كازمی سەردانی واشنتۆن دەكات

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەئوف
-
كۆشكی سپی رایگەیاند، كە 20ی ئەم مانگە سەرۆك ترەمپ پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات، بۆ باسكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی و دۆسێكانی ئاسایش و وزە و ئابووری، لە كاتێكدا ئەم سەردانە دەكرێت، كە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بە كەشێكی گرژ و تەمومژاویدا دەڕوات، بە هۆی خواست و ئارەزووی هەندێك لایەن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و لە بەرامبەریشدا ئەمریكییەكان دەخوازن سنوورێك بۆ هەژموونی ئێران لە عیراق دابنرێت و ئەم خاڵە زۆر بە گرنگ دەزانن، چونكە خاڵی بە هێزبوونی هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە عیراقەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە لە دیدی ئەمریكاوە هەر دەبێت لێرەشەوە بەری پێ بگیرێت.

قۆناغێكی چارەنووسساز
وەسفكردنی ئەم سەردانەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا بە چارەنووسساز، بۆ خۆی مانا و مەدلولی قووڵی هەیە بۆ ئەمریكا و عیراقیش، ئەمریكییەكان دەخوازن چارەسەرێكی كۆتایی و یەكلاكەرەوە بۆ جموجۆڵی میلیشیاكان لە عیراق بدۆزنەوە، تەنانەت زۆرێك لە چاودێرانی دۆخی ناوچەكە لەو بڕوایەدان كە ئەمە یەكەم مەرجی واشنتۆنە بۆ هەر كۆمەك و هاریكارییەك كە عیراقییەكان لە ئەمریكای بخوازن .

ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە، كە ئایا ئەمە لە توانای كازمی-دایە تاكو بتوانێت ئاوا هەنگاوێك بهاوێژێت؟ یان رۆڵی كازمی هەر تەنها گەیاندنی نامە و مەسجی ئێرانییەكانە بۆ ئەمریكا و هەوڵی ئەوە دەدات وەكو رابردوو جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا لە عیراق بهێنێتە كایەوە، یان كازمی هەوڵی وتوێژێكی دروست و راست و رەوان بدات لەگەڵ ئەمریكییەكان كە هەموو دۆسێكانی نێوانیان یەكلایی بكاتەوە و خۆی وا پیشانی ئەمریكییەكان بدات كە هاوبەشێكی جێمتمانە و بەهێزە، كە ئەمەیان ئەگەرێكی لاوازە، لە هەمانكاتدا ئەمریكییەكانیش دەخوازن توانای كازمی بزانن لە بەڕێوەبردنی دۆسێی ئەم ململانێیانە لەگەڵ میلیشیاكاندا.

ئەوەی پەیوەندی بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە لەلایەن كازمی-یەوە پێش سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، وا لێكدەدرێتەوە كە بۆ خۆدزینەوەیە لە بڕیاری سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران و جێبەجێكردنی بڕیاری چەك بە دەست دەوڵەتەوە بێت، ئەمەش ئەمریكییەكان وایدەبینن كە كازمی بەرنامە و پلانی نییە بۆ ئەو مەبەستە.

كازمی و ئێران
هەرچەندە كازمی ناخوازێت و نیازی نییە بچێتە بەرەیەكەوە دژ بە ئێران بێت، بەڵام حەز دەكات نەخشەڕێگا و سنووری نوێ بۆ پەیوەندییەكانی ئێران و عیراق دابنێت، كە عیراقی بەهێز و كراوە بە رووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرژەوندی ئێرانیشدایە، بەڵام ئەم بیرۆكەیە لەگەڵ خواست و مەیلی هەندێک لە میلیشیاكانی عیراق یەكناگرێتەوە، كە دەخوازن خۆیان وتەی سەرەتا و كۆتاییان هەبێت لە دۆسێی پەیوەندیی دەرەوەی عیراقدا. هەرچەندە ئێرانییەكان قەناعەتێكی وایان لا دروستبووە كە فرسەتێك بە كازمی بدەن، بەڵام كە باسی كرانەوەی عیراق لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو دەكرێت، بە تایبەتی لە بواری وزەدا، ئیتر ئەو هێزانە زیاتر شپرزە دەبن و وەكو زەنگێكی مەترسی بۆ سەر خۆیانی دەزانن.

دووركەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیریی
سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا لە رووی كات و رێكخستنەوە لێكدانەوەی وردی بۆ كراوە و لە كاتێكدا دەكرێت كە سەردانی تارانی كردووە و سەردانی عەرەبستانی سعودیە دواخراوە، ئەمەش خواستی هەموو پێكهاتەكانی عیراقە كە وڵات دووربخرێتەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و وابەستەیی بە هیچ وڵاتێكەوە.

لە كۆتاییدا، سەردانەكەی كازمی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستا و ئایندەی عیراق كە كۆتایی بە دابڕانی عیراق و تەریكبوونی بێت و ببێتە ئەندامێكی كارا و ئەكتیڤی نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی كازمی ئێستا بە رەسمی نوێنەرایەتیی عیراق دەكات و نابێت بچێتە ژێر فشاری هیچ میلیشیاییەكی چەكدار كە وابەستەی وڵاتانن و بەرژەوەندیی تائیفی و تایبەتی خۆیان هەیە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif