بەرپرسانی هەولێر بەدوای بۆنە ناخۆشەكەوەن

ليست هناك تعليقات


چەند رۆژێکە ئەو بۆنی گازە کە سێ ساڵ زیاترە بەرۆکی هەولێر و دەوروبەری بەرنادات، گەڕاوەتەوە و جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، سەرچاوەی بۆنەکە رەنگە پاڵاوگە نایاساییەکان بن کەوتبێتنەوە کار، بەڵام هێشتا نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس و ئاسایش بەدوایدا دەگەڕێن.

لەنێو دانیشتووانی هەولێر ئەو بۆنی گازە بە "بۆنە ناخۆشەکە" ناسراوە. چەند رۆژێکە بەتایبەت لە شەواندا گەڕاوەتەوە و خەڵکی هەراسان کردووە. ساڵانی رابردوو لە بەدواداچوونی رووداودا دەرکەوت کە سەرچاوەی بۆنەکە کارکردنی پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوتن.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تیمی پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و ژینگە پێکهێنراون بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی بۆنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018 بڕیاری هەڵگرتنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچوو، بۆ ئەو مەبەستەیش دوو مانگ مۆڵەتیان بە خاوەن پاڵاوگەکان دا، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەندێکیان ماون.

لە هەرێمی کوردستان 28 پاڵاوگە یاسایین و مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان هەیە و 164 پاڵاوگەش نایاسایی و بێمۆڵەتن کە 106 پاڵاوگەیان لە هەولێرن، 28ـیان لە سلێمانی و 30 پاڵاوگەشیان لە دهۆکن و دیار نییە لەو ژمارەیە چەندیان داخراون.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی پێشتر بڕیاری داخستن و هەڵگرتنی پاڵاوگە نایاساییەکان دراوە، ئەگەر ئاشکرا ببێت هەر پاڵاوگەیەکی نایاسایی کاری کردووە، "تێکدەدرێت و خاوەنەکەشی دەدرێتە دادگا".

ئەو پاڵاوگانە سەرچاوەی گازی مەترسیدارن و کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دادەنێن و بۆنێکی ناخۆشیش بڵاودەکەنەوە. بۆ نەهێشتنی ئەو بۆنەش هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد.

ئەو گازانەی لەو پاڵاوگانە بەرزدەبنەوە بریتین لە H2S، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئەکاسیدی نایترۆجین، ئەوەیش بە گوێرەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان مەترسیدارن بۆ سەر کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ و تووشبوون بە شێرپەنجە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif