ئەمریکا بۆ ئەوە نەھاتۆتە عیراق تا بڕوات.

ليست هناك تعليقات


هێرش عبدلرحمن
-
ڕێككەوتنی ئەمجارەی نێوان واشنتۆن و بەغدا زیاتر بە پێداگیریی و لەسەرداوای واشنتۆنە . هۆكاری سەرەكی ئەمەش ئەوەیە تا بە شێوەی نووسراو ڕێككەوتنێكی درێژخایەن بكەن بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەم ڕێككەوتنە رێدەگرێت لە هەركەسێك كە داوای ڕۆیشتنی ئەمریكا بكات، چونكە ئیتر مانەوەی ئەو هێزانە بەرگێكی یاسایی وەردەگرێت. بۆ ناوخۆی ئەمریكاش دەسەڵاتدارانی واشنتۆن ئیتر دەتوانن وەلآمی رەخنەكان بەوە بدەنەوە كە ئەوە عێراقییەكانن داوای مانەوەی ئەمریكایان كردووە و، مانەوەكەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریكا گرنگە.

‏بەوردبوونەوە لەڕەشنووسی رێككەوتنەكە دەردەكەوێت كە چەند پاكێجێك لەخۆ دەگرێت و چەندین بڕگەی تایبەت و گرنگی تێدایە كە نەك بۆ ئەمریكا بەڵكو بۆ عێراق و هەرێمیش گرنگن. ئەو بڕگەو مەسەلانەی بڕیارە لە نێوان هەردوولاشدا باسبكرێت خۆی لە سی و سێ بابەتی جیاواز دەبینێتەوە كە ئەمە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی عێراق لە چەندین رووەوە بكەوێتە سەر سكەی خۆی.

 ‏واشنتۆن لای خۆیەوە بڕیاریداوە لە دوای ئەم دانوستاندنانەو رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئیتر هەوڵبدات بەهاوكاری حكومەتی نوێی عێراق سنوورێك بۆ گەندەڵی و دزە سیاسییەكان دابنێت و چیتر سامانی ولآتەكە بە تالآن نەڕوات. لە ماوەكانی پێشووتردا سیاسەتمەدارە عێراقییەكان بوونەتە مایەی دروستبوونی هەڵەی زەق و باجەكەی ئەمریكییەكان داویانە و سوودەكەشی بۆ رووسیا و ئێران  و توركیا بووە.

 ‏لایەنێكی باشی تری ئەم رێككەوتنە بریتییە لە رێكخستنەوەی كەرتی بانك و مووچە. لەماوەكانی پێشوودا پارەو سامانی ولآتەكە بە نەشارازایانە سەرفكراوە، بۆیە واشنتۆن چیتر نایەوێت وەك جاران داهاتی عێراق بە فیڕۆ بڕوات و بەشێكی زۆری لێ برواتە دەرەوە، هەرچەند ئەمریكا باشدەزانێت ئەوەی تا ئێستا لە عێراق بردراوەتە دەرەوە لە كوێیە.

 هەرچی پەیوەندیی بە مامەڵە كردن لەگەڵ مەزهەبە جیاوازەكانی عێراق هەیە ئەوانەی لە کاروباری عیراق کاردەکان بە پرۆژەو تیبینی پێشنیاری ئەوەیان کردوە کە کارکردن لەگەل مەرجەعیک کارەکانی ئەمریکا ئاسانتر دەکات دوای گفتوگۆکان ئەمریكا چیتر مامەڵە لەگەڵ هەموو سەركردەكانی شیعە ناكات و تەنیا لەمەودوا گرنگی بە سیستانی دەدات. لەمەش زیاتر ئەوەیە كە واشنتۆن رەنگە كارێک بكات بۆ دوورخستنەوەی چەند سەركردەیەكی شیعەكان تر تا لە مەیدانی سیاسییدا نەبینرێنەوە.!

هەرچی پەیوەندیی بە كوردەوە هەیە، ئەوا لە دوای ئەم رێككەوتنەوە واشنتۆن لەچوارچێوەی عێراقدا دان بە مافەكانی كورددا دەنێت و كوردیش مافەكانی پارێزراو دەبێت. هەر گۆڕانكارییەكیش بكرێت ئەوا هەرێمیش دەگرێتەوە و بە پلەی یەكەمیش كار بۆ كاڵكردنەوەی دەستی حزب و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت.

‏لەبەرئەوەی گەندەڵی زیانێكی زۆری لە عێراق داوە و سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانە، بۆیە ئەمریكا دەیەوێت بە نەهێشتنی گەندەڵی كۆتایی بە كێشەكانی عێراق بهێنێت و بەمەش پەیامێكی نوێی دەبێت كە پاراستنی گەلی عێراقە نەك سیاسییە گەندەڵەكان.

‏پەیامی كۆتایی واشنتۆن دوای ئەم دانوستان و رێككەوتنە نوێیە بۆ مانەوەی زیاتری ئەمریكایە لە ناوچەكە، كە ئەمە هەر دەبێت رووبدات چونكە ئەمریكا بۆ ئەوە نەهاتووەتە ناوچەكە تا بە زوویی چۆڵی بكات ئەمەش دەبێت سیاسییە عێراقییەكان لێی تێ بگەن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif