پارتی بۆ یەكیەتی: با رۆژانی بەر لە جەژن بکەینە رۆژانی تەبایی

ليست هناك تعليقات



پارتیی دیموکراتی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و سەرەڕای رەخنەگرتن لە زمانی ناوەڕۆکی راگەیێندراوەکە، داوا دەکات کۆتایی بە دڕدۆنگی سیاسی و میدیایی بێت و رۆژانی بەر لە جەژن بکەنە رۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان.

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 24-7-2020 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی راگەیێندراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە کە هەر ئەمڕۆ بڵاویکردەوە و تێیدا رەخنەی لە پارتیی دیموکراتی کوردستان گرتبوو.

پارتی راگەیێندراوەکەی یەکێتی بە "ئینفیعالییانە" ناودەبات و دەڵێت، "راگەیێندراوەکە ھێرشدەکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، تایبەت لە ناوھێنانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەولێر وەک لقێکی پارتی".

پارتی پێی وایە زمانی راگەیێندراوەکەی یەکێتی "زمانێکی گرژی گرفتخوڵقێنە و ھێندەی گرێبینە، نیشتمانبین نییە و ناتوانێ چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بێنێتە نێو پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بەتایبەت لەم قۆناخە ھەستیارەدا، کە جەماوەری خۆشەویستی کوردستان چاوەڕوانی لێکتێگەیشتنی زیاتری حیزبە سیاسییەکانی کوردستانن".

یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا کە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بڵاویکردەوە دەڵێت، سەرتاسەری کوردستان مەیدانی خەباتی یەکێتییە و ھەولێری پایتەختیش چەقی ئەو خەباتەیە، ئەوەشی وەکو نەفەس و ئاراستەی یەکێتی ناوبردووە لە کۆنگرەوە و تێیدا هاتووە، "ئەوە گێڕانەوەی یەکێتییە بۆ سەرەتا کوردستانییەکەی کە مامی گەورەمان دایڕشت و بنەمای پێشبڕکێی دیموکراتی و ململانێی مەدەنییانەیە لە ھەموو وڵاتێکی دەربەست بۆ دواڕۆژی گەل و نەوەکانی داھاتووش".

یەکێتی باس لە چالاکی و دیدارەکانی لاھوور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر دەکات و دەڵێت، "ئەوەی جێی پرسیارە سەخڵەتبوونی بەرپرسی لقی دووی پارتی و بەرپرسانی لقەکەی دیکەیانە لە پەروەردەی ھەولێر و میدیای سێبەر و بەر ھەتاویان، ئەو کاتەی بە بیانووی بێ بنەما بەرپەرچی چالاکییەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی دەدەنەوە".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا یەکێتی دەڵێت، گوتاری ھاوسەرۆکەکەی لە ھەولێر لە کۆبوونەوە و لێدوانەکانی "لەگەڵ خیتابی کوردستانیی یەکێتی و لەگەڵ دیموکراسی و ئازادی کاری سیاسی وەک ئەوەی پرۆسەی سیاسیی وڵات دەیخوازێت، یەک دەگرێتەوە. لەگەڵ بنەماکانی دەستووری عێراق یەکدەگرێتەوە و ناکۆک نییە لەگەڵ رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی کە بنەمای گێڕانەوەی ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینەیە". یەکێتی رەخنەی لە پارتی گرتووە و دەڵێت: "دەبینین لە لقەکان شڵەژان ھەیە و بەرپەرچدانەوەی ناڕەوا دەنوێنرێت".

لەبەرامبەردا دەزگەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە پێنج خاڵ وەڵامی یەکێتی داوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو سیاسەتەی ئێستای یەکێتی، کە لە راگەیێندراوەکەیاندا ناوی بە "نەفەس و ئاراستەی نوێ" ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەکێتی، دەبێ پرسیار بکەین ئەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەکێتی بەرەو کوێ؟ "رێک و رەوان دەمانەوێت بڵێین، ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە دژ و ناکۆکە بە روانگە و پەیام و دوا وەسیەتەکانی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرەکانی دەوری مام جەلال، سیاسەتێکە نەک ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەکێتیش بنکۆڵ دەکات".

لە راگەیێندراوەکەیدا پارتی جەختیکردووەتەوە کە پارتیی دیموکراتی کوردستان "پارتێکی سەرانسەریی کوردستانی کۆکەرەوەی نیشتیمانییە و ئامانجی کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و شیان و تواناکانە لەپێناو ئازادیدا. لە کوێ پیلانی دوژمنان ھەبووبێت، پارتی لەبەرامبەریدا پێشمەرگانە لە سەنگەردا وەستاوە و مێژوویش شاھێدە.. پارتی دیموکراتی کوردستان واتە پڕۆژەی وەستانەوە بەڕووی پیلاندا".

یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە گوتەکانی لاھوور شێخ جەنگی دەربڕی سیاسەتی یەکێتی دوای کۆنگرەی چوارە و یەکێتییەکان وەک نەخشەرێی نوێبوونەوە رەچاوی دەکەن، دەڵێت "بۆچی پارتی و لقەکانی بە خەباتی دیموکراتی و سیاسی لە ھەولێر و زاخۆ و دھۆک قەڵس دەبن؟"

راگەیێندراوەکەی یەکێتی چەند جارێک جەختی لە دژایەتی خۆی بۆ دوو ئیدارەیی و پاراستنی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کوردستان موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە، "ئەگەر بە حەقی مێژوویی و شەرعییەتی شۆڕشگێرییش بێت خەڵکی کوردستان لەیادیانە یەکێتی لە راپەڕین ھەولێری پایتەختی رزگارکرد و شەریکی یەکەمی ئازادکردنی تەواوی کوردستانە و زۆرترین خوێن و فرمێسکی بۆ ئەم ئازدییە داوە. مەعلومیشە لە ھەڵبژاردنێکی دیموکرات و مەدەنیانەدا ھەولێری نەدۆڕاندووە، ئێستاش یەکێتی بە ھەمان نەفەسی مەدەنی و ململانێی دیموکراتی سیاسەتی خۆی تاو دەداتەوە کە سیاسەتی لە قاودانی قۆرخکاری سیاسیی، لە قاودانی دوو ئیدارەییە".

لە وەڵامی یەکێتێدا، بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا "دوو چەمکی جیاوازی وەک (ململانێی سیاسی) و (دوژمنایەتی) لێ تێکەڵ بووە. ململانێی سیاسی بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی و پارتیی دیموکراتی کوردستان نەک ھەر قەناعەتی قووڵ و نەگۆڕی بە ململانێی سیاسی ھەیە، بەڵکو لە زۆر وێستگەی مێژووییدا دەستپێشخەر و بگرە لە پێناویدا قوربانیشی بەخشیوە".

پارتی هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە ململانێ رەوایە و ژیانی سیاسی رەنگدار دەکات، "بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەکەن ھەمیشە براوە بن". بە گوتەی پارتی، ئەوانەی دەچنە نێو ململانێی سیاسییەوە، دەبێ پشوودرێژ و مەدەنییانە قۆڵی لێ ھەڵبکەن و "لەھەر دۆڕانێکا قینچکەتەنگ شتێک نەشکێنن و بەشورەییەوە داخلی مێژوو نەبن. سەبارەت پیلان و ھەڕەشەیش، دووجار سنوور و جارێک بەغدا شاھێدن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڕەشە شکێنە".

یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لە سیاسەتەکەی خۆی و بەردەوامی پێدانی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە سیاسەتی یەکێتی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە. دەڵێت، ھەموو ھەرێمی کوردستان بە کفری و زاخۆشەوە. سیاسەتی کوردستانێکی دیموکرات و لامەرکەزییە کە "بە ناوی کوردستان و نەتەوەوە ناھێڵێ ناوەندێتی و قۆرخکاری بسەپێندرێ و باج و سەرانە بەسەر ھاتووچۆی پارێزگاکان و خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دابنرێت. بەڵکو دەیەوێ چەقی سیاسەتی لە پایتەختەوە بۆ بادینان و دھۆک و تەواوی کوردستان پەرەپێبدا بۆئەوەی شەوقی بەر کەرکووک و لەوێشەوە بەر تەواوی عێراق بکەوێت، چونکە ھەر عێراقی دەستووری و فیدراڵی دەتوانێ یارمەتیی کوردستان بدات کە بێ دەبابەی سوپای تورک موڵکی ھەموو کوردستانییان بێت".

لای خۆیەوە، پارتی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، باسی ئەوەیکردووە کە زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی "زیان بە خاوەنەکەی دەگەیێنێت بەر لە ئەوانی دیکە، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان، روو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدییاییە بێت و رۆژانی بەر لە جەژن بکەینە رۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif