بەهاری بەپیت و زستانی سارد

ليست هناك تعليقات

زكری موسا
-
ئێرانییەكان لە دەستێوەردان لە عێراقدا لە پانزە ساڵی ڕابردوو لە ئەمەریكا كاریگەرتر بوون. ئەوان شارەزای وردەكارییەكانی عێراق و كێشەكان و پێكهاتەی ئایینی و تاییفی و نەتەوەیی عێراقن زیاتر لە ئەمەریكییەكان. بۆیەشە سەرباری ئەوەی ئەمەریكا عێراقی ئازاد كرد بەڵام ئێران دەستی بەسەر دامەزراوەكان و لایەنە سیاسییەكانیدا گرت.

ئێرانییەكان جگە لەوەی دامەزراوەی هەواڵگری و سەربازیی زۆروزەوەندیان هەیە لە هەمانكاتیشدا ناوەندە ئاكادیمییەكانیشیان توێژینەوەی زۆریان هەیە لەسەر كێشە و بابەتە هەنووكەییەكانی ناوچەكە. لەسەر دۆزی كوردیش كاری زۆریان ئەنجام داوە. بە تایبەت لەدوای ڕیفراندۆم ژمارەیەكی زۆری توێژینەوە و وتار لەسەر ڕیفراندۆم و هەرێمی كوردستان نووسراوە. بەشی زۆری لێكۆلینەوەكان لە خزمەتی سیاسەتی حكوومەتەكەیانە.

ماوەیەك پێش توێژینەوەیەكی دوو توێژەری ئێرانیم بە ناوی (استقلال خواهی كردی در عراق: تحلیل ساختارها و سناریوها.علیرضا خسروی،علی اكبر اسدی) كەوتە دەست كە لە ئینتەرنێت بڵاو كرابوو. لێكدانەوەیان بۆ دۆخی پاش ڕیفراندۆم سەرنجی ڕاكێشام. ئەوان چوار سیناریۆیان بۆ ئاییندەی هەرێمی كوردستان پێشبینی كردووە.

یەكەم: بەهاری بە پیت.. لەم سناریۆیەدا حكوومەتی عێراقی لاوازە. لایەنە عێراقییەكان سەرقاڵی ناكۆكییە سیاسی و تاییفییەكانیانن. عێراق بە دەست فەساد و گرفتی ئابووری دەناڵێنێ. سیادەی دەرەكی و ناوەخۆیی لاوازە. هێزە سەربازییەكانی عێراق لە ئاست پێویست نین. لە بەرانبەر دا لە هەرێم سەقامگیریی سیاسی و ئابووری هەیە. دامەزراوەكانی بە هێزن. لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوون. بەپێی بەرنامەی ستراتیژیی هاوبەش دیارە كە هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابووری بەرەو كوێ دەڕوات. لەم سیناریۆیەدا پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی هەرێمە. هەرێم هەوڵ دەدات ناوچە جێناكۆكەكان بگرێتەوە و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. ئەگەر هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان ڕێگرییان لە سەربەخۆیی كرد، هەرێم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق لە فیدڕاڵییەوە بۆ كۆنفیدڕاڵی دەگۆڕێت.

دووەم: هاوینی گەرم.. حكوومەتی عێراقی بەهێز بووەتەوە. شیعە و سووننە لەمەڕ داواكانی كوردستان هاوڕان و سەنگەریان لە كورد گرتووە. هەرێمی كوردستانیش بە هێزە. یەكگرتوویی لە گوتاری كوردەكاندا هەیە. هەرێم هێزی یەكگرتووی نیشتیمانیی هەیە. پارسەنگی هێزی هەردوولا وەك یەكە. هەولێر و بەغدا وەك یەك دۆست و هاوپەیمانی دەرەكییان هەیە. لەم حاڵەتەدا ناكۆكی و قەیرانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا فراوانتر دەبن و ئەگەری پێكدادانیش هەیە. 

سێیەم: پاییزی تۆفانی..حكوومەتی عێراقی لاوازە و سیادەی ناوخۆیی و دەرەكی نییە. ناكۆكیی تاییفی و سیاسی هەناسەی لە دەوڵەتی عێراق بڕیوە. كوردستانیش لاوازە، پەرتەوازەیی و ناكۆكی و قەیرانی سیاسی و ئابووری كوردستان ماندوو دەكات. عێراق لە دەوڵەتێكی بێسەروبەری هەڵوەشاوە دەچێت. ناكۆكییە سیاسییەكانی هەرێم وا دەكات لایەنەكان مل بنێنە دوو هەرێمی یان دوو ئیدارەیی. لەم حاڵەتەدا ناسەقامگیری سەرتاپای عێراق دەتەنێ و تیرۆر بەهێز دەبێتەوە و دەرگەیش بۆ دەستێوەردانی دەرەكی دەكەوێتە سەر پشت.

چوارەم: زستانی سارد.. حكوومەتی عێراقی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێز دەبێ. سیادەكەی دەگەڕێتەوە. تیرۆر كەم بووەتەوە. هێزە سەربازییەكانی عێراق پتەوترن لە جاران. شیعە و سووننە لەدژی كورد لە یەك سەنگەردان. لەبەرانبەردا كورد هەتا سەرئێسقان ناكۆكیی ناوخۆییان هەیە. دۆخی خەراپی ئابووری تەنگی بە هەموو لایەك هەڵچنیوە. هێزی پێشمەرگە و ئەمنی یەكگرتوو نین. لەم حاڵەتەدا حكوومەتی عێراقی حەز دەكات هەرێم نەمێنێ یان زۆر لاواز بێت و پێگەی بۆ پارێزگا داببەزێ. لەم ئەگەرەدا كورد بەدوای پاڵپشتی دەرەكی دەگەڕێت.

پاشان توێژەران دەڵێن: حكوومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە كار لەسەر ئەوە دەكەن و حەزیان لێیە، زستانی سارد بۆ كورد ڕوو بدات. عێراق و توركیا و ئێران هەوڵ دەدەن بەهار و هاوین و پاییز ڕوو نەدات. كوردیش خەون بە بەهارەوە دەبینێت.

ئەم توێژینەوەیە دەردەخات كە گەورەترین فاكتەری بەهێزیی كورد بۆ ئەوەی لە بەهار یا هاویندا بن دەگەڕێتەوە بۆ یەكگرتوویی كورد و پتەوبوونی دامەزراوەكانی.. پرسیار ئەوەیە ئێمە لە كام وەرزین یان بەرەو كام وەرز دەڕۆین؟ لەناو كورددا كێیە دەبێتە هۆكار بۆ ڕوودانی زستان؟ چیی بكرێت بەرەو بەهار بڕۆین؟


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif