فایلى ونبوو و كه‌سه شوێن بزره‌كان له عێراق، تادێت قه‌ره‌باڵغتر و ئاڵۆزتر ده‌بێت، ساڵانه له عێراق هه‌زاران كه‌س ون ده‌بن، سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێنى سه‌رۆك وه‌زیرانه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان، به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسى ونبووه‌كان نادیاره، ئێستا زیاتر له هه‌شت هه‌زار سكاڵاى خێزانى ونبووه‌كان له كۆمسیۆنى مافى مرۆڤ تۆزى له‌سه‌ر نیشتووه.
رێكخراوى فرانكفۆنى فه‌ره‌نسى، جارێكى دیكه فایلى ونبووه‌كانى عێراق ده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، له ٢٠١٧ ه‌وه تا ئێستا هه‌شت هه‌زار و ٦١٥ كه‌س له عێراق ونبوون و ئێستا شوێن نادیارن، خێزانى ونبووه‌كان ده‌ڵێن، ده‌رگا نه‌ماوه لێى بده‌ن و بێهیوابوون.
دۆسیه‌ى ونبووه‌كان له عێراق نوێ نییه، له‌دواى ساڵى ٢٠٠٣ وه، عێراق رووبه‌ڕووى دۆخى شه‌ڕ و شڵه‌ژانى ناوخۆیى بووه‌وه، كوشتن و فڕاندن بوونە دیارده‌ى باو، هه‌زاران كه‌س له‌و شه‌ڕى لێده‌و راكه‌دا بوونه ئاو و چوون به ناخى زه‌ویدا و دیار نه‌مان.
له‌دواى هاتنیه‌وه، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌ڵێنیدا فایلى ونبووه‌كان بكاته‌وه‌و كار بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نووسیان بكات، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن، ئه‌وه ئه‌سته‌مه چونكه به‌شێكى زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى شوێن بزرن، گروپه چه‌كداره‌كان فڕاندوویانن، بۆیه‌ش هیچ شوێنێكى فه‌رمى نییه، حكومه‌ت لێیه‌وه چاره‌نوسى ئه‌وانه ئاشكرا بكات.
هه‌شت هه‌زار سكاڵا
عه‌لى به‌یاتى ئه‌ندامى كۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراقى ده‌ڵێت، كۆمسیۆنه‌كه‌یان له دۆسیه‌ى مافه‌كانى مرۆڤدا کار ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه عێراق واژۆى كردوون، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنى هاوڵاتیان له رفاندن و سه‌رنگومكردن.
به گوته‌ى به‌یاتى دۆسیه‌ى ونبووه‌كان دیارترین دۆسیه‌یه كه ئه‌وان كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئێستا ژماره‌ى سكاڵاكان لاى ئه‌وان گه‌یشتووه‌ته هه‌شت هه‌زار و ٦١٥ سكاڵا، له سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كۆمسیۆنه‌كه‌وه له ساڵى ٢٠١٧.
كۆمسیۆنه‌كه له‌و ژماره سكاڵایه، ته‌نها توانیویه‌تى چاره‌نووسى ١٢٥ كه‌س ئاشکرا بكات، ئه‌ویش له زیندانى هێزه ئه‌منییه‌كان بوون و سزادراون به تۆمه‌تى تیرۆر. كۆمسیۆنه‌كه باس له‌وه ده‌كات، كه نه‌بوونى به‌یاناتى روون له‌سه‌ر ده‌ستگیركراوان، و راگیراوان و ئاواره‌كان، كاره‌كه‌ى ئه‌وانى ئاڵۆزكردووه، جگه له‌وه‌ش یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ى مه‌له‌فى گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و ورده‌كاریى قوربانییه‌كان له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى داعش-دا كه لانى كه‌م ١٢ هه‌زار كه‌س له خۆده‌گرن.
ئامارى ونبووان و بێسه‌روشوێنان جیاوازن و ژماره‌ى فه‌رمى تا ئێستا بوونى نییه، رێكخراوه‌كانیش ژماره‌ى جیاواز راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه هاوشێوه‌یه برین و ئازار و خه‌م و چاوه‌ڕوانى كه‌سوكارى ونبووه‌كانه.
روانگه‌ى عێراقى بۆمافه‌كانى مرۆڤ كه رێكخراوێكى ناوخۆییه، له ساڵى ٢٠١٩ رایگه‌یاند، نزیكه‌ى ٢٥ هه‌زار عێراقى بێسه‌روشوێنن له پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا، سه‌لاحه‌دین، ئه‌نباره.
رێكخراوه‌كه ره‌خنه‌ى له ریۆشوێنه‌كانى حكومه‌تى عێراق گرت، بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نووسى ونبووه‌كان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو ته‌نها له موسڵ ژماره‌ى ونبووه‌كان ١٢بۆ ١٥ هه‌زار كه‌سن، له ئه‌نبار ژماره‌كه شه‌ش هه‌زارى تێپه‌ڕاندووه‌و له سه‌لاحه‌دین چوار هه‌زار بێسه‌روشوێن هه‌ن. روانگه‌كه جه‌ختى له‌وه كردبووه‌وه، له‌و ژمارانه ته‌نها شه‌ش هه‌زار و ٥٠٠ خێزان سكاڵایان تۆمار كردووه بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نوسى كوڕه‌كانیان، زۆربه‌یان به هۆكارى تائیفى و له ترس‌دا ئه‌و كاره‌یان نه‌كردووه.
رێكخراوى فرانكفۆنى فه‌ره‌نسى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ AFHD ئاشكرایكرد، ژماره‌ى ونبووه‌كانى عێراق له ساڵى ٢٠١٧ وە هه‌شت هه‌زار و ٦١٥ كه‌سن، هاوكات كۆمسیۆنى باڵا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ له عێراق كار بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نوسیان ده‌كات.
ئه‌نه‌س ئه‌كره‌م ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كۆمسیاران له كۆمسیۆنى عێراق بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، ئه‌وان له رابردوودا چاره‌نووسى ژماره‌یه‌كى زۆر له ونبووه‌كانیان له ناوه‌نده‌كانى ده‌ستگیركردن و گلدانه‌وه‌و زیندانه‌كان له سه‌رتاسه‌رى وڵات ئاشكرا كردووه، به‌ڵام تا ئێستاش حاڵه‌تى زۆرى دیكه له ونبووه‌كان هه‌یه.
هه‌روه‌ها باسیله‌وه‌كردووه، ئه‌وان هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان، له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى زانیارى بۆ هه‌ر سكاڵایه‌ك له كۆمسیۆنه‌كه تۆمار كراوه.
چه‌ندین راپۆرت هه‌ن كه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه چالاكانى مه‌ده‌نى و ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكانى دیكه، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان و گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه فڕێندراون و له شوێنى نهێنى دانراون، بێ ئه‌وه‌ى رێگه‌یان پێبدرێت په‌یوه‌ندى به خێزان و كه‌سوكاریانه‌وه بكه‌ن.
جاسب حه‌تاب، باوكى یه‌كێك له ونبووه‌كانه‌وه‌و بۆ رێكخراوه‌كه قسه‌یكردووه، له 8ى تشرینى یه‌كه‌مى ٢٠١٩ ه‌وه كوڕه‌كه‌ى كه یه‌كێک بووه له چالاكانى خۆپیشاندانه‌كان دژى حكومه‌ت، نادیاره، جاسب ده‌ڵێت:"تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كم له‌سه‌ر شوێنێك به‌ده‌ستنه‌هێناوه كه كوڕه‌كه‌می لێبێت، من زۆر دوودڵم له چاره‌نووسى". كوڕه‌كه‌ى جاسب باوكى دوو منداڵه و پارێزه‌ر و چالاكى مه‌ده‌نى بووه.
ئوسامه موسه‌ناى ته‌مه‌نى ٢٢ ساڵ، خۆپیشانده‌ر و چالاكى مه‌ده‌نى، ٣ى كانوونى دووه‌م دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له گۆڕه‌پانى ته‌حریر فڕێندرا، خێزانه‌كه‌ى به رێكخراوى AFDH ییان راگه‌یاندووه، ئه‌وان له زیندانه‌كان ناوى كوڕه‌كه‌یان نه‌دۆزینه‌ته‌وه و چاره‌نووسى نادیاره.
رێكخراوى فرانكفۆنى فه‌ره‌نسى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ٣٠ رێكخراوى دیكه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بوارى مافى مرۆڤ، كار له دۆسیه‌كاندا ده‌كه‌ن داوا ده‌كەن سنوورێك بۆ ونبوون و رفاندنه‌كان دابنرێن، داواش له حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ن، به ئاشكراكردنى زانیارییه‌كان ده‌رباره‌ى كه‌سانى ونبوو وه ئازادكردنى ده‌ستگیركراوه‌كان كه هیچ تۆمه‌تێک دژى ئه‌وان نییه.
مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى له پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كرد بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نووسى هه‌زارن كه‌سانى نادیار كه رێفرێندراون، له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعش، كازمى له ٣٠ ته‌موزى رابردوو سه‌ردانى یه‌كێك له زیندانه‌كانى كرد، جه‌ختیكرده‌وه له نه‌بوونه‌ى هیچ زیندانییه‌ك له خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان.
هه‌وڵه‌كان بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نووسى بێسه‌روشوێنان په‌رته‌وازه‌ن، تا ئێستا هه‌وڵى چڕ‌وپڕ بۆ ئاشكراكردنى چاره‌نووسیان له ئارادا نییه، چاودێران ده‌ڵێن، ئه‌م مه‌له‌فه هه‌ستیاره‌و ئیراده‌ى سیاسى گه‌وره‌ى ده‌وێت بیجوڵێنێت، چونكه ئه‌وانه‌ى له پێگه‌ى گه‌وره‌ى سیاسیدان ده‌ستیان تێیدا هه‌یه و رێگه ناده‌ن دۆسیه‌كان بكرێته‌وه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق