مێركڵ نێوەندگیری لە نێوان توركیا و یۆنان دەكات

ليست هناك تعليقات

راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی کردووە بەمەبەستی کەمکردنەوەی تەنگەژەی دەریای ئیجە؛ سەرۆک ئەرکانی یۆنانیش بەپەلە لە گەشتێکی گەڕاوەتەوە ئەسینا.

ئولریکە دێمەر، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە شەوی رابردوو ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامداوە، دواتر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان کردووە؛ مژاری پەیوەندییەکەش دەربارەی رەوشی دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بووە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە کەشتییەکی تورکی بەناوی (Oruc Reis) لەپێش کاستالۆریسۆ گەڕانی بەدوای غازدا کردووە و هەندێک کەشتیی هێزی سەربازیی دەریایی تورکیاش یاوەریی ئەو کەشتییەیان کردووە؛ لە بەرامبەردا یۆنان کەشتیی سەربازیی ناردووەتە دوورگەکە، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ وەزیرە هاوتا یۆنانییەکە.

رۆژی چوارشەممە 22ی تەممووزی 2020 ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی یۆنان رایگەیاند، کریاکوس میتسۆتاکیس و ئەنگێلا مێرکل پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە؛ وەزارەتی بەرگرییش رایگەیاند، کۆنستانتینۆس فلۆرۆس سەرۆک ئەرکانی یۆنان گەشتە فەرمییەکەی لە قوبرس کۆتایی پێدێنێت و دەگەڕێتەوە ئەسینا.

مێرکل بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ لایەنی تورکی و یۆنانی، کە ناکۆکیی مێژووییان هەیە لەسەر پرسەکانی هەندێک لە دوورگە و ئاوی دەریای ئیجە، توانیی ئەمجارەش ئەو لایەنانە هێوربکاتەوە و هەردوولا هێزە دەریاییەکانیان بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان.

هەوڵەکەی مێرکل لە میدیای ئەڵمانیدا بە هاوشێوەی هەوڵێکی بیل کلنتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بەراورد دەکرێت کاتێک لە 30ی کانوونی دووەمی 1996 چەندین کەشتیی جەنگیی یۆنانی و تورکی لە دوورگەی ئیمیا/کارداک بەرامبەر بە یەکدی چاوەروانی فەرمانی هێرشکردن بوون، بەڵام کلنتۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەپرسانی هەردوولا کرد و بارودۆخەکەی ئارام کردەوە.

یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لووتکەیەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدەدات و زانیارییە نافەرمییەکان باس لە سزا ئابوورییەکان بۆسەر ئەنقەرە دەکەن، ئەوەش بەهۆی گەڕانی تورکیا بەدوای غاز لە دەریای ناوەڕاست و ناکۆکیی لەگەڵ قوبرس، هەروەها ناکۆکییەکانیان لە دەریای ئیجە و ئاڵۆزیی لەگەڵ یۆنان. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif