بەڵێن عزەت میکە
-
کێشەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونی ئەزموونی کیانی باشووری کوردستانەوە کێشەیەکی جدییە و ماوە ماوە زیندوو دەبێتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ قوڵبوونەوەی قەیرانی حوکمڕانیی.
چەندین جار هەوڵ دراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بێئاکام بوون و ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە کە کێشەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات.
ئێستا باسی گەرم بریتییە لە لە دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەم داواکاریی و پێشنیازە زیاتر کاردانەوەیە دژی دەسەڵاتی ناڕێکی هەرێم، پڕۆژە و پێشنیازێک نییە بۆ چارەسەر، چوونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناکرێت حکومەتی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەکان دابەشبکات.
ئەوەی سەرەوە وەڵامە کورتەکە بوو کە خەڵک بەدواییدا دەگەڕێت، بەڵام ئەو وەڵامە پشتی بە کۆمەڵێک بنەما و ئەساسیاتی فکری بەستووە کە لە سیستمە فیدراڵییەکاندا حسابیان بۆ دەکرێت.
کاتێک سیستمی وڵاتێک دەبێتە فیدراڵیی، واتا لامەرکەزیی سیاسیی دەدرێت بە هەرێمەکان، لامەرکەزیی سیاسییش واتا هەر هەرێمە و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و ئاڵای خۆی هەیە، ڕوونیشە کە سیاسەتی دارایی هەر هەرێمێک دەبێت حکومەتی هەرێمەکە دایڕێژێت، ئەمەش جەوهەری سیستمی فیتدراڵییە، چوونکە لە بنەڕەتدا سیستمەکە تەبەنی کراوە بۆئەوەی هەرێمەکان بەشێواز و ڕێگەی خۆیان ئیدارەی کەیسی دارایی بوارەکانی تری خۆیان بدەن.
موچەش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆی ئەو وڵاتانەی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، سەرەکیترین بەشی پرۆسەی دارایی وڵاتە، واتە هەر باسکردنێک لە دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ باسکردنیشە لە پرسی مووچەی مووچەخۆران، کەواتە بەپێی بنەمای کارکردنی سیستمی فیدراڵیی کە لە دەستووری عێراقدا چەسپیوە، هەرێمەکان بەرپرسن لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانیان بە پشتبەستن بەو بودجەیەی کە لە بەردەستدایە، جا لە حکومەتی فیرداڵییەوە دابین کرابێت یان لە داهاتە ناوخۆییەکان.
فەلسەفەی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی جەوهەری، چوونکە بەشێوەیەکی گشتی لە سیستمە فیدراڵییەکاندا هەر هەرێمە و لە ئاستێکی ئابووریدایە و داهاتی تاک و ئاستی بژێویی خێزان و تەنانەت بڕی مووچەکانیش جیاوازییان تێدایە، ئەوە بەڕونی لە عێراقدا دەردەکەوێت، بەگشتی بڕی ئەو مووچەیەی دەدرێت بە فەرمانبەرێک لە عێراق زیاترە لەو بڕەی دەدرێت بە هەمان فەرمانبەر لە هەرێم، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر جیاوازی ئاستی بژێویی خێزان و داهاتی تاک و مەسەلەی هەڵئاوسان و هەرزانیی و گرانیی لە بازاڕەکاندا، هەر لەبەر ئەمەش دەبێت هەر هەرێمە و سیاسەتی دارایی خۆی هەبێت و خۆی مووچەی فەرمانبەرانی دابەشبکات بەو سیستمەی دەستنیشانکراوە.
لەڕووی سیاسییەوە، ئێستا لە جیهاندا کەیسی ئابووری بووەتە سەرەکیترین پێوەر بۆ پێوانی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی دەسەڵاتەکان، کەواتە ئەگەر دابەشکردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە حکومەتی فیدراڵییەوە بێت، چ پەیوەستییەک دەمێنێتەوە لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتی هەرێمدا، فەرمانبەری نەخۆشخانەی لادێیەکی دوورەدەست مووچەکەی لە بەغداوە بێت چ پاڵنەرێکی دەبێت پەیوەستبێت بە بڕیارەکانی هەولێرەوە؟ ئەمە نموونەیەکی سادەکراوەی پرۆسەکەیە، قسە جدییەکەش ئەوەیە وەزیرێکی حکومەتی هەرێم ئەگەر مووچەکەی خۆی لە بەغداوە بێت و بچێت لە لقی بانکێکی عێراقیی وەربگرێت، چ دەسەڵاتێکی بەسەر ستافی نوسینگەکەی خۆیدا دەبێت تا چاوەڕێ بکەین ئەم هەنگاوە کێشەیەکی قوڵی ئیداریی و داراییمان بۆ چارەسەر بکات.
لێرەدا گرنگە بزانین، ئەو بنەما داراییەی لە سیستمە فیدراڵییەکاندا کاری پێ دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن هەرێمەکانەوە، ئەرکیش دەخاتە سەرشانی حکومەتی هەرێمەکان بە هەر جۆرێک بێت مووچەی مووچەخۆرانیان دابین و دابەش بکەن، چوونکە ئەوان بەرپرسن لێی نەک کەسیتر.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق