گەورەترین گۆڕستانی فڕۆکە لە جیهاندا‌

ليست هناك تعليقات


یەکێک لەو پرسیارانەی لای زۆربەی خەڵک دروستدەبێت، بریتییە لەوەی ئایا فڕۆکە و هەلیکۆپتەر دوای لەکارکەوتن وکۆنبوونیان چییان بەسەردێت و چییان لێدەکرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە روو لە شاری (Tucson) دەکەین لە ویلایەتی (Arizona)ی باشوری خۆرئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بنکەی ئاسمانی (Davis-Monthan)
ئێرە بنکەی ئاسمانی (Davis-Monthan)ە لە شاری (Tucson)، لە لە ویلایەتی (Arizona)ی باشوری خۆرئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەگەر بە ئۆتۆمبیل روو لە شاری (Tucson) بکەیت، دوای ماوەیەک ژمارەی ماڵەکان کەمدەبێتەوە، ناوچەیەکی فراوان دەبینیت، بیابانێک لەژێر خۆردا، چەند ریزێک لە فڕۆکە دەردەکەوێت، سەدان فڕۆکەی بیباڵی کارگۆ، فڕۆکەی هێرشبەر، فڕۆکەی شەڕکەڕ و ئێف ١٤ بەرچاو دەکەون کە راگیراون و بەشێکیان لەنێو تۆزدا بەرەو ونبوون دەچن.


بنکەکە ١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، چوار هەزار و ٤٠٠ فڕۆکەی تێدایە، هەندێک لە فڕۆکەکان هێندە نوێ دەردەکەون وەک ئەوەی چەند کاتژمێرێک بێت هێنرابێتنە ئێرە، هەندێکیشیان بۆ پاراستنیان لە لم و تەپ و تۆز داپۆشراون.

لە بنکەکەدا بەشێک لە کابینە گەورەکان پڕن لەو پارچە فڕۆکانەی کە لە چاوەڕوانی ناردندان بۆ بەشەکانی دیکەی ئەمریکا یان وڵاتانی جیهان، تاکو لە دروستکردن و چاککردنەوەی فڕۆکەی دیکەدا بەکاربهێنرێن.

گۆڕستانی فڕۆکەکان
بنکەکە بە گۆڕستان ناو دەبرێت، چونکە گەورەترین شوێنی جیهانە بۆ دانان و هەڵگرتنی فڕۆکە لەکارکەوتوەکان، ئەو کەسانەشی لەم بنکەیەدا کار دەکەن وەک ئیلهام وەرگرتن لە فۆلکلۆری رۆژئاوای ناوچەکە، بنکەکە بە گۆڕستان ناودەبەن.

لەگەڵ ئەوەی ئەم بنکەیە تاکە بنکەی لەم جۆرە نییە بۆ لەخۆگرتنی فرۆکە لەکارکەوتووەکان، بەڵام گەورەترینیانە لە جیهاندا.

بۆچی ئەریزۆنا؟
لەگەڵ ئەوەی چەند ناوچەیەکی دیکە لە ئەمریکا و جیهان هەن بۆ پاراستنی فڕۆکە لەکارکەوتووەکان، بەڵام نیو سەدە زیاترە ویلایەتی ئەریزۆنا وەک دواین ماڵی تەمەنی ئەم فڕۆکانە دیاریکراوە.

رێژەی شێ لە ئەریزۆنا کەمە، ئاو و هەواکەشی گەرم و وشکە، ئەمەش یارمەتی ئەم فڕۆکانە دەدات بۆ ماوەیەکی درێژتر تەمەن بکەن، درەنگتر دابڕزێن و پارچەکانی لەناوبچن.

پاراستن بە کەمترین پارە
دروستکردنی فڕۆکە و پاراستنی بودجەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام باشییەکەی لەوەدایە سەرەڕای لەکارکەوتن و کۆنبوونی، بەشێک لە پارچەکانی دەتوانرێت دیسانەوە و لە دروستکردن و چاککردنەوەی فڕۆکەی دیکەدا بەکاربهێنرێت.

بۆ پاراستنی فڕۆکە لەکارکەوتووەکان لە داڕزانی یەکجاری بەهۆی نالەباری کەش و هەواوە، پێویست بە کابینە و شوێنی تایبەت هەیە کە پارەیەکی زۆری پێویستە، بەڵام گونجاوی کەش و هەوای شاری (Tucson) بۆ ئەم کارە، بڕی پارەی خەرجکراو بۆ ئەم کارە کەمدەکاتەوە و پێویستی بە بودجەی کەمترە.

پڕۆسەیەکی ورد
دوای هێنانی فڕۆکە کۆن و لەکارکەوتووەکان بۆ ئەم بنکەیە کارەکان هەر وا ئاسان تەواو نابن، بەشێک لە فڕۆکەکان کە کەمترین زیانیان پێگەیشتووە دوای چاککردنەوەیان دیسانەوە ئامادە دەکرێنەوە بۆ فڕین و بەکارهێنانەوە، بەشێکیشیان پارچەکانی لە فڕۆکەی دیکەدا بەکاردەهێنرێت.

کارەکان بە پڕۆسەیەکی ورددا تیدەپەرێت، سەرەتا و بۆ لابردنی کاریگەری تۆز و خۆڵی سەریان تاکو دانەڕزێن، فڕۆکەکان بە باشی دەشۆردرێن، دواتر بە رۆنیکی تایبەت مەکینەکانیان چەور دەکرێن، کونەکانی فڕۆکەکە بە پلاستەری ئەلەمنیۆم دەگیرێن و ئەو پارچانەی کە ئەگەری گڕگرتن و تەقینەوەی لێدەکرێت دەکرێنەوە و پارچە پارچە دەکرێن.

سەرەتا دوو قات بۆیەی رەش دەکرێن کە دواتر بتوانرێت بە ئاسانی لێبکرێتەوە، دواتریش بۆیەیەکی سپی دەکرێت کە لە تیشکی خۆر دەیپارێزێت.

بنکەکە تەنها فڕۆکەی ئاسایی و شەڕکەری تێدا نییە، بەڵکو ژمارەیەک فڕۆکەی B-52ی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمیی تێدایە، فڕۆکە بی پەنجاو دووەکان باڵەکانیان لێکراوەتەوە و دانراون.

پارچەکردن و توانەوە
بەشێک لە فڕۆکەکانیش پارچەکانی لێکراونەتەوە و لەناو فڕۆکەکان خۆیاندا هەڵگیراون، ئەمەش تاکو ئەو کاتەی ئەم پارچانە بەکاردەهێنرێنەوە، سەرەڕای بوونی شوێنی توانەوەی ئاسن بۆ ئەو پارچانەی کە دەبێت بتوێنرێنەوە و بکرێن بە پارچەی دیکە.

لەم بنکەیەدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار پارچە فڕۆکە هەیە کە دەکرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، ئەم پارچانەش تەنها بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکو دەنێردرێن بۆ هەرشوێنێکی جیهان بۆ بەکارهێنانەوەیان.

پێویستمان بەم گۆڕستانەیە
نیک ڤێرۆنیکۆ پسپۆڕ لە بواری فڕکەوانیدا کە سەردانی ئەم بنکە و بنکە هاوشێوەکانی کردووە دەڵێت، "بۆ ئەوەی فڕۆکەکانی ئاسمان بەردەوامبن لە فڕین، پێویستمان بەم گۆڕستانە بازرگانی و سەربازییانەی فڕۆکەکان هەیە."

گۆڕستانەکانی رووسیا
لە روسیاش گۆڕستانی لەم شێوەیەی گۆڕستانەکەی ئەمریکا هەیە، بۆ پاراستن و هەڵگرتنی ئەو فڕۆکە سەربازییانەی لە سەردەمی سۆڤییەتدا بەکاردەهێنران، بەڵام فڕۆکەی ناو بنکەکانی روسیا بە هیچ شێوەیەک جاریکی دیکە توانای فڕینەوەیان نییە.

لە ناوچەی (Vozdvizhenka)ی هەرێمی (Vladivostok) لە رۆژهەڵاتی روسیا، بنکەیەک هەیە بۆ پاراستن و هەڵگرتنی فڕۆکە هێرشبەرەکانی سەردەمی سۆڤییەت. کە شەڕی سارد تەواو بوو، ئیتر پێویستییەک بۆ بەکارهێنانی ئەم فڕۆکانە نەمان و ئیتر هەڵگیران و پارێزران.

گۆڕستانەکەی ئۆکرانیا
یەکێکی دیکە لەو بنکانەی کە فڕۆکەکانی سەردەمی سۆڤییەتی تیادا هەڵگیراوە، لە شاری (Çernobil)ی ئۆکرانیایە، لە دوای کارەساتی ئەتۆمییەوە کە لەو ناوچەیە روویدا، ئەو ئامێرانەی کە شەپۆلی رادیۆیی دەدەنەوە لێرەدا جێهێڵدراون تاکو لەناودەچن. 

لە گۆڕستانی (Rassokha)ی روسیاش ئەو هەلیکۆپتەر و فڕۆکە مەدەنی و سەربازییانەی ترسی تەقینەوە و زیانگەیاندنیان نەماوە هەڵوەشێندراونەتەوە و تەنها پەیکەرە بنەڕەتییەکانیان ماوەتەوە.

داهاتووی گۆڕستانی فڕۆکەکان
(Keith Hayward) لە گۆڤاری فڕۆکەوانی شانشینی بەریتانیا دەڵێت، فڕۆکە لە کەشتی و بارهەڵگرە قورسەکانی دیکە ئاسانتر هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی ئێستا و داهاتووشدا کەمترین پارچەی کۆنی فڕۆکە لە دروستکردنی فڕۆکەی نوێدا بەکاردەهێنرێت، لە داهاتوودا پێویستمان بەم گۆڕستانە گەوارانەی فڕۆکەکان نامینێت.

تاکو ئێستادا بنکەی ئاسمانی (Davis-Monthan) ناوبانگی خۆی پاراستووە و لەسەر خاکەکەی ئێسک و پارچەی هەزاران جۆر لەو فڕۆکانەی لەخۆگرتووە، کە لە رابردوودا بە ئاسمان و لە بەرزیدا دەفڕین و ئێستا لەسەر خاکەکە وشکەکەی ئەریزۆنا کەوتوون و چاوەڕێی دوایین رۆژەکانی مانەوەیان دەکەن.

تێبینی: وێنەی ئەم بنکەیەی ویلایەتی ئەریزۆنا لە چەند پێگەیەک وەک بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە قەتەر بڵاوکرایەوە، پەیسەر پرێسیش ئەم هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕی، بۆیە داوای لێبوردن لە خوێنەرانمان دەکەین و ئەم راپۆرتەیان پێشکەش دەکەین.
پەیسەرپرێس






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif