تۆفانێکی ناوەخت، بومەلەرزەیەکی زل رووی تێکردین

ليست هناك تعليقات


"موئمین زەڵمی"
-
تۆفانێکی ناوەخت، بومەلەرزەیەکی زل و یان وێرانکارییەک رووی تێکردین، ماڵ و حاڵ و بوون و نەبوونی تەفروتونا کردین، نەعرەتەی پێکایە ژیانمانەوە، جگە لە رۆحمان هەموو شتێکی لێ سەندین، هەندێکمان شەل و قەم بووین، دیسانیش بڕێ لە خۆشەویستانمان لە دەستدا، ئەم هاکایە ئەزانی یانی چی؟

یانی هیچ شتێک لەم ژیانەدا هی ئەوە نیە وا خۆمان بۆ تێکداوە، بیهێننەوە بەرچاوی خۆتان، هەر چەند ساڵێک پێش ئێستا هیچمان نەبوو، شارۆچکەیەک چەند جێبێک و لانکرۆزەرێکی حزبی و دوو سێ بەرازیلی و لادا زیاتر مەگەر تەنها چوارپێکان جوڵەیان هەبووایە، کارەبا هەر نەبوو یان زۆر کەم، چرای گڕسۆز و چراتۆر و لایتە دوو پیلییە ستیلەکان رووناکی ڕێگا و ماڵمان بوون، رادیۆیەکی قیسارە و تەلەفزیۆنێکی بیجینگی سور یا پارسی زەردی ئێرانی هەموو دەنگەدەنگ و باسوخواسی ماڵەکان بوو، متیل و چەند جاجمێک قەنەفە و مەلیکیی ماڵان و رەفەیەکی لە تەختەدروستکراو بۆ کەوانتەری مەتبەخ و دانەیەکیتریش کە دیوارەکانی بۆ کون دەکرا باشترین کەنتۆری نوێن بوو، جا باوەڵی ڕەنگاوڕەنگ یان سندوقی فیشەک لە ژێر رەفەکەوە بۆ جلەکان دادەنرا و بەتانییەکیش دەکرا بە پەردەی.

بازاڕی چەک و فیشەک و جلوبەرگی سەربازی قەرەباڵغترین مۆڵی شار بوو، شەوانی شەڕ ناڵەی خومپارە و ناپاڵم زریکەی دەخستە گەڕەکەکان و تێکەڵی قروسکەی سەگەکان و باعەی ئاژەڵەکانی دەکرد، هەر ماڵێکی دراوسێ مەوزیحێکی هەبوایە، ئیتر زەنگین بوون، چما ئاوەدانییەکی وای شەوی بۆردومان روو لە چ ماڵێک ئەکا.

ئەوکات مامۆستاکانی قوتابخانە لە ریزدا شیعری حەماسییان بە قوتابییەکان دەوتەوە، لە پۆلی چواری سەرەتایی و لە ریزی بەیانیاندا سرودی "بێ باک لەبەردەم سێدارەی دوژمن ... پەتی سێدارە دەخەمە گەردن"م دەوتەوە و چەپڵەیان بۆ لێ ئەدام، هاوڕێکەم ئەی موسوڵمانی کورد راپەڕینێی هەموو لەبەر بوو، ئازا و وت و وریا هەمووی دەوتەوە، ریزەکانی قوتابخانە قورئان و زیکر و نیایش و سرود بوون و هەفتەی جارێ سەرەی گروپەکەی ئێمە بوو.

هەردوێنێ بوو، هەموو شتەکانی ماڵەوە دەستکرد، زۆرینەی زۆری خواردنەکان هی باخ و زرعاتەکانی خۆمان و بەروبومی ئاژەڵەکان بوون، دادە نەهیە و دایکم گۆێرەکەکەیان ناونابوو ماریمار، ئەوکات فیلمی ماریمار لە کەناڵی ئێسە شینەکەی حسک پەخش دەکرا و لە دراوسێکانەوە بیستبووی.

چما ئەم مۆدێرنەیە چ زوو هەموو شتێکی لێ تاڵان کردین، کەسمان تاقەتی یاری هەڵماقۆ و هەڵماتێن و رەسمێن و دوو گۆڵی تۆپی باغەمان ماوە، کەس تاقەتی هەیە جارێکیتر باغە بتوێنێتەوە و سەردەستی بریندار بکات و دوو مەدالیای ناو شوشەی شرەقە دروست بکات، کەس بێزی دێ پێڵاوە لاستیکە نوکن یان تورکییەکانی پینە بکات، کەس شارەزایی هەیە ئەگەر تۆپی لاستیک تەقی چی لێ بکەین و چۆن پینەی بکەین، چەند کەسیتر دوو پارچە باغە لە جیاتی محافز ئەخاتە ناو گوێرەوییە خروسەکانییەوە تا ئەگەر شەقیان تێهەڵدا شین نەبێتەوە.

ئەمانە هەموویان رۆشتن، ئەمانەی ئێستاش دەرۆن، هاکایەکیتر بەسە، تا لێکززەکان لەم وڵاتە ئیتر تۆز نەکەن، ئایفۆنەکان ڤێرژنیان کۆتایی پێبێت، فەیس بووک و ئینستاگرامەکان دابخرێن، سناپ و تیکتۆک قروقپیان پێ بکرێ، دیسان ناچار بین شەوانە لە جیاتی سەرقاڵی بە تەکنەلۆجیاوە بچینەوە ژێر زەمین یان مەوزیحێک و خەریکی گوێرەوە بازی و کڵاوێن بین و کاتەکانی پێ بەسەر بەرین.

ئەگەر دیسانەوە قەوما، هەمووشتەکان رێک سی ساڵ چوونەوە دواوە، روودواوەکان دووبارە بوونەوە، تۆ کە لەبەر سەرقاڵیت دەرفەتی دیدارێکت نەماوە، کەلەبەر کەسابەتت مەکانی موحیبەتێکت نەهێشتووە، دەرو دراوسێ و خزمەکانت نادوێنێ، لەگەڵ خێزان و مناڵەکانت ئەبێ مەوعیدی یەکتر بینین دابنێی، چیت بۆ دەمێنێتەوە، ئەم ژیانە هەر خەریکە دەڕوات و ڕەنگە دیسانیش دووبارە بێتەوە، ئەگەر وا بوو تۆ نە خانووەکەت لەگەڵتا رادەکا بۆ کەرەجاڵ، نە ئۆتۆمبێلەکەت کەڵکی دەربەنجەی ڕاکردنێکی هەیە و نە مۆبایلەکەت بەو ئەشکەوتانەوە شەبەکە ئەدا، ئەوەی لەگەڵت هاتووە، خۆتی و موحیببەت، خۆتی و باوەڕە جوانەکانت، ئەوەی هاتووە خۆتی و خۆشەویستی ناو دڵت.

چراتۆڕی دڵتان هەمیشە گڕ سەوز و رووناک بگەشێتەوە!




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif