سەردەمی عەیبە و تەریقبونەوە

ليست هناك تعليقات

سوهەیب شێخ ئەحمەد

عەیبەیە لەم سەردەمەدا بە بەرپرسی حزبی و حکومی ئەم هەرێمە بڵێی.. دەستخۆش .. بژیی.. لەبیرتان ناکەین.. لەگەڵتاین.. براگەورە پاڵپشتین.. بــژی سەرۆک و هاوسەرۆک.. ئێوەپشت و پەنان.. تاجی سەرن .. دەیان شت و قسەی بێ مانای تر..

بۆ نمونە لەبری ئەو وەسفانە بیربکەرەوەو بپرسە، بۆ دەبێت تۆ لەوانە کەمتر بیت بۆ دەبێت تۆ نەتوانی وەک ئەوان ژیان و گوزەرانێکت هەبیت.. بیربکەرەوە بیر.. بڵی جیاوازی من و تۆ چییە.. تۆ لەکوێت هێنا وا من نەمتوانی بەدەستی بهێنم.. بپرسە پرس.. تاکەی هەر جەماعاتی دەستخۆش و هەربژی سەرۆک و ئەم و ئەو بین.. 

من تەمەنم ٣٦ ساڵە چیم هەیە لەم نیشتمانە وێرانەیەدا جگە لەوەی بەهۆی ئەم نابەرپرسانەوە مانگانە بە هۆی دواکەوتنی کرێی خانووەکەم شەرمەزاری خاوەن ماڵەکەم دەبم..

من چیم هەیە لەم وێرانەیەی ناوی هەرێمە کە نەتوانم دڵی دایکمی تیا خۆش بکەم و ٤ مانگ جارێ بە دوو رۆژ سەرەگرتن موچەیەکی خانەنشینی حکومەتی عێراق کە ٢٧٥ هەزارە وەریدەگرێت .

من و تۆ چیمان هەیە چی جگە لەوەی شکۆو کەرامەتیان شکاندووین ئاخر ئێمە چیمان ماوە لەدەستی نەدەین ..

خۆ ئێمە کڵاوە شڕەکەشمان نیە تا دەستی پێوەبگرین و با نەیبات.. ئیتر بۆ ناپرسین و بیرناکەینەوە..

لێرە لەناو ئەم زاڵمانەدا بێ ئەرزش و بێ نرخترین شت مرۆڤە مرۆڤ.. بێ بەهاترین و بێ قیمەت ترین شت مرۆڤە..

دەزانیی..ئەوان مرۆڤن و رێزیان دەگیرێت چونکە بیر دەکەنەوەو سواری ملی من و تۆ بوون ..

ئەوان مرۆڤن چونکە تۆ.. بەڵێ تۆ.. هەمیشە چاوەروانی ئەوەی وێنەیەکی ببینی و بڵێی.. دەستخۆش.. بژیی.. لەگەڵتین.. سەرۆکمانی.. خاوەنمانی.. نوێتکردینەوە .. بەرەو کوردستانی بەهێز.. شازی پەرلەمانتاری.. قسەزانی.. قسەی حەق دەکەی..

بەڵام جارێک نەهاتی دەست بخەیتە سەر هەر دوو چاوەکانت و بە هێواشی بیر بکەیتەوە و پرسیار بکەی لە ژیانت لە جیاوازیت لەوەی بۆچی پەرلەمانتارە قسە زلەکان ناترسن و قسەی زل دەکەن بەڵام ماڵیشیان لە نازسیتی و قەیوان سیتیە؟ 

جارێک نیە پرسیار بکەیت بۆچی ئەوان لە حەوتەم تەبەقی ئاسمان و باڵەخانەکاندان و تۆیش لەبەر نەبوونیی.. کارەبای مۆلیدەکەتیان بڕیوە..!

بەڵی بۆ بیرکردنەوە و بەهۆش هاتنەوە بەرامبەر ئەم بێ شکۆییەی بەسەر مرۆڤدا هێناویانە.
هەموو چارەسەری ئەم کێشەو بەڵایانەی بەسەرمانەوەیە تەنها بە بیرکردنەوە و بەهۆشهاتنەوە دەبێت گەرنا هەموو تەمەنمان بە رەزالەتی زیاتر دەبەینە سەر.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif