تیكتۆك و فەیسبوك شەڕیانە

ليست هناك تعليقات

کۆمپانیای تیکتۆکی چینی کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆیە لە گەشەکردنی خێرادایە و لەلایەن نەیارانی چینەوە بە سیخوڕیکردن و کارکردن بۆ پارتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکرێت. کۆمپانیاکە فەیسبووک بە ئەنجامدانی "هێرشی ناڕەوا" بۆ سەری تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "ئێمە دوژمن نین".

بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرەکانی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی فەیسبووک، گووگڵ، ئەمازۆن و ئەپڵ لەبەردەم کۆنگرێس ئامادەبن بەمەبەستی شایەتیدان لەسەر خراپ بەکارنەهێنانی تۆڕ و تەکنەلۆژیاکانیان؛ چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشنیازەکانی قەدەخەکردنی تیکتۆکیش بکرێت. یەکێک لەو وڵاتانەش کە بیر لە قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکاتەوە، ئەمریکایە.

ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووک رایگەیاندبوو کە تیکتۆک نەیهێشتووە زانیاری لەبارەی خۆپێشاندانەکانی چین لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکە بڵاوبکرێتەوە.

کێڤن مایەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک دەڵێت، ئەوان پێشوازی لە کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کردووە "بەبێ تیکتۆک، دووبارە ریکلامکەرەکانی ئەمریکا بژاردەیەکی کەمیان لەبەردەستدا دەمێنێتەوە"، هەورەها دەشڵێت "با وزەی خۆمان بۆ کێبڕکێیەکی داپەروەرانە و کراوە تەرخانبکەین بۆئەوەی خزمەتگوزارییەکانمان بخەینە بەردەستی بەکارهێنەرەکانمان لەبری ئەوەی هێرشی ناڕەوامان بکرێتە سەر لەلایەن رکابەرەکانمان، بەتایبەتیش فەیسبووک، لەژێر ناوی نیشتمانپەروەری، تاوەکو کۆتایی بە هەبوونمان لە ئەمریکا بهێنن".

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی تیکتۆک گەیشتووەتە یەک ملیار کەس؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕەکەش دەڵێت، ئەوان تێدەکۆشن بۆئەوەی بیسەلمێنن کە "ئەندامی خاوەن بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی کۆمەڵگەی ئەمریکین".

کێڤن مایەر باس لەوە دەکات "هەموو پیشەسازیی تەکنەلۆژیا رووبەڕووی بەدواداچوون بوونەتەوە، بەڵام ئێمە رووبەڕووی بەدواداچوونی زیاتر بووینەتەوە بەهۆی ئەوەی کە کۆمپانیاکەمان لە بنەڕەتدا چینییە". بە گوتەی کێڤن مایەر، تیکتۆک یاسایەکی داناوە بۆ شەفافبوون و داواشیکرد هەموو کۆمپانیاکانی دیکە چۆنێتیی راگوزەربوونی زانیارییەکان لەنێو تۆڕەکانیاندا شەفافانە بخەنەڕوو.

هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە حکومەتی چینەوە نییە؛ ئەمەش دوای ئەوەی هیندستان تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکەی قەدەخەکرد بەهۆی ناکۆکییە خوێناوییەکانی ئەمدواییەی سەر سنووری لەگەڵ ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، لە دژی تیکتۆک رێکار دەگرنەبەر.

تیکتۆک تاکە کۆمپانیای چینی نییە کە ئەمریکا بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دابنێت، بەڵکو واشنتن گومانی لە تەکنەلۆژیای 5Gی کۆمپانیای هواویش هەیە و کڕین و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەی لە کۆمپانیاکانی خۆی قەدەخەکردووە، هەروەها هاوپەیمانەکانیشی هاندەدات کە هەمان رێکار لە دژی کۆمپانیا چینییەکە بگرنەبەر. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif