ئەحمەدی كسرەوی، یەكێكە لەدیارترین بیرمەندانی گەورەی سەدەی بیستەمی ئێران، كە پاش تێپەڕینی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر تیرۆركردنیدا هێشتا مشتومڕ دەربارەی بۆچونو كتێبەكانی دەکرێ، ئەو هێندە شێلگیرانە بەدیدێکی رەخنەگرانەوە كاری لەسەر مێژوی ئێرانو ئایینو مەزهەبو تەریقەتەكانی ئەو وڵاتە كرد، تا سەرەنجام لەلایەن "فیدائییەكانی ئیسلام"ەوە تیرۆر کرا، كسرەوی لەكتێبی "سۆفیگەری"دا دەڵێت "سۆفیگەری لەسەر بنەمای قۆڵبڕینو ساختەكاری بنیاتنراوەو پێشەواو شێخانی تەریقەتیش مشەخۆرو مایەی بەدبەختین".
ئەحمەدی كسرەوی لەسەرەتای ئەم كتێبە قەبارە بچوكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە "سۆفیو دەروێشەكان تەنها گروپێكی بچوكی سەرلێشێواو نین تا شایستەی ئەوە نەبن سەرنجیان بدەینێ، دەروێشو سۆفی تەنها ئەو پرچ درێژە چڵكنانە نین كە شمشێرو كەشكۆڵیان بەدەستەوەیە، بەڵكو هەزارانی دیكە بێ تەورو بێ شمشێرو بێ كەشكۆڵو پرچو قژی درێژ، مێشكو مەغزیان پڕە لەخورافاتی سۆفیگەری، لەنێو كاربەدەستانی دەوڵەتو بەڕێوەبەرانی ئیداریدا زۆرێك دەدۆزیتەوە كە شێخو سۆفیو دەروێشنو هەریەكەو خۆیان بەئەندامی فڵانە تەریقەتو فیسار جەنابعالی دەزاننو زۆرێكیش هەن كە بێ پەروا دەڵێن: بابە دنیا كاروانسەرایەو ژیان تەنها چەند رۆژێكەو باش یان خراپ هەر تێدەپەڕێ...". كە كسرەوی ئەم قسانە بەوڕێنە ناودەبات.
كسرەوی ئەوەش روندەكاتەوە كە سۆفیگەری لەچەندین بواردا ریشەی داكوتیوە، بەتایبەتی لەئەدەبیاتو سیاسەتدا. ئەو پێیوایە "سۆفیگەری یەكێكە لەئامڕازەكانی سیاسەت كە ساڵەهای ساڵە رۆژهەڵاتناسانی ئەوروپا گرنگی پێئەدەنو بڕەویشی پێئەدەن، پێشكەوتنەكانی دنیای ئەمڕۆش نەیانتوانیوە كۆتایی پێبهێنن، هەرچەندە سۆفیگەری خەڵكی سستو تەمەڵ كردوەو لەسەر بنەمای قۆڵبڕینو ساختەكاری بنیاتنراوەو پێشەواو شێخانی تەریقەتیش مشەخۆرو مایەی بەدبەختین".
سۆفیگەری چۆن سەریهەڵدا؟
كسرەوی دەربارەی رەگو ریشەی سۆفیگەری دەڵێت "سۆفیگەری هەروەك زۆر شتی دیكە لەفەلسەفەی یۆنانیەوە سەریهەڵداوە، دامەرێنەرەكەی پلوتینۆس-ی فەیلەسوفە كە پێیوایە سەرچاوەی جیهانو هەموی ئەوەی هەیە یەك شتە ئەویش خودایە، هەمو شتەكانی تر لەو جودا بونەتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ گیرۆدەی مادیگەری نەبێو خۆی رادەستی چێژو خۆشییەكانی دنیا نەكات، ئەوەی گۆشەگیرو بێخود بێت دەتوانێت پەیوەست بێتەوە بەخوداو پەروەردگارەوە".
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەدەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئەم جۆرە بیركردنەوە فەلسەفییە یۆنانیانە رویانكردە وڵاتی موسڵمانانو رۆژهەڵاتو ئەمانیش زیاتر بڕەویان پێداو زۆری نەخایاند سۆفیگەری گەشەی كردو تەكیەو خانەقا دامەزرا بۆ ئەوانەی تەركی دنیایان دەكردو جلو بەرگێكی زبریان دەپۆشی، ئەو دەڵێت "ئیتر شێخەكانی سۆفیگەریش پاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە نوێنەری پێغەمبەرو خودان، هەمو شتێكی ئەم دنیایە بەدەستی ئەوان دەسوڕێو تەنانەت کار گەیشت بەوەی بڵێن ئیزرائیلیش بەبێ رەزامەندی شێخ عەبدولقادری گەیلانی گیانی كەسی پێناكێشرێت"!
موعجیزەو كەرامات-ی شێخەكان درۆی شاخدارن
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات لەرۆژگارێكدا نەزانی بەسەر عەوامدا باڵادەست دەبێ، شێخەكان كە خەڵكێكی قۆڵبڕو مشەخۆر بون، پاگەندەی ئەوە دەكەن نوێنەری پێغەمبەرو خودانو زۆربەشیان بنەچەو رەچەڵەكی خۆیان دەبردەوە سەر ئیمامی عەلی كوڕی ئەبی تالیبو ئەبوبەكری سدیق، ئەو دەڵێت "پێشەواو شێخو پیرانی تەریقەت پاگەندەی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەر دو جۆرە ئامۆژگاریو فێركردنی هەبوە یەكێكیان بەناوی شەریعەت بۆ هەموانەو ئەویتریان بەناوی تەریقەت كە تەنها بۆ كەسانی سەربژاردەو تایبەتە، پێغەمبەر تەریقەتی بەئەبوبەكری سدیقو عەلی كوڕی ئەبوتالیب وتوەو لەوانیشەوە گەیشتوە بەشێخو پێشەوایانی سۆفیگەریو دەروێشەكان".
ئەو پێیوایە بەشێك لەوتەو رەفتاری سۆفیگەریی پێچەوانەی قورئانو شەریعەتی ئیسلامیشەو پڕە لەخورافات بەناوی موعجیزەو كەراماتەوە بۆ گەمژاندنی ئەوانەی دوایان كەوتون. لەم كتێبە بچوكەدا كسرەوی بەوردی چەندین نمونەی نائەقلانیو خورافاتی سۆفیگەری دەهێنێتەوە، بەسودوەرگرتن لەكتێبی "تەزكرەی ئەولیا"ی فەرەدەدینی عەتارو "ئەسراری تەوحید"ی ئەبو سەعیدی ئەبو خێر، ئەو باس لەو چیرۆكە ناواقیعیو وڕێنە ئاسایانە دەكات دەربارەی بایەزیدی بستامیو شێخ عەبدولقادری گەیلانیو مەولانا جەلالەدینی رۆمیو شەمسی تەبریزیو چەندان شێخو پێشەوای دیكەی سۆفیگەری دروستكراون.
كسرەوی دەڵێت "لەكتێبی تەزكرەی ئەولیادا هاتوە، كەسێك لەشێخ عەبدولقادری گەیلانی پرسی: بۆچی ناچی بۆ مەكە؟ شێخ دەستی بەزر كردەوەو نێوانی دو پەنجەی خۆی نیشانی پرسیاركەرەكە دا، وتی: سەیركە. پرسیاركەر كە سەیری كرد كەعبەی بینی بەسەر سەری شێخەوە دەسوڕایەوە!".
هاوكات ئاماژە بەوە دەكات شێخەكان هەمیشە وا خۆیان دەردەخەن كە لەگەڵ خوادا لەرازو گفتوگۆدانو دەیان نمونەی ئەو شێخانە دەهێنێتەوە كە بۆ گەوجاندنی خەڵكی چیرۆكی بەسەر ئاودا رۆشتنو بەشەوێك چونە حەجو چاككردنەوەی نەخۆشو زیندوكردنەوەی مردوو سەدان چیرۆكی سەیرو سەمەرەی تریان دروستكردوە كە كسرەوی بە"درۆی شاخدار" ناویدەباتو پێیوایە شاعیرانی گەورەی وەك مەولانا جەلالەدینی رۆمیو عەتارو سەعدی شیرازیش لەڕێگەی شیعرەكانیانەوە بڕەویان بەم خورافاتو خورافەپەرستییە داوە.
كسرەوی بەسەرسوڕمانەوە باس لەوە دەكات كە چۆن لەگەشتی بیابانێَكدا گوێدرێژەكەی رابیعەی عەدەوی دەمرێ، پاش ئەوەی موناجاتی خودا دەكات گوێدرێژەكەی بۆ زیندو دەكاتەوە، یاخود باس لەوە دەكات ئیبراهیمی ئادەم لەسەر قەراغی روباری دیجلە كە خەریكی دورینەوەی كراسەكەی دەبێ سوژنەكەی لێدەكەوێتە ناو ئاوەكەوەو هەزار ماسی لەنێو روبارەكەوە سەر دەردەهێننو هەریەكەو سوژنێكی زێڕینیان بەدەمەوە بوە، بەڵام ئیبراهیم وتویەتی تەنها سوژنەكەی خۆمم دەوێ"!
كسرەوی دەڵێت "ئەمانە باكیان نییە لەدرۆ كردنو وەستای درۆن، هەمو ئەوەی ناویان ناوە كەرامات دەربارەی پیرو پێشەواو شێخەكانی خۆیان درۆو كاری نەكردەن، تەنها بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی خۆیان لای عەوام دروستیان كردوە، ئەگینا چ عەقڵێك باوەڕ بەوە دەكات كەعبە لەجێی خۆی هەستێو بێت پێشوازی لەشێخێك بكات؟ یان ئەم گەردونە چۆن دەبێ بەیاریو بازیچە بەدەست ئەوانەوە؟ چۆن شێخ رازی دڵی هەر كەسێكی زانیوە؟ یاخود چۆن شێخ زمانی جانەوارانی زانیوەو لەگەڵ چوارپێ قسەی كردوەو توانیویەتی بەئاسمانا بفڕێو بگاتە حەج؟ جا ساویلكەیی باوەڕكردن بەم موعجیزەو كەراماتانە كە ئەسڵو ئەساسیان نییە، ئەوەیە ئەمانە بە(ئەولیا) بزانرێو دوایان بكەون، كە بەپێی بەشێك لەگێڕانەوەكان ژمارەیەك لەم شێخانە نەك هەر خۆیان بە(ئەولیا) دەزانن بەڵكو هەندێكجار خۆیان لە(ئەنبیا) بەگەورەتریش دەزانن".
بێكاریو تەمەڵی ماڵی وێران كردین
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەرهەڵدانی ئیسلامەوە تا ئێستا یەكێك لەو هۆكارانەی مایەی بەدبەختی بوە سۆفیگەرییە. سۆفیگەری كاریگەری لەسەر هەمو شتێكی ژیان هەبوە، هەر لەجیهانبینیو خوداناسیو دەرونناسیو خوێندنو كارو پیشەوە بگرە تا دەگات بەئاوەدانی شارەكانو هاوسەرگیرییو ماڵداریو ئەدەبیات.
رەخنەیەكی گەورەی كسرەوی لەسۆفیگەری، هاندانی بێكاریو تەمەڵیو گەدایی كردنو دەستهەڵگرتن لەدنیاو ژیانو بڕەودان بەگۆشەگیریو تەكیەو خانەقانشینی بوە، كە خەڵكی تریان بە"ئەهلی دنیا" ناوبردوە. ئیتر تەقدیسی هەژارییو كار نەكردن گەیشتوە بەوەی وەك مەزهەبێكی لێهاتوە لەكۆمەڵگەدا، لەكاتێكدا بنەمای پێشكەوتنی وڵاتانو گەشەی كۆمەڵگەكان كاركردنو كۆكردنەوەی سەرمایە بوە.
كسرەوی دەڵێت "لەسەدەی حەفتەمی كۆچیدا كە كاتی هاتنی مەغۆلەكانە، ئێرانو هندو بوخاراو توركمانستانو توركیاو عێراقو سوریاو میسر پڕ دەبن لەخانەقاو تەكیە، كە یەكێك بوە لەهۆكارەكانی زاڵبونی مەغۆلەكان بەسەر ئەم روبەرە فراوانەدا، ئەم تەریقەتانە وڵاتەكانیان بەدوژمن سپاردو كچو ژنەكانیان لەلایەن داگیركەرانی مەغۆلەوە بەتاڵان بران، بەڵام جوامێریی بەرەنگاریو تۆڵەكردنەوەیان نەبو، بەڵكو مانای ژیانیان تەنها كورت بۆوە بۆ خواردنو خەوتنو رۆژ بەسەربردن، بۆ ئارامی دڵیش خۆیان خستە باوەشی سۆفیگەریو خەراباتەوە! مەغۆلەكانیش كە لەبەرژەوەندییان بو، هانی ئەم جۆرە تەریقاتانەیان دا تا سەری خۆیان بەشتی هیچو پوچەوە گەرم بكەنو خەریکی قەلەندەریی بنو پرچو قژیان بەربەنەوەو بەناو ئاگرا بڕۆنو لەگەڵ ماردا گەمەو یاری بكەن"!
هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بەشێك لەپیرانو پێشەواو شێخەكان ئارەزوی دەستگەیشتن بەتەختو تاجی پاشایەتی بەهاوكاری دەروێشەكانیان بزواندنی، وەك میری مەرعەشیانو شێخ جونیدی سەفەوی كە خۆیو حەیدەری كوڕیشی لەو پێناوەدا كوژران، بەڵام سەرەنجام شا ئیسماعیلی سەفەوی كوڕی حەیدەرو نەوەی شێخ جونید، دەوڵەتی سەفەوی دامەزراند، بنەماڵەی سەفەوی لەنێو سۆفیگەرییەوە سەریانهەڵدا.
هاوڕەگەزبازیو دژایەتی ئەقڵانیەت
كسرەوی تیشك دەخاتە سەر لایەنە خراپەكانی مێژوی سۆفیگەریو پێیوایە گومڕاییەكانی سۆفیگەری لەژماردن نایەن، كە زۆر لەكردارو وتەیان پێچەوانەی ئیسلامی راستەقینەیەو هەندێكجار پەل دەكێشێ بۆ خانەی نكوڵیكردن لەخوداش، كە بەشێك لەپێشەوایانی تەریقەت خۆیان بەخودا زانیوەو خودایان لەخۆیاندا بینیوە.
كسرەوی چەندان نمونە دەهێنێتەوە كە ئاماژەن بۆ منداڵبازیو هاوڕەگەزبازی، لەبەرئەوەی ئەوەی تەرکی دنیایان کردوە ژنیان نەهێناوە، توشی لادانو خەریكی منداڵبازی بونو چەندین شیعرو قەسیدەش بۆ پیاهەڵدانی جوانی روخساری کوڕان نوسراوەو شێخ هەبوە ئاگری عەشقی کوڕێکی روخسار جوان سەری پێهەڵگرتوە بۆ هندستانو بەگومانیشەوە باسی پەیوەندی نێوان مەولانا جەلالەدینی رۆمیو شەمسی تەبرێزی دەكات.
كسرەوی جەغت لەوەش دەكات كە سۆفیگەری لەرەگو ریشەوە دوژمنی ئەقڵو ئەقڵانیەتە كە گەورەترین سەرمایەیە خودا بەمرۆڤی بەخشیبێت، ئەو دەڵێت "لەئەسراری تەوحیدا هاتوە كاتێك دەروێشێك پرسیاری لەشێخی ئێمە كرد: عەقڵ چییە؟ شێخ وتی: عەقڵ ئامڕازی كۆیلایەتییە!".
دەشڵێت "لەكتێبی سۆفییەكاندا زۆر باسی ئەوە كراوە كە عەقڵ ناوباتەوە سەر رێ كەواتە پێبخەرە رێی (سیرو سلوك)ەوە، مەولاناش دەڵێت كە عەشق هات عەقڵ ئاوارە بو".
كسرەویو دوژمنەكانی
كسرەوی كە ساڵی 1890 لەتەبرێز لەدایكبوەو لەساڵی 1946 لەتاران تیرۆر كراوە، بەهۆی نوسینەكانیەوە دژایەتی زۆر كراوە، نەك هەر لەلایەن توندڕەوانی شیعەوە كە بە"مورتەد"یان داناوەو فەتوای كوشتنیان داوەو لەلایەن فیدائییەكانی ئیسلامەوە تیرۆر كراوە، بەڵكو بەشێك لەروناكبیرانی ئێرانیش دژایەتییان كردوە بەهۆی زمان زبرییو رەخنە توندەكانیەوە لەشاعیرانی گەورەی وەك حافزو سەعدی شیرازیو جەلالەدینی رۆمی كە بە"مایەی دواكەوتوییو تەمەڵیی كۆمەڵگەی ئێران" ناویبردون.
هاوكات بەهۆی كتێبەكانیەوە دەربارەی شیعەگەریو بەهایگەریو سۆفیگەری لەلایەن پەیڕەوانی ئەم ئایینو مەزهەبو تەریقەتانەوە دژایەتی كراوە، بەڵام كسرەوی هەمیشە ویستویەتی بەئەقڵانیەتو دیدێكی رەخنەگرانەوە مێژووی ئێران بخوێنێتەوە، لەم كتێبەشیدا "سۆفیگەری" خوازیارە پەیامێك بەخەڵك بگەیەنێت ئەویش ئەوەیە كە مەرج نییە شێخو پێشەوایانی سۆفیگەری پیاوی پاكو پیرۆز بن.
ئا/ ئاوێنە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق