بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی بکات و بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دابنێت کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی ئەو شارە.
توانا کەمال جەمال، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ کاژێر 02:00ـی پاش نیوەڕۆ، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی تاسڵووجە بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دادەنێت.
توانا کەمال گوتی، پڕۆژەکە گەورەیە و لەلایەن کۆمپانیای قەیوان و بە هاوکاری کۆمپانیای بیانی جێبەجێدەکرێت و بۆ تەواوکردنی قۆناخی یەکەمیشی پارەی بۆ تەرخانکراوە.
پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە سێ قۆناخ و بە تێچووی نزیکەی 500 ملیار دینار دروستدەکرێت، لە تاسڵوجەوە بۆ توونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتاییەکەی کە دەبێتە 40 مەتریی.
رۆژی پێنجشەممە 13-02-2020 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو "لە دوای پێداچوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە پرۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و بە رەچاوکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە پرۆژەکان ئامادەی جێبەجێکردن کراون، لەوانەش پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە بە هەمان دیزاینی خۆی رەزامەندیی لەسەر دراوە و بەم نزیکانە و دوای گونجاوبوونی کەشوهەوا و ئامادەکارییە بەراییەکان، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت".
هەر ئەوکات گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕيارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بە رەزامەندیی بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە "هەمان دیزاینی خۆی" و رایانگەیاند "لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکەین".
29ـی مانگی رابردووش زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا" فەرمانێک دەردەکات تاوەکو رێگە بە کۆمپانیای قەیوان بدات دەستبکات بە جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.
گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان باسی لەوەشکردبوو، قۆناخی یەکەمی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری 32 کیلۆمەتر لە خۆی دەگرێت و لە پردی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات، تاوەکو بازگەی سلێمانی - عەربەت. "دیارە ئەم قۆناخەی پرۆژەکە گرنگترین قۆناخیەتی کە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان جێبەجێی دەکات و هەموو رێڕەوەکانی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان لەخۆی دەگرێت، کە داخڵی ناوشاری سلێمانی دەبن و لەوێوە دەچنە دەرەوەی سلێمانی، ئەم پرۆژە ستراتیجییە لە دهاتوودا زۆرترین قەرەباڵخی لەسەر شاری سلێمانی کەمدەکاتەوە".
لەبارەی وردەکاریی رێگەکەوە ئازاد رەسوول، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەکە حەوت ئینترچەینجی تێدایە. پێنج پردی پەڕینەوەی گوندنشینی تێدایە لەبەر ئەوەی ئەم بەر و ئەوبەری جادەکە گوندە. لەبەر ئەوەی شەقامەکەش خێراییەکەی ئازادە یەکتربڕی نابێ تێدا بێت، ئامێری کشتوکاڵی، مەڕوماڵات و هاتووچۆی گوندنشینەکان لەو پێنج پردەوە دەبێت. "هەروەها سێ پردی سەرچەمی تێدایە کە درێژترینیان 500 مەتر قووڵە و لەسەر چەمی تانجەرۆیە و 237 چاوی ئاوبەرەی تێدایە بە درێژایی جیاواز و بە بەرزی و پانی جیاواز لە یەک مەتر و نیو تێیدایە تاوەکو سێ مەتر و نیو بە سێ مەتر و نیو".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق