هەڵکشانی پێگەی تەکنۆکراتەکان

ليست هناك تعليقات


د.زوبێر ڕەسول

لەم چەند ساڵانەی دوییدا دیاردەی هەڵکشانی پێگەی پسپۆڕ و شارەزاییان لە بوارێکی دیاریکراوی زانستی و ئاکادیمی، بە تایبەتیش لە بوارەکانی سیاسەت و کارگێڕی و حوکمڕانیدا هەڵکشانیكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە نەک هەر لە وڵاتانی رۆژئاوا و گەشەسەندوودا، بەڵکو لە وڵاتانی ناگەشەسەندوو هەروەها وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. شەپۆلی دووەمی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی سوودان لە دیسەمبەری 2018، راپەڕینە جەماوەرییەکانی جەزائیر لە شوباتی 2019، هەروەها خۆپیشاندانەکانی لوبنان و عێراقیش لە کۆتاییەکانی 2019 چەند هەنگاوێک بوون بە ئاراستەی داواکاری دەسەڵات و حوکمڕانیێکی تەکنۆکرات و شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. 

هەڵبەتە پشتگیریکردن لە حوکمڕانی تەکنۆکراتەکان تەنیا داواکارییەک نییە کە لە ئاستی بزاڤە جەماوەرییەکاندا بێت، بەڵکو لە هەمانکاتدا نوخبەیێکی رۆشنبیرانی بەرفراوانیشی لەپشتە. ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ دەربازبوون لەو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە بەرۆکی وڵاتانی گرتووە بەهۆی ناکارامەیی و ناشارەزایی نوخبەی سیاسی، کە بەشێکیان جگە لە ئامرازەکانی هێز و ململانێی سیاسی لە هیچی دیکەدا شارەزانین. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەش حوکمڕانی لە سەردەمی ئێستا پێویستی بە مەعریفە و شارەزاییەکی زۆرە لەبەر فروانبوونی بوارەکانی دەوڵەتداری و ئاڵۆزبوونی ئەرکەکانی حکومەت لە بوارەکانی، پەروەردە و فێرکردن و ئابووری و پیشەسازی و کارگێڕیی و...هتد. 

رادەستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانی بە تەکنۆکراتەکان تەوژمێکی تازە نییە و رەگێکی قوڵی هەیە لە ئەدەبیاتە سیاسی و فەلسەفییەکاندا. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست، چەند هەوڵێکی رەخنەییانە لەو بوارەوە دەرکەوتن، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی شەپۆلی سێیەمی پیشەسازی Third Industrial Revolution، یاخود شۆڕشی دیجیتاڵی، بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، وەک دەروازەیەکی رەخنەیی لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکان و کارگێڕیی گشتیدا. ئەمەش وەک فۆرمێک لە فۆرمەکانی حوکمڕانی لە لایەک و لە لایەکی دیکەش وەک رەخنەیەک لە ئەزموونی حوکمڕانی تەکنۆکراتەکان.

سەرەتایی رەخنەکان لە دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان لەو تیۆرانەوە دەستیپێکرد کە قوتابخانەی فرانکفۆرت لە نیوەی دووەمی سەدی بیستەم خستییە بواری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە. بەتایبەتیش لە تێزەکانی یۆرگن هابرماس لەبارەی هەژموونی ئامێر و تەکنەلۆژیا کە تەکنۆکراتەکان رەواجی بۆ دەکەن. تا ئەو ئاستەی دەکرێت لە ئاییندەدا دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان پێ بە دیموکراسی نوێنەرایەتی Representative democracy لەق بکات. بۆیە بەشێک لە توێژەرانی زانستە سیاسییەکان ئەگەری ئەوەیان بە دوور نەزانی کە لەوانەیە حوکمی تەکنۆکراتەکان ببێتە جێگرەوەی حکومەتی دیموکراسییە هەڵبژێردراوەکان، واتا وەک مەترسییەک لەسەر دیموکراسیی نوێنەرایەتی (الديمقراطية التمثيلية). تا ئەو ئاستەی بەشێک لە توێژەران ئایندەی دیموکراسی نوێنەرایەتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونکە هەر یەکە لە پۆپۆلیستە جەماوەرییەکان و تەکنۆکراتەکان وەک جێگرەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی خۆیان پێشکەش دەکان. بە تایبەت دوای هەڵکشانی پێگەی حکومەتە راستڕەوە رادیکال و پۆپۆلیستەکان لە ئەوروپا و ئەمریکادا. 

روودای دارمانی گەورە - The Great Depression لە ساڵی 1929 رۆلێکی باشی بینی لە هێنانی تەکنۆکراتەکان بۆ سەر دەسەڵات. بە تایبەت رۆژنامە ئەمریکییەکان رۆڵێکی باڵایان هەبوو لە برەودان بە پاڵپشتی دەسەڵاتی شارەزایان و هێنانیان بۆ پێگە باڵاکانی دەسەڵات. بە تایبەتیش ولیام راندولف هارست، کە بزنسمانێکی ئەمریکی بوو خاوەن گەورەترین تۆڕی رۆژنامە بوو لە ئەمریکا، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، هێرشیکردە سەر سیاسییەکان بە "نەزان و نەفام و گەندەڵ و موسریف" ناوی بردن، وەک بەرپرسیار لە داڕمانی ئابووری لە جیهاندا. ویلیام لە رێگەی رۆژنامەکانی پشتگیری ئایدیاکانی نیکۆلاس مۆرای ئاکادیمی و سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا دەکرد. نیکۆلاس پێیوابوو بۆ پشتگیری لە "سیستمێکی ئابووری نێودەوڵەتی نوێ" دەبێت پشت بە شارەزاو زانایان ببەسترێت لە بری سیاسییەکان، ئەمەش لە رێگەی دروستکرنی بزاڤێکی تەکنۆکراتی لەپێناو رزگارکردنی جیهان لە قەیرانی ئابووری. 

لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمیشدا لە سۆنگەی بونیاتنانی سیستمێکی ئابووری نێودەوڵەتیی نوێ، پسپۆری دیاری زانستە سیاسییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریژینسکی- Brzezinski، پشتگیری ئەو فەلسەفەیەی دەکرد. بریژنسکی دەیوت ئەو جیهانە پڕ لە کێشەیەی ئێستا پێویستی بە چوارچێوە و مۆدێلێکی نوێی کارکردنە، پشتئەستووربێت بە میتۆدێک کە لەسەر دەسەڵاتیکی جیهانگەرا globalized world بونیاتنرابێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە خەڵکی شارەزاو پسپۆر لە پێگە باڵاکان و دامەزراوە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانی دەوڵەت بن، بۆیە کاتێک جەیمی کارتەر بووە سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پۆستی راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی دا بە بریژینسکی، دوای ئەویش رێگان و جۆرج بووش و کلنتنیش پەیڕەوییان لەو پێشنیازە کرد بە دانانی پسپۆر و ئەکادیمیست لە پێگە سیاسییەکانی حوکمڕانیدا. 

لە دوای ساڵانی 2000یش، بواری توێژینەوە لەبارەی تەکنۆکراسی لە بواری زانستە سیاسییەکان و کارگێری گشتی، بەمەبستی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا لە حوکمڕانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد. بە تایبەت لە چەند کەرتێکی وەک تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن و ژینگە و کار و...هتد، دەرکەوتووە کە پشتبەستن بە زانیاری و داتاو کارامەیی و شارەزایی کەسەکان کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بونیاتنانی حوکمڕانیێکی باش. تا ئەو ئاستەی کە بوونی داتا و زانیاری زۆر لەوانەیە یارمەتیداەر بێت بۆ لە ناوبردنی هەژاری، برسێتی، نەخۆشییەکان و هەروەها چەوساندنەوەی ئافرەتان. بۆیە دەتوانین بڵێین کە سەردەمی داتاو شۆڕشی دیجیتاڵی و ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکرد و Artificial intelligence رۆبۆتەکان پاڵنەرێکی دیکە بێت لە بەرژەوەندی برەودان بە دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان. ئەمەش دەمانگەیێنێت بەو دەرەنجامەی کە زیادبوونی هێزی تەکنۆکراتەکان و باڵادەستبوونیان بەسەر دامەزراوە داراییەکان لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر توانا و جۆری حوکمڕانی؛ لە راستییدا دواتریش کۆمەڵیک توێژینەوە ئەمەیان پشتڕاستکردەوە. 

لە هەرێمی کوردستانیشدا، بە تایبەت لە دوی 2003 لەگەڵ هاتنی بزووتنەوەی گۆڕان، واتا لە 2009 بە دواوە بەشێکی زۆری پارتە سیاسییەکان خەڵکی ئاکادیمست و شارەزایان هێنایە پێگە سیاسی و کارگێرییەکانی حکومەت، بەڵام لە راستیدا هەژموون و باڵادەستی حیزب دەرفەتێکی وای بۆ ئەو توێژە نەدەهێشتەوە ک وەک پێویست رۆڵی خۆیان ببینن. لە لایەکی دیکەش بە دەگمەن پۆستێکی سیاسی یان کارگێڕیان دەدایە کەسێکی شارەزا ئەگەر حیزبی نەبێت. هەرچەند ئەم دۆخە ئێستا کەمێک کاڵتربووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بۆ کەسانی شارەزاو پسپۆڕ بۆ بەشداریکردن لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا کارێکی فرە سەختە، بە تایبەت ئەگەر چاوی حیزبێکت یان راگەیاندنت لەسەر نەبێت یاخود لە بازنەی گرووپێکی سیاسی دیاریکراودا نەبێت. 

کەچی لە پەرلەمانی کوردستاندا بەداخەوە دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە، بە تایبەت دوای دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن، پارتە سیاسییەکان ئێستاشی لەگەڵ بێت بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە پێگەیێکی دیار و ناسراوییان هەیە لەناو جەماوەردا، ئینجا پێگەکە گرنگ نییە چ جۆرە پێگەیەک بێت، عیبرەت لە کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگدایە، نەک شارەزایی و کارامەیی زانستی. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە وایکردووە کە پەرلەمانی کوردستان تژی بێت لە بانگخوازی ئایینی و پێشکەشکار و کاراکتەری سۆشیاڵمیدیا و، حزبی سەرسەخت و...هتد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif