تمەنی ئێرانی بە قاچاخ دەهێنرێتە باشووری کوردستان

ليست هناك تعليقات


رۆژانە بڕێکی زۆری تمەن لە رێگەی قاچاخەوە دەهێنرێتە باشووری کوردستان و لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا بازرگانیی پێوەدەکرێت. خاوەنی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێن، بەشێک لە خەڵکی ئاسایی باشووری کوردستانیش فێربوون بازرگانی بە تمەنەوە بکەن. 

زۆربەی ئەوانەی تمەن دەکڕن و دەفرۆشن لە سێ مانگی رابردوودا زیانیان کردووە بەهۆی ئەوەی تەنیا لەو ماوەیەدا زیاتر لە 37%ـی نرخەکەی لەدەستداوە. 

رۆژانە چەندین فەردە لە چاپی نوێی دراوی ئێرانی و بەکارنەهاتوو و کەپس دەهێنرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

بە کۆڵ و ئۆتۆمبێل، بە قاچاخ لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەهێنرێتە باشووری کوردستان و زۆربەیان لە بازاڕەکانی سلێمانیدا ساخ دەکرێنەوە، تەنانەت هەر لە سلێمانییەوە تمەن بۆ هەولێر و دهۆک و چەند شوێنێکی دیکەش دەنێردرێت.

لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتن بە تمەنی وشکە دەکرێت، واتە ئاڵوگۆڕی پارەی کاش بەرامبەر بە کاش. سیروان کە کاری ئاڵوگۆری دراو دەکات، بە هیوای بەرزبوونەوەی نرخی تمەن لە چەند رۆژی رابردوودا بڕێکی زۆری لێکڕیوە، ئێستاش وەکو خەڵکێکی زۆری ئەو بازاڕە زیانی لێکەوتووە.

سیروان محەممەد، دراوفرۆشە و دەڵێت، "لە هەفتەی رابردوودا گوتیان تمەن دابەزیوە. منیش بڕێک دۆلارم گۆڕیەوە بە تمەن، بەڵام ئێستا لە زیاندام و ئەوانەی لەم بازاڕەش کار دەکەن و مامەڵەی تمەنیان کردووە هەمویان لە زیاندان، چونکە کەس نازانێت چۆن رێگە دراوە ئەو هەموو تمەنە بێتە ئەم وڵاتەوە".

ئێستا نرخی تمەن بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی لەنێوان دوو ملیۆن و 350 هەزار بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار تمەندا لە جووڵەدایە و بەرامبەر سێ مانگی رابردوو 37٪ـی بەهاکەی دابەزیوە.

محەممەد قادر، خاوەنی نوسینگەی دراوە ودەڵێت، "لە ژمارەیەک رێگەوە بەشێوەی قاچاخ دراوی ئێرانی هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاڵا ئێرانییانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون نرخیان دانەبەزیوە و ئێران پارێزگاری لە نرخەکانیان دەکات، هەرچەندە نرخی تمەن بەب ەردەوامی لە دابەزیندایە و ئەوەش زیانە بۆ ئەو کەسانەی تمەن دەکڕن".

جەبار خەلیل، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دراوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکی بەبێ ئەوەی زانیارییان هەبێت دەچن تمەن دەکڕن کە دەزانن دابەزیوە، بەڵام ئاگاداری هۆکاری دابەزینی تمەن نییە کە پەیوەندیی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابڵوقەکانی ئەمریکا هەیە لەسەر ئێران و رام وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی تمەن زیاتریش دادەبەزێت".

لە سلێمانی رۆژانە بە بەهای زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕ بە تمەنەوە دەکرێت و شارەکە بووەتە بازاڕی ساخکردنەوەی ئەو دراوە.

بە گوتەی شارەزایانی ئابوورییش هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورە دەکات ئەگەر پێش بەو بازرگانییە نایاساییەی تمەن نەگیرێت.

نەوزاد شێخ ساڵح، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان بە رووداوی گوت، "هێنانی ئەو هەموو تمەنە لە ئێرانەوە بۆ هەریمی کوردستان دەستی چەند لایەنیکی سیاسیی لەپشتەوەیە، بەڵام بە هەموو جۆرێک لە رووی سیاسییەوە زیانە بۆ هەریمی کوردستان، چونکە ساخکردنەوەی دراوی ئێرانی یەکێکە لەو رێگایانەی کە ئەمریکا تووڕە دەکات و زیانە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت رێگەی لێبگیرێت".

نرخی تمەن بەبەردەوامی لە دابەزیندایە، لە ماوەی هەفتەیەکدا 300 بۆ 600 هەزار تمەن دابەزیوە و بەوەش ئەو کەسانەی کە تمەنیان کڕیوە بۆ سوود و قازانج بەردەوام لە زیاندان.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif