دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی 24 پڕۆژە هەڵدەوەشێنێتەوە

ليست هناك تعليقات

دەستەی وەبەرهێنان 24 پڕۆژەی وەبەهێنان لە بوارە جیاجیاکان هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڕێوەبەرى گشتى یاسایى و کارگێڕى و دارایى دەستەکەش دەڵێت گرەنتی بانکیی خاوەن پڕۆژەکان دەبێتە داهات بۆ حکومەت.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەرى گشتى یاسایى و کارگێڕى و دارایى دەستەى وەبەرهێنان بە ڕوداوی راگەیاند: "دەستەى وەبەرهێنان مۆڵەتى 24 پڕۆژەى وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک کشتوکاڵی، پیشەسازی، بازرگانی، چەند بوارێکی دیکە هەڵوەشاندەوە".

موخلیس سەلیم، ئاماژەی بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پرۆژەکان دا و گوتی: "هەڵوەشاندەوەی مۆڵەتەکان بەهۆى کەمتەرخەمى لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان بووە. وەبەرهێنەری بەشێک لەو پڕۆژانە هێشتا دەستیان بە کارکردننەکردووە و بەشێکیشیان لە وادەی خۆیان دواکەوتبوون".

بەڕێوەبەرى گشتى یاسایى گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە 8یان لە هەولێر،11 لە دهۆک و 3 پرۆژەش لە سلێمانین، ئەمڕۆش مۆڵەتی دوو پڕۆژەی دیکە لە هەولێر و سلێمانی هەڵدەوەشێندرێتەوە".

لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەکانیش، موخلیس سەلیم گوتی: "زەوى ئەو پڕۆژانە لە وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیا کەمتەرخەمەکان وەرگیراونەتەوە و بەپێى یاسا دەخرێنەوە سەر حکومەت یان دەبێت بە وەبەرهێنەری دیکە، ئەو پڕۆژانەی دەستبەکاربوون و رێژەیەکی کەمیان تەواوکردووە بە نرخی هەڵوەشاندنەوە لە خاوەن پڕۆژەکەی وەردەگرینەوە، ئەو وەبەرهێنەرانەش کە گرەنتی بانکییان هەیە، پارەکە دەبێتەوە داهات بۆ حکومەت".

پێشتر دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی یەک مانگی دا بەو وەبەرهێنەرانەی کە مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەستیان پێنەکردووە، یان پرۆژەکانیان بەنیوەچڵی جێهێشتووە، دەست بە پرۆژەکانیان بکەنەوە، ئەگینا مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ئێستا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 924 پرۆژە دراوە، بەڵام زیاتر لە 100پرۆژەیان بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەكانی وەبەرهێنان، مۆڵەتەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، ئێستا سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 49 ملیار و 407 ملیۆن دۆلار و کۆرۆناش کاریگەرییەکی خراپی هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی سەرمایە و کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif