یان ترامپ یان ئەمریكا؟!

ليست هناك تعليقات

هێرش عبدلرحمن
-
ئەمە یەکێکە لە سلۆکۆنی ھەڵمەتی دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بۆیە ئەو چەند مانگەی ماوە تا ڕۆژی دەنگدان ترامپ ڕێگایەکی پر کێشەی لەبەردەمدایە، ئەگەر بە ئاسانی لە ڕابردوودا لەبەردەم دیموکراتەکان دەربازی بوبێت ئەم جارە زۆرینەی ئەنجومەنی پیران فریای ناکەوێت.

ھاتنی کۆرۆنا تەنیا ڤایرۆسێک نەبوو بۆ ترامپ، بەڵکو ئەوەی دروستی کردبوو لێی ڕوخاند، ئەو بەردەوام باسی زیرەکی خۆی دەکرد کە ئابوری ئەمریکای گەیاندووەتە لوتکە، لەوەدا ڕاستگۆبوو، ھەلی کاری باشی رەخساند و کۆمپانیا ئەمریکیەکانی ناچارکرد کار و کۆمپانیاکانیان بھێننەوە ناو ئەمریکا، ئەوە یەکێک لە شانازییەکانی ترامپە، بەڵام کۆرۆنا ئەو شانازیەشی لێ سەندەوە و ٤٠ ملیۆن کەسی بێ کارکرد!

ئەو کەیسانەی وەک خاڵی لاوازی ترامپ لە ھەڵبژاردنەکاندا ڕوبەروی ترامپ دەبنەوە:
ھەر پێش ھاتنی ترامپ وەک کەسێکی ڕەگەزپەرست تۆمەتباردەکرا، بەڵام بە بوونی بەسەرۆک ئەو کەیسە ڕونتر و تۆختر دەبینرا، کە ترامپ بەڕاستی کار لەسەر دابەشبونی ڕەنگەکان دەکات، چەند کارەساتێک ڕوویدا لەبری لۆمەکردن وەک لایەنگر دەرکەوت کە پەسەندی ئەو ھەڵسوکەوتانە دەکات، تازەترینیان کارەساتی کوشتنی " جۆرج فلۆید " بوو، جاریکی تر ئەمریکای گەڕاندەوە سەردەمی ململانێی رەش و سپی! ھەموو تیرەکان تۆمەت و ڕوو لە ترامپە، کە ئەمریکای بەو ڕۆژە گەیاندووە و کەسێکی ڕەگەزپەرستە.

کارێکی تری سەرۆک ئەوەیە سەردەمی ئەو زۆرترین پارە بۆ دەوڵەت کۆبکاتەوە، لەوەی پارەی دەوڵەت بەکاربێنێت بۆ کاتی قەیرانەکان کە ڕوبەروی دەبێتەوە. راکێشانی ئەو تریلۆن دۆلارانە کە دوور نیە بگاتە ٥ تریلۆن بۆ ڕزگارکردنی ئابوری ئەمریکا لە ڕمان یەکێک دەبێت لەو خاڵە لاوازانەی ترامپ کە لە ھەڵبژاردنەکاندا بەرۆکی دەگرێت.

ئەنجامی سەرژمیری ئەمساڵی ئەمریکاش لە بەرژەوەندی ترامپ نیە.
بەپێی راپۆرتی سەرژمێری ئەمساڵ کە لە ئەمریکا کرا ژمارەی لایەنگرانی دیموکراتەکان بە ئاستێکی زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش ترسی لای کۆمارییەکان دروستکردوە، دوور نیە ترامپ بە تویتێک بڵێ ئەو سەرژمیرییە ڕاست نیە و دەستکاریکراوە.
ژمارەی ئەندامانی دیموکراتەکان: ٤٥,٧١٥,٩٥٢
ژمارەی ئەندامانی کۆمارییەکان : ٣٣,٢٨٤,٠٢٠
دیموکراتەکان بەو سەرژمێرییە تازەیەی ئەمساڵ ١٢,٤٣١,٩٠٥ دەنگ لە پێش کۆمارییەکانەوەن، واتا مانگی ١١ ئەگەر تەواوی دیموکراتەکان بەشداری ھەڵبژاردن بکەن بەدەنگی گشتی بە جیاوازی ١٥ ملیۆن دەنگ ترامپ لە ھەڵبژاردنەکاندا شکست دێنێت.

ئێستا کۆمارییەکان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان پێیانوایە ترامپ شکۆی بۆ ئەمریکا گەڕاندووەتەوە و پێویستە بمێنێتەوە بۆ تێرمی دووەم، تا کارەکانی تەواو بکات. بەشێکی تریان وەک عەیبەیەک سەیری دەکەن، دوای ئەو لێشاوە خۆپێشاندانانە دەڵێن مانەوەی ترامپ ئەمریکایەکی وێران بە دوای خۆیدا دێنێت، بۆیە دەبێت تا کاتی ھەڵبژاردنەکان ترامپ موعجیزە بخولقێنێت ئەگینا ڕزگاربوونی ئەستەمە



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif