محمد حكیم ، كارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لە میانی بەرنامەی تاوتوێی كەناڵی ئێن ئارتی دا وتی: ئەوەی ئێستا پێی گەشتووین، دەر ئەنجامی ٢٩ساڵ حكومڕانی سەقەتی هەرێمی كوردستانە، ناكرێت هەموو تاوانەكە بخەینە سەر ساڵێكی ئەم كابینەیە
كارگێڕەكەێ ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ، لە وەڵامی ئەوەی كێ بەرپرسە لەم دۆخەدا ڕایگەیاند: ئێمە بەدرێژایی كاری سیاسیمان لە هەر جێگایەك بووبین، هەوڵمانداوە پەیامی خۆمانبگەیەنین و ڕەخنەی جدی بگرین لە دەسەڵات
وە محمد حكیم پێی وایە دەبێت ، حكوم و حكومەت لەیەك جیابكەینەوە و وتی ، حكوم بەدەست پارتی و یەكیەتیەوەیە و خاوەنی چەك و پارە و سیاسەت و پەیوەندی خۆیانن، بڕیارە چارەنوسازەكان لە ژوورە تاریكەكان دەدرێ و ئەوانیش یەكیەتی و پارتین
هەر بۆیە شتێكی لۆژیكیە بەرپرسیارێتی ئەو بارە خراپەی تێیكەوتووین بخرێتە ئەستۆی یەكیەتی و پارتی و تەنانەت ئەوەش بەڕێژەیە و دوو هەڵبژاردنی ڕابردوو فیتی بە فیتیش نەماوە و ڕێژەی بەرپرسیارێتی زیاتر بەر پارتی دەكەوێت، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری لای پارتین و لە كەیسی سۆران عمردا دەركەوت كە لە پەرلەمانیشدا پارتی خاوەن دەسەڵاتە
لە درێژەی بەرنامەكەدا محمد حكیم وتی: پێمان خۆشە یەكیەتی و پارتی تەبابن، بەڵام تەباییەك بۆ بەشكردنی كێكەكە نەبێ بەڵكو بۆ خزمەت كردنی خەڵكی كوردستان بێت
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن نیە، كارگێڕەكەی ئەنجومەنی سیاسی وتی: بەداخەوە لایەنێكی سیاسی لەو هێزانەی ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، هەر لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوودا بەدژایەتی سەرجەم هێزەكان دەستی پێكرد و ڕووی ڕەخنەكانی وەكو یەك كردە سەرجەم هێزەكان و ئەمەش نیگەرانی دروستكرد، چونكە ناكرێت هێزێك تەواوی سەروەت و داهات و دەسەڵاتی لابێت، وەك ئەو هێزەی كە هیچ یەك لەوانەی لا نیە وەك یەك تەماشا بكرێن، لە ئێستادا لە ناوپەرلەمان لە پێناو بەرژەوەندیەكانی خەڵكدا، هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەكانی دەرەوەی حكومەت باشە
وە ئێمە دەبینین ماوەیەكە هەندێك لایەن لە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش دەیانەوێت گومان لەسەر هەڵوێستەكانی كۆمەڵ دروستكەن، لە كاتێكدا ئێمە بەروونی دیارە كە ئێمە لە حكومەتدا نین و لە بەرەی گەلین و ئەو هەوڵدانە بۆ گومانخستنەسەر هەڵوێستەكانمان جێگای پرسیارە؟
ئێمە پێمانوایە هەمیشە دەبێت چاومان لەوەبێ چاكسازی ڕاستەقینە لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت نەك چاكسازی چەواشەكارانە
كارگێڕەكەی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، لەوەڵامی پرسیاری ئایا مەترسی جدی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، تائكیدی كردەوە كە بەپێی دەستور قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراوە و ئێمە شەهیدمانداوە لەو پێناوەدا و لەگەڵ مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمین و دەبێت هەموومان پیپارێزین و ڕێگە نەدەین ئەو پێگە دەستوریە لەق ببێت، بەڵام دەبێت دەسەڵاتی هەرێم جیا بكەینەوە لە قەوارەی هەرێم و پێمانوانەبێ ڕەخنە گرتن لەدەسەڵات ڕەخنە گرتنە لە قەوارەی هەرێم،
لە كۆتایی دیمانە تلفزیۆنیەكەدا، محمد حكیم ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان دووچاری دۆخێكی نالەبار بوەتەوە و یەكیەتی و پارتی دەبێت ئامادەبن قوربانی بدەن بەوەی ئەم دۆخە باشكەن، لانیكەم ئەو پارانەی كە خەزنیان كردون یان بردویاننە دەرەوە بیهێننەوە و كەمێك ئەم بارە لارە ڕاست كەنەوە، ئەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی كورسیەكەی خۆشیانە، یەكیەتی و پارتی لەو پارانەی هەیانە مووچەی دوومانگی خەڵكی كوردستان بدەن و ئەو دزیانەی لە مەرزەكان هەیە و بۆ شەخسەكان دەروات بیبڕن و كۆنترۆڵی بكەن، بە هەموومانەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق