بەڵێن عزەت میکە
-
زوو زوو پرسی بوونی پەکەکە و ململانێکانی لەگەڵ تورکیا لە خاکی هەرێمدا، دەبێتە ڕۆژەڤی گەرمی گفتوگۆکان، بەداخەوە، لە زۆربەی بۆچوون و وتار و لێدانەوەکاندا کێشەی جەوهەری لە تێگەیشتن لە بابەتەکەدا هەیە، ئەمە وایکردووە تێگەیشتنێکی گشتی و واقعی لەبارەی پرسەکەوە نەبێت.
لێرەدا کۆمەڵێ بابەت هەیە کە بە گرنگی دەزانم بیانخەمەڕوو بۆئەوەی هەموومان هەموو دیوەکانی ئەو بابەتە ببینین.
یەکەم/ تەنها ٥ مانگ دوای دروستبوونی دەسەڵاتی باشووری کوردستان (حکومەتی هەرێم) یەکەم شەڕی خۆی دەستپێکرد، یەکەم شەڕی ئەم حکومەتەی لێرە دروستبووە، دژی پەکەکە بوو لە خاکی باشووردا، شەڕەکە چۆن بووە و چی بووە بابەتێکی ترە، بەڵام ئەو شەڕە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، حکومەتی باشووری کوردستان ئەوکاتەی کە دروستیش بووە ئەو خاکەی بەدەستەوە نەبووە کە ئێستا ئەڵێ پەکەکە داگیریکردووە، ئەوکات لە پەرلەمانی کوردستانەوە، دەنگ بە شەڕکردنی دژی پەکەکە دراوە و شەڕیشی دژ کرا و هیچ سوودیشی نەبوو، هەڵبەتە چەند جارێکی تر هەمان شەڕ دووبارە بوویەوە و پەکەکە لەجێی خۆی مایەوە و هیچ نەگۆڕا، مەسەلەی شەڕەکەی ساڵی ١٩٩٢ بە وردی لە یادەوەرییەکانی بەڕێز محەمەد ئەمین پێنجوێنیدا باسکراوە و هەوڵەکانی ڕێگری لەو شەڕەش خراوەتەڕوو، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت زیاتر لەوبارەیەوە بزانن.
دووەم/ گریمان پەکەکە هێزێکە گۆڕەپانەکەی باکووری کوردستانە، بە عەنتەری هاتووەتە باشووری کوردستان، وەرن با پرسیارێک بکەین، هێزێک هەیە ناوی پارتی ئازادیی کوردستانە، بەڕێز حسێن یەزدان پەنا سەرۆکایەتی دەکات، نزیکەی سێ هەزار چەکداری هەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ئێستا ئەو هێزە و سەرکردایەتییەکەی لە هەولێر و دەوروبەرین، مووچەش لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، ئیشی شەو ڕۆژیشیان دژایەتیکردنی حکومەتی ئێران و ئیستفزازکردنییەتی، ئادەی ئەوانەی دەڵێن پەکەکە بووە بە سەرئێشە بۆ هەرێم، بۆچی ناپرسن وەزارەتی پێشمەرگە چۆن مووچەی حزبێک دەدات کە هی پارچەیەکی تری کوردستانە؟ ئەگەر بیانووتان ئەوەیە شەڕی دژی داعش کردووە، خۆ پەکەکەش کەمی نەکردووە، بۆچی بۆ ئەمان مانەوە لە خاکێک کە خۆیان ئازادیانکردووە بە ڕەوا نابینن، بەڵام ئوتێلی پێنج ئەستێرە و مووچەی سێ هەزار چەکدار بۆ ئەوانی تر ڕەوایە؟
سێیەم/ ساڵی ٢٠١٧ شەهید سەرحەد ڤارتۆ کە ئەوکات وتەبێژی کەجەکە بوو هاتە سلێمانیی و لە چالاکییەکدا کە ئێمە لە ئەکادیمیا بۆمان ڕێکخستبوو میوانداریمان کرد، پێش چالاکییەکە پرسیاری ئەوەم لێ کرد کە خەڵک دایمە ئەپرسێت پەکەکە لە باشوور بەنیازی چییە، ئەو بە ڕوونی وتی "باشوور بەدەستی برا کوردەکانمانەوەیە، ئێمە خەبات دژی داگیرکاری دەکەین، ڕاستە تێبینیمان هەیە لەسەر حکومەتی هەرێم، بەڵام ئێمە هێشتا پارچەکانی ترمان ئازاد نەکراون، بۆیە نامانەوێ زیان بە ئەزموونی باشوور بگەیەنین"، ئەم قسەیە وەڵامی هەموو ئەو کەسانەیە کە وادەزانن پەکەکە بە مانەوەی لە هەندێ شوێنی باشووردا دەیەوێت زیان بە حکومەتی هەرێم بگەیەنێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەگەر بیەوێ زیان بگەیەنێت ڕێگەی تری زۆر ئاسانی لەبەردەمە، بەڵام ستراتیژی ئەو ئەوە نییە.
چوارەم/ کاتێ کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا هاتەئاراوە، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، بریتیبوو لەوەی هێزەکانی پەکەکە لە سنوری تورکیا بکشێنەوە و خاکی تورکیا بەجێبهێڵن، ڕوونیشە کە لەوێ کشانەوە دێنە خاکی هەرێمەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەوکات دەسەڵاتی هەرێم بەوە ڕازییبوو؟ تەنها لەبەرئەوەی داواکاری ئەردۆغان بوو؟..... کە ئەوکات رازیبووی بەوە، ئێستاش دەبێت ڕازیبێت و ئۆباڵەکەشی هەڵبگرێت.
پێنجەم/ عێراق و تورکیا ڕێککەوتنی ستراتیژییان هەیە، تورکیا دەتوانێت تا ٤٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە دژبەرەکانی، هەر لایەنێک بەڕاستی دژی دەستدرێژییەکانی تورکیایە دەبێت داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە بکات، بەتایبەتی ئێستا کە وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆمار کوردن و سەرۆک وەزیرانیش نزیکە لە سەرۆککۆمارەوە، نەک داوای ئەوە بکەن پەکەکە خاکێک چۆڵ بکات کە پێش دامەزرانی حکومەتی هەرێم بەدەستیەوە بووە.
تێبینی/
١- دەستەواژەی باشووری کوردستان جیاوازە لە دەستەواژەی هەرێمی کوردستان، پەکەکە لە باشووری کوردستان هەیە و هەبووە، باشووری کوردستانیش کۆنترە لە حکومەتی هەرێم.
٢- شەهید سەرحەد ڤارتۆ، زۆر جار دەهاتە سلێمانی، چەند جارێک لە ئەکادیمیا بەشدار دەبوو لە چالاکییەکانمان، بەداخەوە لە بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیادا لەسەر سنور شەهیدبوو، گۆڕی پڕنوربێت.
٣ – گرنگە فشار بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە، چوونکە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەوە ئارامیی لە سنورەکان نایەتەئاراوە ئەگەر پەکەکە و هیچ کەسی تریشی تێدا نەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق