سندووقی دراو پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان دەخاتەڕوو

ليست هناك تعليقات

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، ئابووری جیهان ئەمساڵ 4.9% پاشەكشە دەکات، بەڵام ئەگەری هەیە گۆڕانکاری بەسەر پێشبینییەکانیاندا بێت و دەڵێ، لە گەری روودانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، گەشەی ئابووریی جیهان زیاتر دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر بێتو پێشکەوتنی بەرچاو لەڕووی تەندرووستییەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی ڤاکسین رووبدات یان چالاکییە بازرگانییەکان دەستپێبکەنەوە، پێشبینیی بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان دەکەن.

ناوەڕاستی مانگی نیسان سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان هەڵگەڕاندەوە و رایگەیاند، گەشەی ئابووریی جیهان 3% پاشەکشە دەکات، کە ئەمەش گەورەترین پاشەکشەی ئابووری بوو لەدوای ساڵی 1930؛ لە راپۆرتی پێشووتریشیدا کە لە مانگی کانوونی دووەم بڵاویکردبووەوە، پێشبینیی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان لەمساڵدا بە 3.3% جێگیرکردبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیران، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو راپۆرتێکی نوێی لەبارەی گەشەی ئابووری بڵاوکردەوە کە بەراورد بە راپۆرتی پێشووی رەشبینیی زیاتری پێوە دیارە. ئەو ئاژانسە رایگەیاندووە، سەرەڕای پاشەکشەی ئابووری لەمساڵدا بە رێژەی 4.9%، هاوکات لە ساڵی 2021یش گەشەکردنی ئابووریی جیهان تەنیا 5.4% دەبێت، لەکاتیكدا لە پێشبینییەکانی راپۆرتی پێشوویدا بە 5.8% خەمڵاندبووی. 

پێشتر سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداریی دابوو لە پاشەکشەی ئابووری، هاوشێوەی پاشەکشە ئابوورییەکەی ساڵی 1930 کە ماوەی 12 ساڵی خایاند، ئەوەی رەشبینیی زیاتری لەبارەی گەشەی ئابووری دروستکردووە کەمبوونەوەی دابەزینی ئاستی دابینکارییە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ، هەروەها کەمبوونەوەی خواست لەسەر کەلوپەل و پێداویستی بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی گەشەی ئابوورییە.

ئەو وڵاتانەی هەوڵی جددی دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ درێژدەکەنەوە، گەڕانەوەی گەشەی ئابووری بۆ وڵاتەکەنیان بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، درێژخایەن دەبێت.

سەبارەت بە بەکاربردن، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێت، چالاکییە ئابوورییەکان لە زۆربەی کەرتەکان دادەبەزن، هۆکاری ئەمەش رێکارەکان و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتین، لە ئەنجامی ئەمەش شۆکێک لە بەکاربردن روودەدات.

راپۆرتەکەی IMF باس لەوەش دەکات، بە بەردەوامی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوزەرانی خەڵک بەرەو خراپی دەچێت و دەرفەتەکانی کار زەحمەت دەبن و نادادپەروەری پەرە دەسێنێت.

لە راپۆرتی مانگی نیسانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراودا باس لەوە کرابوو، لە ساڵی 2020 ئابووریی جیهان هەشت ترلیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت، بەڵام لەم راپۆرتەیدا پێشبینی دەکات کە کۆی زیانەکان بگاتە 11 ترلیۆن دۆلار، هاوکات دەستێوەردانی بانکە ناوەندییەکان بە خستنەڕووی پارەی کاش و راگەیاندنی پاکێجی هاندانی ئابووری لەلایەن وڵاتان، قەبارەی زیانەکانی کەمکردووتەوە؛ بەڵام بۆ هەندێک وڵات لە ئەنجامی قەرزکردنی پارەی زۆر دەیانخاتە نێو قەیرانی قەرز و سستیی چالاکیی ئابووری.

ئەمریکا کە خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهانە، بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، کۆی بەرهەمی ناوخۆی لەمساڵدا 8% پاشەکشە دەکات، کە بەراورد بە پێشبینیی پێشووی، پاشەکشەکە 3.1% زیادیکردووە. ئابووریی ناوچەی یۆرۆش کە پێشتر پێشبینی دەکرا 8.7% پاشەکشە بکات، بەگوێرەی راپۆرتە تازەکەی IMF بەرزدەبێتەوە بۆ 10.2% و لە ساڵی داهاتووشدا 6% گەشەدەکات.

سەبارەت بە ئابووریی چین، ئەو ئاژانسە پێشبینیی ئەوەی کردووە، ئابووری ئەو وڵاتەی ئاسیا بەهۆی سیاسەتی هاندانی ئابووری 1% گەشە بکات. هاوکات ئابوورییە گەورەکانی ئەمریکای لاتین وەکو بەرازیل و مەکسیک کە خاوەن سیستەمێکی تەندروستیی پێشکەوتوو نین، بە تووندی کەتوونەتە ژێر کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆیەوە ئابوورییەکانیان بە رێژەی 9.1% و 10.5% دادەبەزێت.

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دوو سیناریۆش دەخاتەڕوو؛ لە یەکەمیاندا دەڵێ لە سەرەتای ساڵی 2021 ڤایرۆسێکی دیکە بڵاودەبێتەوە و بەهۆیەوە چالاکییە ئابوورییە ناوخۆییەکان دەوەستن. لە سیناریۆکەدا پێشبینی دەکات، بازاڕە داراییە تازە گەشەکردووەکان زیانی زیاتریان بەربکەوێت بەراورد بە ئابوورییە پێشکەوتووەکان. لەو ئەگەرەشدا، ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی 2021 بە رێژەی 4.9% لە خوار کەمترین رێژەی بەرهەمهێنانی ئاسایی دەبێت و لە ساڵی 2022ش لە خوار کەمترین رێژەی بەرهەمهێنانی ئاسایی دەمێنێتەوە.

لە سیناریۆی دووەمدا ئاژانسەکە دەڵێت؛ ئەگەر گەشەی ئابووری خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرێت رووبدات، ئاستی بەرهەمهێنانی جیهان لەمساڵدا 0.5% باشتر دەبێت لە کەمترین رێژەی بەرهەمهێنانی ئاسایی و لە ساڵی 2021یش 3% لە سەرووی کەمترین رێژەی بەرهەمهێنانی ئاسایی دەبێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif