دیکتاتۆریەتی وەھم لە رۆمانی دەریاس و لاشەکان

ليست هناك تعليقات

هاوڕێ جەمال
-
(دەریاس و لاشەکان) دواین رۆمانی نووسەری کورد (بەختیار عەلی)ە کە لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری رەھەندەوە لەساڵی ٢٠١٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. رۆمانەکە باس لە پانتایی رووداوە فکری و سیاسیەکانی کۆمەڵگەی کوردی و ھەروەھا دابەشبوونە کۆمەڵایەتیەکەی دەکات، بەشێوەیەک بەئاسانی لەوە تێدەگەین کەسەرە گوریسی ھەردابەشبوونێک وا بەدەستی سەرکردەو پاڵەوانێکی سیاسیەوە، کە لێرەدا سێ سەرکردە بەناوەکانی (سەردار قەمەرخانی، میر تەلارانی، ژەنراڵ بیلال) ئەو رۆڵەیان پێ سپێردراوە. 

ھەرچی پەیوەستە بەزەمەنەوە، رۆمانەکە زیاتر باس لە رووداوەکانی پاش راپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشور دەکا، ئەگەر چی بۆ ھەر رووداوێکی گرنگ نووسەر بەزەمەنی ئەوساو ئێستاوە نەگیرساوەتەوەو ھەوڵیداوە ماکی ئەو رووداوانە لە قوڵایی مێژوو زەمەنە دێرینەکانی میللەتی کورد وەدەرخا.
ئەو موفرەدانەی لەم رۆمانەدا نووسەر کردوونیەتیە ئامرازی گوزارشتکردن و شیکردنەوە لەچوارچیوەی دەقێکی ئەدەبی، زیاتر موفرەدەی سیاسی و فکریین وەک موفرەدەکانی شۆڕش، سەرکردە، دیکتاتۆر، حەقیقەت، وەھم، مێژوو، رۆژھەڵات و رۆژئاوا...
ئەوەی زیاتر سەرنجی منی بەلای ئەم رۆمانە نوێیەی بەختیار عەلی دا راکێشا پەیوەندی نێوان حەقیقەت و وەھمە پەیوەندیەک کە لە چوارچێوەی دیکتاتۆریەتی وەھم بەسەر حەقیقەتەوە خۆیمان بۆ نمایشدەکا و بەئاشکرا جەبەروتی وەھم لە حیواری دەقەکاندا بەسەر حەقیقەتەوە دەبینین.
ئەم نەفەسبڕی و ھەیمەنەیە بەجۆرێک بەیانکراوە واتێدەگەیت کە لەگەڵ دەرکەوتنی وەھم ئەبێ حەقیقەت بچێتە قاوغەکەی خۆیەوە. 
گەر بەدرێژایی مێژوو، ھەوڵی راستەقینەی مرۆڤەکان بۆ تەجەلاکردنی حەقیقەت بووبێ لەبەرامبەر وەھم، ئەوا بەختیار عەلی لەسەر زاری پاڵەوانانی رۆمانەکەوە پێچەوانەکەیمان پێ ئەڵێ. 
ئەوەتا کاتێک دەریاس پێداگری دەکات کە ژەنەراڵ بیلال بگەیەننە بیمارستان تاوەکو تەداوی بکەن، بەڵام ئەرشەد ساحێب ھاوڕێی ژەنەراڵ زۆر بەتوندی دژی ئەم کارەیە بیانووشی بۆ ئەمە ئەوەیە کە ژەنەراڵ خۆی ویستوویەتی وەک رۆحێکی نەمر ، سەرکردایەتی شۆڕش بکا، نەکا لاشەیەکی وا کارەساتێکی تر دروستبکا.ل١٩٥ و١٩٦
«...بەڵام تۆ دەزانیت ئینسان چۆن بەوەھمەکانی خۆیەوە دەنووسێت، دەزانیت نرخی ئەو وەھمانە چەندە گەورەن ، دەزانیت تێکشکانی ئەو وەھمانە چ کارەساتێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت...تۆمێژووت خوێندووە و دەزانیت وەھم چ ھێزێکی مێژوویی گەورەیە...» 
«پرسیارەکە ئەوەنییە گەر ھەقیقەت بکەوێتە مەترسیەوە چی روودەدات، بەپێچەوانەوە ئەوەیە گەر وەھم بکەوێتە مەترسیەوە چی روودەدات؟»ل١٩٩
ھیچ جەنگ و شۆڕشێک بەبێ بوونی پرەنسیپ و دروشمی پڕ لە یەقین و دڵنیاکەر نەچوونە پێشێ، بەڵام ئەی چی کاتێک باس باسی جەنگی ھەقیقەت و وەھمە؟
رۆمانەکە زۆر بەسانایی وەڵاممان ئەداتەوە:
«ھیچ شتێک لە ھەقیقەت لاوازتر نییە کاتێک لەبەرامبەر وەھم دەکەوێتە جەنگەوە»ل٢٠٠
موفرەدەکانی (سێبەرو جەستە)، (خەیاڵ و واقع) وەک موفرەدەی ئەلتەرناتیف بۆ وەھم و حەقیقەت، لەو موفرەدانەن کە لە رۆمانەکەدا ململانێکان لەچانسی (سێبەر و خەیاڵ )لەبەرامبەر (جەستە و واقع) یەکلا کراونەتەوە.
ئەوەتا ئەرشەد ساحێب بە دەریاس ئەڵێ «ھەندێک جار وایە، بۆ ئەوەی سێبەرەکان بژین دەبێت جەستەکان ونبکەین، گەر جەستە دیاربێت تارمایی نرخی نامێنێت، بەڵام سێبەرێک بێ جەستە شتێکە تامردن لەخەیاڵی خەڵکدا دەژی...خەڵکی زیاتر لە شتە واقعییەکان دوای تارمایی دەکەون»
لەکاتی ناشتنی تەرمی ژەنەراڵیشدا ئەرشەد ساحێب ئەڵێ «...بەڵێ ئەوە خواستی ژەنراڵ بوو، خەڵک بۆ ھەتا ھەتایە باوەڕ بەو ژەنراڵە دەکەن کە لە خەیاڵی خۆیاندایە، بێئەوەی ئەوەی تۆ لە کتێبێکدا دەینووسیت نرخی ھەبێت...»ل٢٠٤
واوەتر لەمە نووسەر ھێندە رۆدەچێت لە بارزکردن و قەبەکردنی چەمکی وەھم تا ئاستێکی میتافیزیکی، میتافیزیک بەو مانایەی شەمەندەفەری جیھان لە نەبوونەوە بۆ بوون و لە بوونەوە جارێکی تر بۆ نەبوون رێدەکا، ئەوەتا دەریاس بە ئەلیاسی برای ئەڵێ «دەبینم بناغەی ھەموو شتەکان لە ئەوھامدایە»ل٢٤٥
لەشوێنێکی دیکەدا مامۆستا مەردان بە دەریاس ئەڵێ «ئەم شەڕە کۆتایی نایە خەڵک دوای تارماییەک کەوتوون کە لەسەری خۆیاندایە، سەرەکەش پان ببێتەوە تارماییەکە دەژی و بەردەوام دەبێت»٢٥٠

بۆیە دواجار بە خوێندنەوەی پەیامی پشت ئەو دەقانەی لە سەر پەیوەندی نێوان ھەقیقەت و وەھم لەناو رۆمانەکەدا گوزارشتیان لێکراوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ؛نووسەر ناراستەوخۆ پێماندەڵێ "ئەوەی لە کۆتایی دا دەمێنێتەوە وەھمە نەک حەقیقەت و وجود، ئەوەی بەردەوام دەمانکاتە دێوانەی خۆی تارماییەکانە نەک جەستەکان".



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif