ئایا سۆفیا چی دەگۆڕێت؟

ليست هناك تعليقات

هاوکار عزەت
-
لەماوەی رابردودا دەوڵەتی تورکیا بە واژۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆککۆماری وڵات بڕیاریدا ئایا سۆفیا دوای هەشتاو شەش ساڵ لە مۆزەخانەیەکی گەورەی نێو دەوڵەتییەوە بکرێتە مزگەوت و ئەم بڕیارە کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی زۆری بەدوایخۆیدا هێناو ڕوسیاو ئەمریکاو یۆنان و چەندین وڵاتی تر سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد و بە پاشەکشەی تورکیایان ناوبرد.

تورکیا سوربونی لەسەر بڕیارەکە دووپاتکردەوەو بە کاروبارێکی ناوخۆیی وەسفی کرد و ڕایگەیاند هیچ کەس و ولاتێک بۆی نییە قسە لەسەر کارو باری ناوخۆی تورکیا بکات و ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی یەکەم نوێژی هەینی لە ئایاسۆفیا کراو ڕەگەزی بالەخانەکە لە مۆزەخانەوە گۆردرا بۆ مزگەوت و بەشێک لە میدیا کوردیەکان ڕوماڵێکی چڕو سات بەساتی نوێژ و وتار و قورئانخوێندن و هەنگاو بە هەنگاوی ئەردۆگان و گەورە بەرپرسانی تورکیایان کرد و بە راستەوخۆ دیمەنی ئەردۆگانیان گواستەوە کە خەریکی قورئان خوێندنبوو.

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تەنرابوو بە وێنەو دیمەن و ڤیدیۆکانی مزگەوتەکەو بەشێکی زۆر لە موسوڵمانە کوردەکان لە کوردستانەوە سەرقاڵی پیاهەڵدان و ستایشی تورکیا بوون و وایان دەزانی ئەو ڕۆژەیە کە قودس ڕزگار کراوەو مەککە فەتح کراوە!

پرسیاری جەوهەری ئەوەیە کردنی ئایاسۆفیا بە مزگەوت چی دەگۆڕێت؟ هێرش و پاوانخوازیەکانی تورکیا کۆتایی پێدەهێنیت؟ ئاشتی کۆمەلایەتی لە تورکیا بەرجەستە دەکات؟ پەیوەندیەکانی کورد و ئەرمەن و تورک دەکاتە پەیوەندیەکی ئاسایی؟ ئەگەر جارێکی تر ڕیفراندۆممان کرد بە بۆنەی ئایاسۆفیاوە تورکیا فڕۆکەخانەکانمان لێ داناخات؟.

نازانم کردنەوەی ئایاسۆفی دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە خوێنڕشتنی کوردان لە سێ پارچەی هەرێم؟ ئەی تۆ بڵێی دوای ئەم مەراسیمە سیاسەتی تورکیاو هەرێم بچێتە قۆناغێکی تەندروستەوە؟.

تۆ بڵێی تورکیا ڕێژەی موسوڵمانانی لە هەڵکشان بێت و شوێن نەبێت بۆ نوێژ خوێنان وا بیریان لە کردنەوەی مزگەوتێکی گەورەی وەک ئایاسۆفیا کردۆتەوە یان هەر کاردنەوەیەکی دەسەڵاتی تورکیایەو بانگەشەیە بۆ دروستکردنەوەی ئیمارەتی عوسمانی؟.

کورد لە ئایاسوفیاو ئەم هەموو پیاهەڵدان و تەرویجە ناڕەوایە بۆ ئەو کارە چی دەست دەکەوێت و کێ پێی دەڵێت ماڵت ئاوا؟.

کاتیەتی بپرسین بۆچی هێندە بێ ئاگاین ئەمڕۆ هەموومان لە ماڵەکانی خۆمانەوە لە بەردەم شاشەی تیڤیەکان دانیشتبوین و مزگەوت داخراوەو ناتوانین نوێژی هەینی لە مزگەوت بکەین کەچی بەشان و باڵی مزگەوتێکی تورکیادا هەڵدەدەین و زیاد لە چوار کاتژمێر پەخشی کەنالەکانمان و کاتی خۆمان و ماڵ و مندالمان تەرخاندەکەن بۆ ئەو مەراسیمەی کە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە؟.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif