە جگە لە شیعەی ئێران كە بە لێشاو دەهاتن بۆ عیراق.

ئەوەی ئەمساڵ باسی دەكرێت ئەوەیە، كە ئەم سروت و بۆنە مەزهەبییە جۆرێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە ساڵانی پێشوو لایەنە مەزهەبییە شیعەكانی عیراق وەكو دەستكەوتی گەورە بۆ خۆیان بەكاریان دەهێنا ‌و هەر یەكەیان دەیان كاروان و مەوكیبیان بەڕێ‌ دەكرد و بانگەشەیان بۆ دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەوە، ئەو سروت و پرسەگێڕییە بووە بە مۆتەكە بۆ ئەو لایەنانەی كە لە بەڕێوەبردنی وڵات شكستیانهێناوە.

ئێستا هەردوو بۆنە و مەراسیمی پیرۆزی شیعەكان، 10ی موحەڕەم و دواتر چلەی شەهیدبوونی ئیمام حسێنی كوڕی ئیمامی عەلی، لەلایەن چالاكوانان و خۆپیشاندەرانی شۆڕشی تشرینی 2019 وە كراوەتە دەرفەتێك بۆ تازەكردنەوەی داخوازییەكانیان، كە گۆڕانكاری گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.

هەر لەو سۆنگەشەوەیە، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە كە زۆر پیرۆزە لە لای شیعەی دوانزە ئیمامییەكان لە عیراق و جیهانیش كە یادی ئیمامی حسێن-ە، هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و سروتەكانیان بە زمانێكی توند و زبر و پڕ لە رق و بێزارییە، كە هەمان دروشم و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكانی تەحریری بەغدا و شارەكانی تری باشووری عیراقە.

ئەم مەراسیم و سروتانە لە شارە پیرۆزەكانی شیعە بەرپا كران، نەجەف كە مەزاری ئیمامی عەلی چوارەم خەلیفەی راشدینی لێیە و كەربەلا كە مەزاری ئیمامی حسێن كوڕی ئیمامی عەلی لێیە، لە هەمانكاتدا ئەم شار و ناوچانە پێشتر ناوچەی هەژموون و پێگەی جەماوەری هەندێك لە حزب ‌و لایەنە ئیسلامییە شیعەكان بوون، هەرچەندە پێشتریش لەم كۆڕ و كۆبوونەوانەدا رەخنە و ناڕەزایەتی بەجۆرێك لە جۆرەكان لە چینی دەسەڵاتداری شیعە گیراوە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر و زەقتر بوو، تاكو كار گەیشتە ئەوەی یەكێك لەو كۆڕگێڕ و سروت خوێنانە، بە ئاشكرا و بەبێ‌ ترس هاوار بكات و بڵێت: عەمامە بەسەرەكانی شیعە (مەبەستی پیاوە ئایینی و مەزهەبییەكانی شیعەیە) ئیتر ئێوە دەست لە سیاسەت وەرمەدەن، دەبێت لێرەش وەكو ئەوروپا پیاوانی ئایینی، بە تەنها رۆڵیان لە كەنیسەدا بێت ‌و دواتر ئەم سروودە وەكو ئاگر لەناو كادا لە ناو جەماوەری بەرینی شیعەدا بڵاوبۆوە.

هەر ئەم سروودخوێنە لە بەردەم زوومی كامێراكان و هەزارەها شیعەدا وتی، من شیعەم و ئەو مافە بە خۆم دەدەم كە رەخنە و بێزاری خۆم بەرامبەر بە حزبە شیعەكان دەرببڕم.

هەروەها بەشێكی تری سروود و دروشمەكانی عاشورا باسی كوشتنی خۆپیشاندەرەكانی تشرینی دەكرد لەلایەن قەناس بە دەستەكانەوە، باسی شەهیدكردنی سەفا سەرای یەكێك لە چالاكوانەكانی مەیدانی تەحریری بەغدایان دەكرد.

ئەوەی ئەمساڵ بەدیكرا لە عاشورادا، جگە لە بێزاری لە حوكمڕانانی شیعە، گۆڕانكاریی هەڵوێستی بەشێک لە شیعەی عیراقە، بەرامبەر بە دەستوەردانەكان لە عیراق بە تایبەتی ئەو دروشمەی كە دەیانوت (نیشتمانەكەمانمان دەوێت) بەوەی كە نابێت ئیتر لە ژێر هەژموونی هیچ وڵاتێكدا بێت.
 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق