توركیا هێرشی زەمینی دەكاتە سەر قەندیل

ليست هناك تعليقات

بەرپرسێکی تورکیا دەڵێت، هێرشەکانی ئەو وڵاتە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و چەند قۆڵێکەوە وەکو ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر بنکەی سەرەکیی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە قەندیل، بەجۆرێک کە سوپای تورکیا دەیەوێت هێڵی پەیوەندیی پەکەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا بپچڕێنێت، ئامرازی سەرەکیی ستراتیژیی نوێی هێرشەکانیش بریتییە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

راپۆرتێکی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا فڕۆکەکانی تورکیا بە ئاسانی دەگەنە ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لەو ناوچە سنوورییانەی کە لە رابردوو ئەستەم بوو پێیان بگات. راپۆرتەکە دەڵێت، ئاماری قوربانیانی پەکەکە لە ساڵی رابردوودا زیادیکردووە، بەتایبەت لەنێو هەندێک لە شەڕڤانە دێرینەکان کە بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.

بێرکەی ماندیراچی، شرۆڤەکاری رێکخراوی قەیرانی نێودەوڵەتی بۆ تورکیا باس لەوە دەکات "بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی هێز دروستکردووە، بەشێوەیەک کە هێزەکانی تورکیا گەیشتوونەتە کۆمەڵێک ناوچە کە پێشتر نەیاندەتوانی پێیان بگەن".

بەرپرسەکەی تورکیا کە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەی کردووە و نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، دەشڵێت "شێوازی نوێی هێرشەکان ئامانج لێی لەناوبردنی هەڕەشەکانی پەکەکەیە لە سەرچاوەوە".

بەپێی ئاماری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لەدوای شکاندنی ئاگربەست لە ساڵی 2015، پێنج هەزار کەس لە پێکدادانەکانی نێوان تورکیا و پەکەکەدا کوژراون، یەک لەسەر دەی ئەو ژمارە لە کوژراوەکانیش لە باکووری عێراق بووە؛ بەڵام ئەمساڵ ژمارەی کوژراو لەناو خاکی هەرێمی کوردستان 70% زیادیکردووە.

بەرپرسێکی دیکەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکەی عێراق پاراستنی سنووری تورکیا و رێگریکردنە لە پەکەکە لە چوونیان بۆ سووریا و لەوێشەوە دزەکردنیان بۆ تورکیا، ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی "لە کاتی گونجاودا هەڵسەنگاندن بۆ بەئامانجگرتنی قەندیل دەکرێت".

تورکیا لە هێرشەکانیدا پشتی بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەستووە کە لە ناوخۆی وڵاتەکەی بەرهەمدێن.

لە هێرشە زەمینییەکەی 17ی حوزەیرانی 2020 کە لەژێر ناوی چنگی پڵنگدا کرا، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی تورکیا، سوپای وڵاتەکەی زیاتر لە 40 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی عێراق پێشڕەویی کردووە و زیاتر لە 40 بنکەی سەربازیی کاتی دامەزراندووە.
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە "بەغدا زۆر بێدەنگ بووە لەئاست هێرشەکان، ئێمەش ناچاربووین بێدەنگ بین، ئەگەر وامان نەکردایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا گرژیی تێدەکەوت".

سەبارەت بە بێدەنگیی بەغدا، بیلال وەهاب لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک بە رۆیتەرزی گوتووە، "بەغدا پێیوایە کە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بۆیە پێیانوایە زۆر زیان بە بەغدا ناگات".

ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە عێراق دوای ئەوە دێت کە تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سێ هێرشی لە باکووری سووریا لە دژی یەپەگە/هەسەدە و چەکدارانی داعش لەسەر سنوورەکانی ئەنجامداوە، دواتریش هێزی لە پارێزگای ئیدلب بڵاوکردووەتەوە بۆ رێگری لە هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا دژی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif