ڕای گشتی لەتەک کام حیزبە؟

ليست هناك تعليقات



فارس نەوڕۆڵی
-
ڕای گشتی واتە ڕای زۆرینەی خەڵک لەسەر بابەتێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، ئاینی . کۆدەنگ بێت،ئایا لە کوردستان ڕای گشتی ھەیە وەک ڕای نیشتیمانی ؟ ئایا ڕای گشتی ھاو ڕای ھەڵوێستی کام حیزبە؟ ئەمە ئەو پرسیارە جدییەیە دەبێ وەڵام بدرێتەوە، کە دەبێ هەر حزبێک وەڵامی خۆی بداتەوە، دەبێت حیزبەکان ئەم پرسیارە لەخۆیان بکەن و بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێن.

لەڕاستیدا دۆزینەوەی کۆدی دروستبونی ڕای گشتی ئاسان نیە بەتایبەتی لە فەزایەکدا کە فەوزای سیاسی بوبێتە واقع ، چونکە ڕای گشتی لەسەر بنەما دروست دەبێ ، لەسەر بنەمای پەروەردە و سایکۆلۆجیا و میدیا و چۆنییەتی حوکمڕانی و ئازادی سیاسی دروست دەبێت، دەکرێت ئەم بنەمانە دۆخێکی خولقاند بێت کۆمەڵگا بیرکردنەوەیەکی دروستی بۆ دروست بونی ڕای گشتی لا دروست بوو بێت، کە خاڵی ھاوبەش و ئامانجی ھاوبەش کۆیان کاتەوە و چاکەی گشتی لایان لە سەروی بەرژەوەندی حیزبی و ئایدۆلۆجیەوە بێت ،میدیایەکی نیشتیمانی ئاراستەی ھاونیشتیمانیان بکات بۆ ئەوەی بیرکردنەوەیەکی کوردستانی لەسەر ئاستی تاک دروست ببێت.

ئەو کاتە لەئاست ڕوداوەکاندا ڕای گشتی دروست دەبێت و لەڕای حیزبییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕای گشتی کوردستانی، بەڵام ئەگەر واقیعی قسە لەسەر پرسی ڕای گشتی بکەین لە کوردستان ڕای گشتی نیشتیمانی لەم قۆناغەدا بوونی نیە بەڵکو ڕای حیزبی کوردی ھەیە ئەم ڕایەش بەرەنجامی ئایدۆلۆجیای حیزبە، بۆیە ھیچ ڕامان ناچڵەکێنێ پرسیارمان لادروست ناکات ھەڵوێستی جوامێری و ناجوامێری چاک و خراپ نیشتمانی و نا نیشتمانی، فەزیللەت و ڕەزیللەت لەیەک ئاستدا سەیردەکرێت ، لەبەرئەوەی کاتێک ڕای گشتی نیشتمانی نیە، ئەگەر حیزبێک وڵات بکاتە چراخان لای جەماوەری حیزبەکەی دیکە دەڵێن ئەو ڕووناکیە کۆرۆنای پێوەیە.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەمی هاوبەش و خەونی هاوبەشمان نیە، ئەمە بۆ ھەموو حیزبەکان ڕاستە چونکە لە کوردستان لەنێو پرۆسەی سیاسیدا دوژمنی سیاسی ھەیە نەک ڕکابەری سیاسی ، ھەموو کایەکانی ژیان بە چاویلکەی ئایدۆلۆجی حیزبی دەخوێنرێنەوە بۆیە ھەموو شتەکان بەھەڵگەڕاوەی دەبینرێن ( لە ئایدۆلۆجیا پیاوان و بارودۆخیان وەکو لە کامێرای ئۆسکیوڕا سەرە و ژێر دەردەکەون ، لەم بەراورد کردنەدا مەبەست ئەوەیە کەئایدۆلۆژیا وێنەیەکی ھەڵگەڕاوەی بابەتەکانمان نیشان دەدا) دروست لە کوردستان لەم دۆخەداین ھەموو شت بە ھەڵگەڕاوەی دەبینین.

بۆیە دەبێت ئەقڵی حیزب لە کوردستان لەوە تێبگات کە کۆمەڵگایەکی حیزبی دروست کراوە و بەردەوام لەڕێگای میدیاکانەوە خۆی بەرھەم دەھێنێتەوە، ئەمەش وای کردوە کۆمەڵگای تا ئاستی کەوتن و ڕق لێبونەوە بردوە، کەوتن چیە کە لەکاتی شەڕی داعش دا بەرپرس ھەبوە خۆشحاڵ بووە کە ھەولێر بکەوێت ، کەوتن چیە سلێمانی حەز بکات ڕێژەی کۆرۆنا لەھەولێر زۆربێت ، کەوتن چیە ھەولێر حەز بکات لە سلێمانی ڕێژەی مردن لە کۆرۆنادا زۆر بێت، یاخود ڕوداوێکی نەتەوەی ڕوودەدا لەئاستی کوردستانی گەورە کەچی لە ئاستی ھەرێمدا ناتوانرێ ڕای گشتی کوردستانی لەسەر دروستبکرێت بەڵکو ڕای حیزبی دروست دەبێت ئەویش بەمەرجێ لەبەرژەوەندی حیزب بێت، ئەمەش بەرەو کارەساتی ئەقڵی ئەخلاقیمان دەبات.

ئەگەر بمانەوێ ڕای گشتی کوردستانی دروست بکەین، دەبێت ئەم ئەقڵە حیزبییە بکرێتەوە، چونکە ئەم داخرانەی ئەقڵ جوان و ناشیرین ، نیشتمانی و نا نیشتمانی وەک یەک دەبینێت، ئەگەر ئێستا سەیری دۆخی سیاسی ناوچەکە بکەین لە دۆخێکی جیوە ئاسادایە و جێگیر نیە پلانێکی گەورە بۆ بچوکردنەوەی هەرێم هەست پێدەکرێت کەچی ئێمە بە گەمەی بچوکەوە سەرقاڵین ،بۆیە ڕای گشتی بێباکە و هاوڕا نیە دژی ئەو پیلانە ، ئەمەش بۆ پرۆسەی سیاسی ھەرێم و بەرە و پێشچونی بەربەستێکی گەورەیە.

چارەسەری ئەم دۆخە موستەحیل نیە بەڵام زەحمەتە، چونکە تاکو سیستەم و میدیا و پەروەردە، نەکرێنە کوردستانی ، ڕای گشتی لە کوردستان دروست نابێت، لەبەرئەوەی ئامرازەکانی دروستکردنی ڕای گشتی نەبونەتە کوردستانی و ناسنامەی تاک و کۆمەڵ، بۆیە لە کوردستان ھیچ ھێزێک بۆ ھیچ پرۆژەیەک ڕای گشتی لەتەکدا نیە ، ھەر حیزبەو خاوەنی ڕای داخراو و نەگۆڕی خۆیەتی جا پێویستە لەسەر حیزبەکان بەگشتی و ئەو حیزبانەی خۆیان بەخاوەنی پرۆژەی گەورە دەزانن دەبێ ئامرازەکانی دروستکردنی ڕای گشتی بەشێوەیەکی ئەقڵانی بخەنە گەڕ بۆ دروستکردنی ڕای گشتی کوردستانی.

بۆ ئەوەی پرۆژەکان و بیر و بۆچونەکانیان ببنە خەون و خەیاڵی ھاوبەشی گشتی، بۆ ئەمەش دەبێ ھەندێ شت بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی پرۆژەکان و بیروڕاکانی نەکەونە مەترسییەوە و پاڵپشتی ڕای گشتی بۆ دروستکات وەک پەرلەمانتارێکی سەنگافورا دەڵێ ( ئێمە پارەکانمان دەخەینە مەترسییەوە نەک بڕواکانمان ) کەواتە حیزبی خاوەن پرۆژە دەبێ کار لەسەر شکاندنی بەربەستەکانی دروستبونی ڕای گشتی بکات بۆ ئەوەی دەستی لەسەر دڵی ڕای گشتی بێت، نەک لەسەر بیری داخراوی حیزبێک، چونکە ئێستا ڕای گشتی مان نیە بەڵکو ڕای داخراوی حیزبمان ھەیە بۆیە ھیچ شتێ ناگۆڕێ کەواتە ڕای گشتی کوردستانییمان نیە بە ڵکو ڕای حزبی کوردستانیمان هەیە ئەمەش کارەساتە گەورەکەیە لە ئایندەدا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif