تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە سلێمانی، هیوا دەگەڕێنێتەوە بۆ تووشبووان

ليست هناك تعليقات


ئامارەکانی تووشبوون و گیانلەدەستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندان، بۆیە تەندروستیی سلێمانی شێوازێکی نوێی سوودوەرگرتنی لە پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنای راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی چەندین جار داوای لە چاکبووانی کۆرۆنا کردووە سەردانی بانکی خوێن بکەن، بۆی ئەوەی خوێنیان ببەخشن، تاوەکو بتوانن پلازماکەی جیابکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی دیکەی کۆرۆنا سوودی لێ وەربگرن.

دکتۆر هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی  راگەیاند "رێژەی تووشبوون و ئەوانەی نیشانەی قورسی پەتای کۆرۆنایان هەیە زۆرە، بۆیە دەمانەوێت لەمەودوا پلازمای یەک چاکبوو، لەجیاتی ئەوەی بۆ یەک نەخۆش بەکاری بهێنین، ریژەکەی زیاد بکەین، واتا پلازماکە بۆ سێ نەخۆش و زیاتریش بەکاربهێنین".

"ئەم رێگەیە زانستییە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێ کراوە"، دکتۆر هێرش هەروەها دەڵێ "ئێمە لە سلێمانی وەکو یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی کوردستان ئەم تاقیکردنەوەمان دوێنێ ئەنجامدا و سەرکەوتووش بوو".

دکتۆر هێرش جەخت دەکاتەوە لەوەی "لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، ئێستا تووشبوو بەحاڵەتی زۆر قورسەوە هەن، کە دۆخی تەندروستییان زۆر ناجێگیرە، سەرەڕای بەکارهێنانی سەرجەم پرۆتۆکۆلەکان و پلازماش".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا (کاتژمێر 10:40ـی بەیانیی سێشەممە، 23-6-2020) 2955 کەس لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 2112 کەسیان ئاکتیڤ کەیسن، واتا ڤایرۆسەکە لە جەستەیان چالاکە، هەروەها 98 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif