گوتەبێژی پەیەدە: تێروانینی سیاسیی هاوبەشی زۆر گرنگ بەدەستهاتوون

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی پەیەدە بە گرنگییەوە لە رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت و دەڵێت، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان 
پێویستمان بە یەکێتیی نەتەوەیی هەیە. هەروەها پێیوایە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی دهۆک دەبێت دەسەڵاتێکی سیاسی پێکبێت کە ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی لەخۆبگرێت.

سەما بەکداش، گوتەبێژی پەیەدە بە ڕووداو راگەیاند، قۆناخی ئێستا هەستیارە و ئەو هەنگاوەی پێیگەیشتین جێگەی دڵخۆشییە؛ پێویستمان بە یەکێتیی نەتەوەیی هەیە بۆئەوەی دەستکەوتەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دامەزراندنی هەسەدە بپارێزین و بەهێزتری بکەین. 

سەما بەکداش پێیوایە ئەو رێککەوتنە پێویست بوو. ئەو دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمی دانوستاندنەکاندا هەندێک ئامانجی ستراتیژی هەبوون و "تێروانینی سیاسیی هاوبەشی زۆر گرنگ بەدەستهاتوون".

لە سەرەتای ساڵی 2018دا تورکیا و هەندێک لە هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر عەفرین و دوای دوو مانگ لە شەڕکردن ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنتڕۆڵکرد، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون. 

لە تشرینی یەکەمی رابردوویشدا تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر ناوچەی سەرێکانی و هەندێک شوێنیان کۆنتڕۆڵکرد و ئەو ئۆپەراسیۆنەش دەیان هەزار کەسی دیکەی ئاوارەکرد. سەما بەکداش گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا بابەتی هاونیشتمانیانی عەفرین و سەرێکانی و ناوچەکانی دیکە گفتوگۆکراوە. 

گوتەبێژەکەی پەیەدە لەبارەی قۆناخی دووەمی دانوستاندنەکانەوە گوتی، راستە قۆناخی دووەمی دانوستاندنەکان بێ کێشە نابن، بەڵام قۆناخی یەکەم زۆر گرنگ بوو، چونکە قۆناخی دروستکردنی متمانەبوو لە نێوان هەردوو لایەندا. هەربۆیە دروستبوونی متمانەکە وادەکات، بتوانرێت هەرکێشەیەک چارەسەربکرێت کە دەکرێت لە قۆناخی دووەمدا بێتەپێشەوە. 

سەما بەکداش پێیوایە لە قۆناخی سێیەمدا دەبێت دەسەڵاتێکی سیاسی پێکبێت کە ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی لەخۆبگرێت و ئەوەش لەسەر بنچینەی رێککەوتنی دهۆک دەبێت. 

لەبارەی بەشداریکردنی لایەنەکان، لەوانەش ئەنەکەسە، لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەکداش گوتی، لە داهاتوودا لەو بارەوە گفتوگۆدەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر نەهێشتنی کەموکورتییەکان دەکرێت.

رۆژی چوارشەممە 18-6-2020 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق بە بەیاننامەیەک بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پشتیوانی لە رێککەوتنی سیاسی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا و پارتی یەکێتی دیموکراتی کرد و رایگەیاند، هەردوو شاند دووپاتیانکردەوە کە رێککەوتنی دهۆک دەکەنە بنەمای دانوستاندنەکانی تایبەت بە دروستکردنی یەکڕیزی نێوانیان.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە راگەیێندراوەکەیدا کە تایبەت بوو بە دانوستاندنەکانی ئەنەکەسە و پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنە هەنگاوێکی گرنگە بەئاراستەی تێگەیشتنی زیاتر و هاوئاهەنگی پراکتیکی و ئەوەش لەبەرژەوەندیی خەڵکی کورد و هەموو سوورییەکاندا دەبێت.

باڵیۆزخانەکە ئەو تێگەیشتنە بە هێمایەک بۆ هەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەی هاوئاهەنگیی سیاسیی زیاتر لەنێوان گرووپە سیاسییە کوردییەکانی سووریا دەزانێت، ئەوەش بە پاڵپشتیی ئەمریکا.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif