خاڵم توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە

ليست هناك تعليقات


کتێبێکی دیکە لەدژی دۆناڵد ترەمپ نووسراوە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە، نووسەری ئەم کتێبە تازەیە خوشکەزاکەی خۆیەتی و دەڵێت: "خاڵم توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە".

مێری ترەمپ، خوشکەزا تاقانەکەی سەرۆکی ئەمریکا کتێبێکی نووسیوە بەناوی (Too Much and Never Enough: How My Family Created the World’s Most Dangerous Man). ئەم کتێبە لەدیدی خوشکەزای سەرۆکی ئەمریکا نووسراوە. مێری ترەمپ دەروونناسە، لە نزیکەوە چاودێریی جموجووڵ و هەڵسوکەوتەکانی خاڵی کردووەو دەڵێت "کەسێکی خۆپەرستە".

دادگایەکی ئەمریکا بڕیاری رێگری لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی داوە، بەڵام ئێستا بڕیارەکەی وەستاندووە و کتێبی خوشکەزاکەی ترەمپ ئێستا لە پلەی یەکەمی لیستی پڕفرۆشترینەکانی ئەمازۆنە.

ئەمە یەکەم کتێب نییە لەدژی ترەمپ دەنووسرێت، ژمارەیەک بەرپرس ئەوانەی لە کۆشکی سپی و لەنێو ئیدارەی ترەمپ کاریان کردووە، دوای دەستلەکارکێشانەوەیان یان دەرکردنیان شتیان لەسەر ترەمپ نووسیوە.

یەکەم کتێب کە بڵاوکرایەوە، بەناوی (ئاگر و ئافات) بوو لەلایەن مایکل وۆڵف کە باس لە رووداوەکانی نێو کۆشکی سپی دەکات. دواینیشیان لەلایەن جۆن بۆڵتنی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو، بۆڵتن لە کتێبەکەیدا هەندێ شتی سەیر لەبارەی سەرۆکی ئەمریکا باسدەکات.



دوای بڵاوکردنەوەی دوو کتێب و چاوەڕوانی ئەوەی مێری ترەمپیش، کەچی دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا زۆر بە متمانەوە دەڵێت کە لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەم دەردەچێتەوە.

هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە بەربژێری دیکە هەن هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دەدەن، بەڵام کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان ترەمپ و جۆ بایدنە.

بایدن پێویستی بە 1991 دەنگی ئەندامان هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی لەسەر لیستی دیموکراتەکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات. ترەمپ پێویستی بە دەنگی 1276 ئەندام هەیە بۆ ئەوەی ئەویش لەسەر لیستی کۆمارییەکان هەمان رکابەرایەتی بکات.

دۆناڵد ترەمپ لەدوایین لێدوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەڵێت، "پێموانییە بیدۆڕێنم، راپرسییەکان لە بەرژەوەندی ئێمەن. ئەمانە راپرسی ساختە نین، راپرسی راستەقینەن". 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif