دو پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن پڕۆسەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان، دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
هەردو پەرلەمانتاری كورد غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین، لە نوسراوێكی هاوبەشدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاڕاستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كردوە، وتویانە: ئێمە پشتیوانی تەواوی هەوڵەکانتان دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروزە سنورییەکان لە عێراق و هیوادارین ئەم هەنگاوانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەشێوەیەك كە بەتەنسیق بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكان بەمەرجی ئەوەی سەرپەرشتی و چاودێری داهاتی ئەو دەروازە سنورییانە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بێت وەك ئەوەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەیەو لەسەدا 50ی داهاتی دەروازەكان بۆ پارێزگاكە خەرج بكرێت.
ئەوەشیان خستۆتەڕو: لە هەرێمی كوردستان جیاوازی دەكرێت لە خەرجكردنی بودجە بۆ پارێزگاكانداو وتوشیانە: لە كاتی هەر رێكەوتنێك لە گەڵ هەرێمی كوردستان ڕەچاوی رێژەی پارێزگاكان بكەن كە راستەوخۆ بۆ پارێزگا خەرج بكرێت نەك بدرێت بە هەرێم و هەرێمیش بەشێوەیەكی ناداپەروەرانە دابەشی بكات.
ئاماژەیان بەوەشداوە كە لە کوردستانیش هاشێوەی ناوچەکانی تری عێراق، جگەلە کۆنترۆڵی کۆمپانیا حزبیەکان بەسەر دەروازە فەرمیەکاندا، بە دەیان دەروازەی نافەرمی هەیە کە بەتەواوی چەکدار و کۆمپانیای حزبی دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەوەش بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر بازار و دۆخی ئابوری و تەندروستی هەرێمی کوردستان.
ئەو دو پەرلەمانتارە باسیان لەوەش كردوە كە لە سنوری پارێزگای دهۆک لەگەڵ سوریا، کۆمپانیایەکی حزبی ئیدارەی خاڵێکی سنوری دەدات بەناوی (وەلید)، هەروەها لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە چەندین خاڵی سنوری ناڕەسمی هەن کە کۆمپانیا حزبییەکان هەیمەنەیان هەیە بەسەریانەوە و رۆژانە سەرانە لە بازرگان و هاوڵاتیان وەردەگرن، ئەمە سەرەڕای هێنانی کەلوپەلی قاچاغ بۆ ناو بازارەکانی عێراق بەدور لەهەمو پێوەرە تەندروستی و بازرگانییەکان.
لەكۆتاییشدا ئاماژەیان بەوەداوە كە هەوڵەكانت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان لە ناوچەکانی تری عێراق ئەنجامی ئەوتۆی نابێت بەبێ کۆنترۆڵکرنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و دورخستنەوەی دەستی حزب و کۆمپانیاکان لێیان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق