بەغدای بەھێز، ئومێدێک لە سەراب

ليست هناك تعليقات

د.دڵشاد عبدلرحمن
-
لەدوای رووخانی سەددام حوسێن، ئاراستەیەک لای کەسایەتییە کوردە بەشداربووەکانی دەسەڵاتی بەغدا پەیدابوو کە بەغدای بەھێز و جێگیر، ھەولێریش بەھێز و جێگیر دەکات و ئەو دووانە دوولای ھاوکێشەیەکی راستەوانەن. ئەو ئاراستەیەی کوردانی بەغدا ھی ئەندامانی یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی دیکەش بوون. لەبەرانبەریشدا ئاراستەیەکی دیکە لە ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم حیزبەکان ھەبوو، بەپێچەوانەی ئەو ئاراستەیەی بەغدا، گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان لە پەرتەوازەیی بەغداددا دەبینێت. بێگومان ھەریەک لەو دوو ئاراستەیە پاساوی خۆیان ھەبوو.

ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت جیاوازە لەو سەردەمە، ئەگەر ئەوکات تەنھا کاربەدەستە کوردەکانی بەغدا بانگەشەی بەغدایەکی بەھێزیان دەکرد، ئێستا ھێزی سیاسی لە کوردستان و خەڵکێکی زۆری فرەڕەنگ پشتگیریی ھەمان دیدگای بەغدای بەھێز دەکات و پێیان وایە ئەگەر بەغدا بەھێز و جێگیربێت، ئەوا بە پۆزەتیڤی کار لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات و دەکرێ کورد لە سایەی ئەو بەغدایەدا مافە دەستوورییەکانی خۆی بە تەواوی وەرگرێت. ھۆکاری ئەو پشتگیرییە زۆرەی ئێستا بۆ بەغدای بەھێز و پاڵنەرەکانی لەلای کاربەدەستانی کوردی بەغدا جیاوازە لە پاڵنەرەکانی پشتگیریی ئەو ئاراستەیە لەلای خەڵکی ئاسایی. پشتگیریە زۆرەکەی ئێستای خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دەرەنجامی شکستی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی و دواتریش شکستی ئۆپۆزیسیۆن و بێئومێدکردنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن گۆڕان و دواتریش ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوپشتگیریەی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ئەو گەندەڵیەیە کە تەنھا لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان مانگانە بە 150 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت لە ئەنجامی بە ھەدەردان و ناشەفافیەتی داھاتی نەوت دایە، لەئەنجامی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دێت. کورت و کورمانجی بانگەشەی بەغدای بەھێز لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەرەنجامی بێئومێدییانە لە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئایا ئەو دروستکردنی ئومێدە لەسەر بەغدای بەھێز دیسان خەڵکی ستەمدیدەی دەستی ستەمی دەیان ساڵەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و ستەمی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی حیزبی کوردی جارێکی دیکە ئەو خەڵکە تووشی نائومێدییەکی گورچکبڕتر ناکا؟ ئایا بەغدای بەھێز خەوی پێدانی مووچەی مانگانە بۆ فەرمانبەران دێنێتە دی؟ یان وەک ھێزی سیاسی بانگەشەی بۆدەکا بەغدای بەھێز مافە دەستوورییە جێبەجێنەکراوەکانی کورد جێبەجێدەکات؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە گرنگن و بۆئەوەی رێگە دروستەکەی خەباتی مەدەنی بۆ خەڵکی کوردستان روونبکرێتەوە، لەپێناو رووھەڵماڵین لە دروشمە پۆپۆلیستییەکانی کەسان و ھێزە سیاسییەکان وەڵامی زانستیانەی ئەوپرسیارانە گرنگن ھەتاوەکو چیتر موعاناتی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانیی ئامانجی بەدیھێنانی خواستە کەسی و تایبەتییەکان.

لێرەدا بەکورتی ھەوڵدەدەم سەرنجی خۆم لەسەر مژارەکە دەربڕم و خۆزگە بابەتەکەش دەبووە جێی مشتومڕ و دیالۆگی رۆشنبیر و سیاسەتمەداران بە تێڕوانینە جیاوازەکانەوە. 

ئەگەر سەیرێکی سەرەتای رووخانی سەددام و پێگەی کورد لەبەغدا و دۆخی ئەوکاتی بەغدا بکەین، دەبینین کورد لەوپەڕی پێگەی بەھێزدابوو، ھەم لە بەغدا و ھەم حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگەی ئومێدی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوو. نێوانی پارتی و یەکێتی زۆر باش بوو، رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان ھەبوو. کۆمەڵ و یەکگرتوو و سۆسیالیست بەشداری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوون، لە بەرانبەریش بەغدای لاواز گیرۆدەی دەستی تیرۆر و شەڕی تائیفی و گەندەڵی بوو.

لەبەغدا مام جەلال نمایندەی کوردی دەکرد کە جێگەی پێزانینێکی گەورەی شیعە و سوننە و تورکمان و سەرجەم پێکھاتەکان بوو ئەوە جگە لە پشتگیریکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئێران و تەنانەت تورکیا و سعودیەش. لەو دۆخەی ئەو عێراقەدا، کە پارسەنگی ھاوکێشەی ھێزی ھەولێر و بەغدا زۆر بەلای کورددا شکابووەوە. ئایا کورد توانی مافە دەستوورییەکانی خۆی وەرگرێت؟ بێگومان نەخێر، سەبارەت بە ماددەی 140 تەنانەت مەخمووریش نەتوانرا بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان. کێشەی زەویوزاری جووتیارەکانی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە نەک ھەر چارەسەرنەکراوە، ئەوەتا بە یاسا جارێکی دیکە رووبەڕووی تەعریب دەبنەوە. 

یاسای نەوت و غاز دەرنەکرا و یاسای دابەشکردنی داھاتە فیدراڵییەکان و دەیان ماددەی دەستووریی ھەن کە لە بەرژەوەندیی کوردن، ھیچیان جێبەجێنەکران، بەڵکو ھێزی دیجلە دروستکراو ھەڕەشەی لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان پێدەکرا. باشە ئەوەی ئەوکات کورد لەو دۆخە بەھێزە پێی نەکرابێ ئایا دەکرێ ئەوەی بەغدایەکی پەرتەوازە و گیرۆدەی شەڕی تائیفی بۆ کوردی نەکردبێت، ئێستا بەغدایەکی بەھێز بیکات؟ ئایا ئەوەی کورد بە بوونی رەوانشاد مام جەلال لەبەغدا بەدەستی نەھێنابێت و تەنانەت مەخمووری پێنەگەڕێندرابێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، دەکرێت لە ئێستای دۆخی کورددا کە کەس لەخراپیدا حەسوودی پێ نابات بۆی بێتە دی؟ وەڵامی لۆژیکی دەڵێت، نەخێر ئومێد لەسەر بەغدا سەرابە و سەراب.

وەک دەڵێن ئەی چار؟ چار گەڕانەوەیە بۆ زیادکردنی فشارە مەدەنییەکان، ھەتا پارتی و یەکێتی و گۆڕان ناچاردەکرێن کە دەست بە چاکسازیی فیعلی لە داھاتی ھەرێمی کوردستاندا بکەن و واز لە چاوبەستەکی خەڵکی کوردستان بێنن کە بەناوی چاکسازییەوە جگە لە بڕین و پێنەدانی مووچەکانیان ھیچی دیکەیان نەبینیوە. چارەسەر بنبڕکردنی گەندەڵییە لە ھەرێمی کوردستان و دەستکردنە بە پەیڕەوکردنی حوکمڕانیی دروست نەک دروستکردنی ئومێدێکی سەرابی، لەسەر بەغدای بەھێز. 





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif